ناسناوێکی تایبه‌ت لۆ مرۆڤێکی شاز، که‌سایه‌تیه‌کی ساز و سازگار، پاک وه‌ک شیری ناو گوڵه‌گه‌نمی پێنه‌گه‌یوو، کوردگۆته‌نی: مه‌رهه‌می سه‌ربرینان. شه‌هید فه‌خره‌دین کوڕه‌گچکه‌ی بابه‌ و براخنجیله‌ی پاشه‌به‌ره‌ی ناو بنه‌ماڵه‌که‌یان بوو، کوڕه‌ هه‌ژارێک پڕاوپڕ له‌جوانی و جوامێری، سه‌رڕای گجیله‌یی و ڕوحپه‌ره‌یی به‌ڕاستی به‌رخی هه‌مووان بوو، له‌چه‌ند ویستگه‌یه‌کی کورت ئاشنای ده‌بین. .

گوێچکه‌جاش. .

له‌هێرشی سه‌ر ڕه‌بایه‌که‌ی گرتنی سه‌ری ڕه‌ش و کۆشکی سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕ له‌کۆتای مانگی یه‌که‌می ساڵی 1988 له‌و شه‌وه‌ سارد و توشه‌دا ده‌سته‌ی هێرش بوو وه‌ک فه‌رمانده‌ی که‌رتێکی تیپی 93ی کۆیه‌. ئاوڕی داوه‌ و به‌پێشمه‌رگه‌ ئه‌سوه‌دی حاجی مه‌لای گۆت: کاک ئه‌سوه‌د ده‌بی ئه‌وجاره‌ دوو سێ گێچکه‌ جاش لۆ داکی ئه‌بوزێدی ببمه‌وه‌! ناکاوێک گوله‌یه‌ک پێکای له‌برینێکی سه‌خت و دژواردا دواهه‌ناسه‌ی به‌خشیه‌ دایکی کوردستان.

په‌لاماری سه‌گه‌که‌. .

ئه‌وساته‌ی شه‌هید به‌رخه‌ و ئه‌سوه‌د چوونه‌ ماڵی ئه‌بوزێد سه‌گه‌که‌یان په‌لاماری دا و تاقمه‌که‌ی گرت شه‌هید به‌رخه‌ی به‌رداوه‌! داکی ئه‌بوزێد گۆتی: جا کوڕم ئه‌تو ئه‌و سه‌گه‌ به‌ریدایه‌وه‌ کو به‌ری جاشان ده‌گری له‌شه‌ڕێ؟ شه‌هید فه‌خره‌دینیش گۆتی: به‌خوای پورێ وام مه‌بینه‌ گچکه‌لۆکه‌م سه‌گه‌که‌تان به‌ری دامه‌وه‌ به‌س وه‌عد بی له‌چالاکی ئه‌وجاره‌ گێی دوو سێ جاشت لۆببڕم و لۆ بهینم تابزانی ئه‌من کوم!

قه‌یوان ماوه‌ت. .

له‌ناو سه‌نگه‌ره‌که‌ی یه‌که‌می پێشه‌وه قرقره‌ی ده‌دا و ئارامی لێبڕابوو، سه‌فین عومه‌ر هێوری ده‌کرده‌وه:‌ هه‌نده‌کی دیش خۆت ڕاگره‌‌، لێیان گه‌ڕێ با لێمان ڕه‌تبن ئه‌وجا ته‌قه‌یان لێده‌که‌ین. دوای بڕیارێکی خێرا هه‌ستا سه‌رپێوه‌ به‌سه‌ڵیه‌ جاشه‌کانی ڕشاند وه‌ک گه‌رای داری به‌ری دانه‌وه‌ هه‌رله‌وێ گوله‌کی به‌شانی که‌وت و برینداربوو.

سه‌ر‌تیپی داهاتووی 93. .

سه‌رکانیه‌پیاوانی گوندی کاولان کۆمه‌ڵی پێشمه‌رگه‌ی کۆکردبۆووه‌ له‌پشوێکی پێش نیوه‌ڕۆدا، شه‌هید به‌رخه‌ لای کردمه‌وه‌ و گۆتی: پورزا لۆ باسی منت کردیه‌؟ چونکه‌ له‌بنه‌چه‌دا بابی و نه‌نکم پورزابوون. ئه‌منیش پێکه‌نیم گۆتم: ئه‌کید به‌خراپه‌ نیه‌؟ له‌ژێر سمێره‌ ته‌نک و باریکه‌که‌یه‌وه‌ پێکه‌نی گۆتی: چوزانم باسی منت کردیه‌؟ ئه‌و قسه‌ت له‌کێ هینا فه‌خره‌دین سه‌رتیپی داهاتووی 93 ی کۆیه‌یه‌؟ زۆر پێکه‌نیم: که‌س وای نه‌گۆتیه‌ به‌س ئه‌من وای لۆ ده‌چم چونکه‌ ئه‌تو پێشمه‌رگه‌کی ئازای چالاکی، خواستی فه‌رمانده‌یی و دێرینی له‌خه‌بات، ناسراوی لای مام جه‌لال و ئاسان ده‌بیه‌ سه‌رتیپ چونکه‌ هه‌موو سه‌رکردایه‌تی ده‌تناسی، جگه‌ له‌وانه‌ش خۆشه‌ویستی ناو پێشمه‌رگه‌کانی، بوێری و خۆت لێده‌ده‌ی وه‌ک که‌سانی که‌مۆ نی خۆت بدزیه‌وه‌! پێکه‌نی گۆتی: ڕایه‌کانت لای من گرینگن له‌قه‌یوان ماوه‌ت محه‌مه‌د حه‌مید پێیگۆتم هه‌ر له‌درم دابوو بزانم تاقانه‌ ئه‌و قسه‌ی له‌کێ هینایه‌!

فه‌رمانده‌ی که‌رتی مام جه‌لال. .

هه‌ر که‌هاته‌ خوارێ له‌سه‌رکردایه‌تیه‌وه‌ ته‌شکیلاتی تیپی 93 ی کۆیه‌ کرا براده‌رانیش شه‌هید به‌رخه‌یان به‌فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ دانا، یه‌کسه‌ره‌ مام جه‌لال بروسکه‌یه‌کی کرد: ئێمه‌ فه‌خره‌دینمان به‌ئامیرکه‌رتی ناردووه‌ بۆ ده‌شتی کۆیه‌! براده‌رانیش به‌خۆیان داچوونه‌وه‌ کردیانه‌ جێگری که‌رت و هه‌رماوه‌کی که‌م له‌گه‌ڵ شه‌هید قاسم محه‌مه‌د پێشبڕکێی گرتنی ڕه‌بایه‌کانیان بوو شه‌هید به‌رخه‌یان کرده‌ فه‌رمانده‌ی که‌رت. خۆی له‌ کۆتایی حه‌فتاکانه‌وه‌ له‌ده‌سته‌ی سکرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بوو کاتی گفتۆکانی ساڵانی 84 و 85 ڕاننده‌ی ماشێنی تایبه‌تی مام جه‌لال بوو. زۆر جار خه‌ڵکه‌ که‌ ئومێدی گه‌یشتن به‌ئه‌نجامی ڕێکه‌وتنیان له‌پێکه‌نینی شه‌هید به‌رخه‌وه‌ ده‌دیت.

برینداربوون. .

ئاسایی بوو برینداربوونی مادام هه‌میشه‌ ده‌سته‌ی هێرش و پاشکۆی کاتی شکان بێ! کێ هه‌یه بڕوانا‌مه‌ی ئازایه‌تی پێنه‌دا؟ ئه‌وه‌نده‌ خۆنه‌ویست و دلێر بوو هه‌مووان له‌ئاستیدا سه‌رسام و گوێگری ده‌بوون. ئه‌و فه‌رمانده‌ بوێره‌ی دوێنی مه‌شخه‌ڵێکی شۆڕشی نوێی ئه‌مجاره‌مانه‌ هه‌رده‌م ده‌گه‌شێته‌وه‌.

                     

                           Dlshadtakana@yahoo. com