مه‌سافه‌. .

هه‌رچه‌نده‌ وشه‌که‌ عه‌ره‌بیه و خۆم دژی نوسینه‌وه‌یم له‌وێژه‌ی کوردی به‌ڵام لێره‌ ناچارم وه‌ک خۆی چونکه‌ باشوری کوردستان بن ده‌سته‌ی عێراقی عه‌ره‌بی بووه‌ وشه‌کانیان وه‌ک تورکی له‌باکور و فارسی له‌ڕۆژهه‌ڵات تێکه‌ڵ به‌بیر و زاری کلتوریمان بووه‌. هاوبه‌ندێکی ستراتیجی پێشمه‌رگایه‌تی بوو ڕۆژانه‌ وه‌کو تاکتیک پیاده‌ ده‌کرا، پێشمه‌رگایه‌تی وه‌ک شێوازێکی پارتیزانی هێزه‌کانی خۆی ڕێکده‌خست مه‌به‌ست لێی نیشاندانی هێزه‌کی بچوک به‌پچڕاوی و درێژکراوه‌یی وه‌ک هێزێکی گه‌وره‌، که‌مکردنه‌وه‌ی زیانه‌کان کاتی که‌وتنه‌ سه‌رکه‌مین به‌له‌ده‌ست دانی که‌مترین پێشمه‌رگه‌، دروستکردنی پرنسیپی جوڵه‌، خستنه‌وه‌ی به‌ئاگایی و هۆشداری هێزه‌که. . . تاد چه‌ندین هۆکاری دیش هۆی دروستکردنی وه‌رگرتنی مه‌سافه‌بوو له‌نێوانی یه‌کینه‌ و دووینه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له‌ڕاگوزه‌ری پێشمه‌رگایه‌تیدا. فه‌رمانده‌کان زۆرینه‌ی جار ڕێکخه‌ری ئه‌و نێوانه‌ی پێشمه‌رگه‌کان بوون له‌شه‌و و ڕۆژدا هه‌میشه‌ وه‌ستان و چاوه‌دێری گه‌یشتنی دوا پێشمه‌رگه‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرت، دوور له‌ئێستا ئه‌وسا فه‌رمانده‌ له‌خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌کانی دابوو! زۆرجار ئه‌و مه‌سافه‌یه‌ تێک ده‌چوو له‌کاتی هاتنه‌ پێشی ڕووداوێکی سه‌یر! وه‌ک له‌بانووی تاڵه‌بانی ده‌شتی کۆیه‌ به‌ره‌و گوندی ئیلینجاغ مه‌سافه‌ نه‌ما و پێشمه‌رگه‌کانی که‌رتی یه‌کی تیپی 93 ی کۆیه‌ له‌توێته‌ پیکابێک ئاڵان ڕاننده‌که‌ی کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی ته‌سلیم بۆوه‌ بوو به‌ناوی پرته‌قاره‌ قۆڕ! سه‌یره‌ قسه‌ قسه‌ی ڕاده‌کێشی ئه‌و پرته‌قاره‌ قۆڕه‌ کوڕه‌کی ڕه‌شتاڵه‌ی بۆر بوو که‌بووه‌ پێشمه‌رگه‌ داوای له‌براده‌ره‌کانی کرد ناوێکی پێشمه‌رگانه‌ی لۆ هه‌ڵبژێرن تا نه‌ناسرێته‌وه‌ وه‌ک ناوی خه‌بات، ئه‌وانیش دوو براده‌ری به‌زمگێڕبوون یه‌کیان ده‌یگۆت: ناوت لێده‌نێم ڕه‌نجده‌ر، ئه‌وی دی ده‌یگۆت: نا دلێر، ئه‌وی یه‌که‌م ده‌یگۆته‌وه‌: باشتره‌ توانا، ئه‌وی دووه‌م ده‌یقۆسته‌وه‌: نانا پاڵه‌. . . . ئیدی کابرا سه‌ری لێ شێوا نه‌یده‌زانی چی هه‌ڵبژێرێ هه‌رچه‌نده‌ هیچ له‌ناوه‌کان له‌گه‌ڵ سیمای نه‌ده‌گونجا ئه‌و چرکن و بۆر ناوه‌کانیش نه‌سته‌له‌یی کوڕی ژیکه‌له‌ی شار! دواتر ڕووی له‌پێشمه‌ر‌گه‌ کاک سه‌باح عبدورحمان ئه‌لنعێمی کرد (دیاره‌ خوا لێی گۆڕی بوو) خاره:‌ ده‌ئه‌تو ناوه‌کم لۆ هه‌ربژێره‌؟ ئه‌ویش گۆتی: ناوت لێده‌نێم پرته‌قاره‌ قۆڕ! هه‌موو پێکه‌نین له‌ناو مزگه‌وته‌که‌، کوڕه‌ گۆتی: توخوا خاره‌ سێوه‌ ئه‌وه‌ ناوه‌؟ کاک سه‌باحیش گۆتی: لۆ برام چ قه‌یدیه‌ ئه‌من ناوم سێوه‌ قۆڕه‌ با ئه‌توش ناوت پرته‌قاره‌ قۆڕ بی! هه‌نده‌ی دی حریته‌ی پێکه‌نین تریقه‌ی داوه‌. ئینجا له‌و بانووی تاڵه‌بانه‌ مه‌سافه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌کان تێک چوو هه‌مووی که‌وتنه‌ سه‌ریه‌ک هه‌ریه‌که‌و سڵاوی لێ ده‌کرد و ده‌ستی لۆ ده‌برد تۆقه‌ی له‌گه‌ر بکا یا نوقورچه‌کی لێبدا: پرته‌قاره‌ قۆڕ چۆنی؟ ئای ئه‌وه‌ پرته‌قاره‌ قۆڕه‌؟ ئه‌رێ پرته‌قاره‌ قۆڕ کوی؟ کابراش خه‌ریک بوو درکی له‌کونه‌که‌پووی بێته‌ ده‌رێ به‌ته‌رناش به‌توێته‌کا هه‌ستا وهاواری کرد: داکتان بگێم ئه‌من له‌ڕقی ئه‌و ناوه‌ ته‌سلیم بوومه‌وه‌ وازم لێ بینن و ڕۆیی هه‌مووانی له‌خرتوو خۆرێ وه‌ردا.

                     

                           Dlshadtakana@yahoo. com