دیموكراسی له تیۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین! -به‌شی چوار . ...ئاریتما موحه‌ممه‌دی
- Details
- Parent Category: نووسەرەکان
- ئاریتما موحەممەدی
- Hits: 413
چه‌مكی سیاسیی داخراو؛
له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی كه سیسته‌مێكی نا جڤاكیی ڕێكخراو و جێكهوتووه و پێڕه‌وی له ئهقڵییهتێكی داخراوی سیاسیی ده‌كات، دەسەڵات خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا به‌و سیسته‌مه ڕادێنێ و هێدی هێدی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ش ده‌بێته كۆمه‌ڵگایه‌ك كه دیكتاتۆر و سیسته‌می داخراو به‌رهه‌م بهێنێت، واتا خودی كۆمه‌ڵگا و خه‌ڵك له درووست كردنی سیسته‌می چه‌وتدا ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تیی ده‌گێڕن، چونكه كاتێ كه كولتووری كۆمه‌ڵگا داكۆكی له‌بوونی خۆی ناكات، په‌روه‌رده‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیی و ده‌روه‌ست به چه‌مكێكی داخراوی سیاسیی جێی ده‌گرێته‌وه و حوكوومه‌تێكی چه‌وت و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیش پێك دێ كه گه‌ل و كۆمه‌ڵ ده‌كاته قوربانی مانه‌وه‌ی خۆی. بۆ نموونه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه نه‌ته‌وه‌ی كوردی‌یان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، سیسته‌مه‌كه‌یان هه‌م دواكه‌وتووه و هه‌م ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست و هه‌م دیكتاتۆرییه. ڕەگهزپەرەست بەو واتایە ديت کە بەهەموو چەشنێک لە دژی ناسنامەی جیاواز لە ناسنامەی فەرمی وڵات هەڵوێست وەردەگرن و هەوڵ بۆ پەراوێزخستنی دەدەن و ڕێ لە گەشانەوەی کو‌لتووریی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست ده‌گرن. ئاماژه؛ وڵاتی ئێران یه‌كێ له‌و وڵاتانه‌یه كه كۆمه‌ڵه‌كه‌ی یه‌كێ له هۆكاره‌كانی جێگیربوونی سیسته‌می دیكتاتۆریین، له ده‌سپێكی شۆڕشی گه‌لانی ئه‌و وڵاته‌دا له سه‌ددا نه‌وه‌دی خه‌ڵك ده‌نگیان به‌م ڕژیمه‌ی ئه‌مڕۆی ئێڕان داوه و به‌رده‌وام پارێزگاری‌یان له بنه‌ماكانی ئه‌و ڕژیمه كردووه و هه‌نووكه‌ش ئه‌و ڕێژه له خه‌ڵك كه دژی سیسته‌می كۆماری ئێرانن به‌ده‌ر له كوردستان و بهلهجووستان كه‌مینه پێك ده‌هێنن. یانخود له وڵاتێكی دیموكراسیی وه‌ك ئه‌مریكا ته‌نیا دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌توانن له گه‌مه سیاسیی، ئابووریی و كولتورییهكاندا ڕۆڵ بگێڕن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ دابنێن.
له ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵات كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر گه‌ل داده‌نێ و كۆمه‌ڵیش به‌رده‌وام به‌هۆی یاری سه‌رمایه‌دارییه‌وه ده‌چه‌وسێته‌وه و هه‌ست به درز و كێشه‌ی قووڵ و بنه‌ڕه‌تیی له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌مریكا ده‌كات. جیاوازیی چینایه‌تیی له‌و وڵاته له لووتكه‌دایه و به‌ده‌ر له‌و كێشه و به‌ربه‌ستانه‌ی ژیان، سیسته‌م و چه‌مكی مه‌زنخوازیی لیبڕاڵیی ڕێگره لهوهكه ئه‌قڵییه‌ت و بۆچوونێكی دیكه به‌دوای ده‌نگی جیاوازدا بگه‌ڕێت و ناسنامه‌یه‌كی جیاواز له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیسته‌می لیبڕاڵی له‌و وڵاته جێ و پێ بگرێت. ده‌یان ساڵه زۆربه‌ی ناوچه هه‌ژارنشینه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌وڵی جێخستنی سیسته‌مێكی نیمچه سۆسیالیستی دان، كه‌چی له جێی ئه‌وه‌دا باییخ به داخوازییه‌كانیان بدرێ، پتر گوشار ده‌خرێته سه‌ریان و پتر ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. چه‌وساندنه‌وه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه مرۆڤه‌كان به زه‌بری هێز ڕاپێچی كاری زۆره‌ملێ بكرێن، به‌ڵكوو چه‌وساندنه‌وه ده‌توانێ دژایه‌تی كردنی ویستێكی بنه‌ڕه‌تیی به‌شێكی دانه‌بڕاوی كۆمه‌ڵگا بێ. هه‌روه‌ها چه‌مكی سیاسیی داخراو ته‌نیا خۆی له‌وه‌دا نابینێته‌وه كه ڕێ له ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تیی له كۆمه‌ڵگادا بگرێ، به‌شێكی زۆر له ئاڵوگۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌زیانی كۆمه‌ڵ ده‌شكێته‌وه و ڕوونه‌دانی له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دایه. كێشه‌كانی وڵاتی لیبی پێش ڕۆخانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی قه‌زافی گه‌لێك كه‌متر له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بوون، ئه‌و كات هه‌موو خزمهتكارییهكانی گشتیی بێبه‌رامبه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌وت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگا هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له‌ده‌ست داوه، كه‌چی تاكوو هه‌نووكه‌ش هیچ سیسته‌مێكی سیاسیی چ له چه‌شنی دیكتاتۆری و دیموكراتی یانخود هیچ چه‌شنه سیسته‌مێكی جیاواز جێ نه‌كه‌وتووه و وڵات به‌سه‌ر چه‌ند قه‌واره و له نێوان چه‌ند گرووپدا دابه‌شكراوه.
هه‌نووكه فۆكۆیاما داهێنه‌ری چه‌مكی لیبڕاڵ دیموكراتی به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتووه كه دیموكراسی ناتوانێ ویسته‌كانی گه‌ل به‌دی بهێنێت چونكه كاپیتالیسم له هه‌وڵی چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه دایه و سه‌رمایه‌داریش بووه‌ته فه‌لسه‌فه‌ی چه‌مك و سیسته‌می دیموكراتی، ئه‌و ده‌ڵێت سیسته‌مگه‌لێكی نادیموكراتیكیش ده‌توانن ویسته‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌دی بهێنن و له ڕاستیدا به چه‌شنێكی دیكه دیموكراتیك بن. دیموكراتی ئه‌گه‌ر واتای ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل بگه‌یه‌نێت و ویسته‌كانی گه‌ل له‌به‌رچاو بگرێت و له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵدا هه‌نگاو بنێ، كه‌واتا ئه‌گه‌ر هه‌ر چه‌مك و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێكی دیكه ئه‌و تاییبهتمهندییانهی هه‌بێ دیموكراتیكه. چه‌مكی دیموكرسی له‌به‌ر ئه‌وه جێكهوتووه چه‌نكه به‌رهه‌می سیسته‌می كاپیتالیسم، چه‌مكی سه‌رمایه‌داریی و قۆناغی پیشه‌سازییه و ئاوێڵهی نوێبوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی سه‌ده‌كانی نۆزده و بیسته. له ڕاستیدا كاپیتالیسم پێناسه‌ی خۆی له چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه وه‌رگرتووه و له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵبوون به سیسته‌می دیموكراتیی كۆمه‌ڵی خستووه‌ته دۆخێكی ئاڵۆز، تۆقێنه‌ر و ناله‌بار. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌یه كه فۆكۆیاما دارێژه‌ری بنه‌مای چه‌مكی لیبڕاڵ دیموكراتی به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌ییشتووه كه دیموكراتی له وشانی فه‌لسه‌فه‌یدا دیموكراتیك به‌واتای ده‌سه‌ڵاتدارێتی گه‌ل نییه، به‌ڵكوو وه‌گه‌ڕ خستنی سه‌رمایه له چه‌شن و شێوه‌ی جیاوازدایه و هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیی و ئایینی كه تاییبهتمهندییهكانی په‌یوه‌ست به گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگا، دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و خزمه‌تكردن به كۆی گشتیی كۆمه‌ڵ له‌به‌رچاو بگرێت و داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگه دابین بكات ده‌توانێ هه‌ڵگری پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل بێ. كام له سیسته‌مه‌كانی سیاسیی جیهان كه ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر سووچێك له جیهانه‌وه هه‌یه هه‌ڵگری ئه‌و تاییبهتمهندییانهن، بێگوومان هیچكامیان! كارل ماركس ده‌ڵێ تاكه خاڵی ئه‌رێنی كاپیتالیسم ئه‌وه‌یه كه له ئاكامدا ئه‌و سیسته‌مه خۆی، خۆی ده‌ڕۆخێنێت، چونكه گوشاره‌كانی سه‌ر كۆمه‌ڵگه پترتر ده‌كات و هه‌موو كه‌ره‌سته و ژیانی مرۆڤ داگیر ده‌كات و دواتریش له‌به‌ر هه‌مان هۆكار هه‌ڵده‌وه‌شێت.
هه‌نووكه زۆربه‌ی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری باییخ به سرووشتی گۆی زه‌وی ده‌ده‌ن و ده‌مێكه درووشمی ئه‌وه‌یان به‌رز كردووه‌ته‌وه كه با هه‌موومان پێكه‌وه گۆی زه‌وی له مه‌ترسی گازه زیانهێنهرهكان بپارێزین، له ڕاستیدا تاكه ڕێگه‌ی پێش‌گرتن له ئازادبوونی گازه زیانوهشێنهرهكان كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانه، ڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنان له ئاستێكی مامناوه‌ندی دایه كه زیان به سرووشت نه‌گه‌یه‌نێت و ئاستی به‌كارهێنانی وزه‌ش كه‌م بكرێته‌وه، به‌ڵام له وڵاتانی سه‌رمایه‌داری كۆمپانییه گه‌وره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی خۆراك، ڕۆژانه هه‌زاران میلیۆن ته‌ن خواردن فڕێ ده‌ده‌ن، ئه‌وه له كاتێك دایه كه ئه‌و خواردنانه ده‌كرێ به نرخێكی هه‌رزانتر بفرۆشرێت و هیچ مه‌ترسیش بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ درووست نه‌كات، چونكه زۆربه‌ی خواردنه‌كان نوێن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه فڕه‌یان ده‌ده‌ن كه ئه‌گه‌ر نرخه‌كه‌ی هه‌رزانتر بكه‌ن ئیتر كه‌س گرانه‌كه ناكڕێت. له وڵاتی نۆروێژ كۆمپانییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی خۆراك، وه‌ك ئاماژه؛ مێنی و هتد… ڕۆژانه سه‌دان ته‌ن خواردن فرێ ده‌ده‌ن، تاكه هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و خواردنانه به نرخێكی هه‌رزانتر له سووپێرماركێتهكانیاندا دابنێن، ئیتر خۆراكه گرانه‌كه به فرۆش ناچێت. ئه‌مه‌ش له هه‌لومه‌رجێكدا به‌ڕێوه ده‌چێ كه له به‌شێكی زۆر له وڵاتانی ئه‌فریقا و ئاسیا ڕۆژانه هه‌زاران كه‌س به‌هۆی برسێتییه‌وه ده‌مرن. كه‌چی خاوه‌نی كۆمپانیا مه‌زنه‌كان كه پێكهێنه‌ری كایه‌ی سه‌رمایه‌دارین و ناوكی كاپیتالیسم پێك ده‌هێنن باس له خاوكردنه‌وه‌ی وزه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر وزه له‌و ئاسته به‌رزه‌دا به‌كار بهێنرێ، پاش ده‌یان ساڵی دیكه كانیاوه‌كانی ئاو، نه‌وت و گاز، كانگاكانی ئاسن و به‌رد ته‌واو ده‌بن و زه‌ویش توانای به‌رهه‌مهێنانی خوراك، خواردن و وزه‌ی نامێنێت.
له ڕاستیشدا هه‌روایه، ئه‌گه‌ر به‌و چه‌شنه سیسته‌می كاپیتالیسم په‌ره به زێدهخوازییهكانی ئابووریی بدات و ئاستی به‌رهه‌مهێنانی وزه و خورد و خۆراك نزم نه‌كاته‌وه، له ئاكامدا سرووشتی گۆی زه‌وی تووشی كاره‌سات ده‌بێت و زه‌وی ئه‌و هێز و توانایه‌ی نامێنێ كه خورد و خۆراك و وزه به‌رهه‌م بهێنێت و كانیاوه‌كانی ئاو، نه‌وت و گاز وشك ده‌بن و كانگاكانی ئاسن و به‌رد، یش ته‌واو ده‌بن. ناكرێ باس له كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه و خورد و خۆراك له ئه‌فریقا و به‌شێك له وڵاتانی ئاسیا بكه‌ین، چونكه له‌و وڵاتانه ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه و خۆرك پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه دابین ناكات و ڕۆژانه هه‌زاران كه‌س له برسێتیدا ده‌مرن. ئه‌م درووشمه‌ی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری و كاپیتالیسم پێچه‌وانه‌ی كردار و كرده‌وه‌كانیانه. له تێكڕای وڵاتانی كاپیتالیستی به‌كارهێنان و به‌رهه‌مهێنانی وزه له‌و ئاسته به‌رزه‌دا دایه و زیان به سرووشت و ئاو و هه‌وا ده‌گه‌یه‌نێت.
له پاش ده‌ستپێكردنی داگیركاریی له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا له‌نێوان سه‌ده‌كانی 15 و 19دا له‌لایه‌ن وڵاتانی كاپیتالیستییه‌وه كه به‌هۆی ده‌ستڕاگه‌ییشتن به سه‌رمایه‌ی سرووشتیی ئه‌و وڵاتانه بوو، هه‌نووكه و له سه‌ده‌ی بیسته‌م و بیستوویهكهمدا زۆربه‌ی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنان به‌هۆی كولتووری گلۆبالیزمه‌وه ده‌ستیان بۆ وڵاتانی هه‌ژار ئاوه‌ڵا بووه و به‌رهه‌مه‌كانیان به نرخێكی هه‌رزان ده‌كڕن و دواتر به نرخێكی چه‌ند به‌رابه‌ر پێیان دهفرشنهوه، واتا ئه‌مجاره كلۆنیالیزم و داگیركاری به‌م شێوه پێشكه‌وتووه درێژه به داگیركارییه‌كانی ده‌دات و پلانه‌كانی داماڵینی سه‌رمایه‌ی وڵاتان جێبه‌جێ ده‌كات. دیموكراسی وه‌ك ناوكی كاپیتالیسم ته‌نیا ئاڵوگۆڕی ڕووه‌كیی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتانی سه‌رمایه‌داریدا پێك ده‌هێنێت و به‌و چه‌شنه‌ش ڕای گشتیی له هه‌ڵبژاردنێكی دیاریكراودا چه‌واشه ده‌كات. ئاڵوگۆڕه‌كانی پێش و پاش هه‌ڵبژاردنیش له سیسته‌مه‌كانی كاپیتالیستیدا قووڵ نییه و پتر خۆی له ئاڵوگۆڕ له ڕووخساری تاكی سیاسیی‌دا ده‌بینێته‌وه و هندێكجاریش باس له ئاڵوگۆڕی ئابووری ده‌كرێت كه تاكوو هه‌نووكه ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ش له وڵاتانی سه‌رمایه‌داری و كاپیتالیستیدا له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵ نه‌شكاوه‌ته‌وه و ته‌نیا قازانجی بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌داران هه‌بووه.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریدا چێنراوی كاپیتالیسمه و له‌و ڕێگایه‌وه سه‌رمایه‌داران و سیاسهتداران ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو مێدیا و ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه زاڵ كردووه. كام سیاسهتپیشه له‌كام وڵات‌دا هه‌ژار و نه‌داره! كه‌واتا به‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌گه‌ین كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتانی كاپیتالیستی پێكه‌وه به به‌شداریی سه‌رمایه‌داران وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن و مێدیا و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ده‌نگ و وێنه‌ش له خزمه‌ت هه‌ردوولادا خه‌سێنراون. وه‌ك ئاماژه؛ كام كه‌سایه‌تیی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی به‌شداره، به‌ڵام هه‌ژار و نه‌داره، ئه‌ی سه‌رمایه‌دارانی هه‌رێم چۆن بوونه‌ته خاوه‌ن سه‌رمایه! پێوه‌ندی نێوان سه‌رمایه‌داران و سیاسهتپیشهكانی باشووری كوردستان چه‌ند و چۆنه! سه‌رمایه‌دار بوونی هه‌یه كه له ماوه‌ی شه‌وڕۆژێكدا بووه‌ته خاوه‌نی چه‌ندین ملیۆن دۆلار! ئه‌م سه‌رمایه چۆن كۆكرایه‌وه! ئه‌ی كۆمپانییه حیزبییهكانی باشووری كوردستان چۆن و به‌پێی كام ڕه‌وه‌ند ده‌بنه خاون سه‌دان هێكتار زه‌وی و زار! بێگومان له سیسته‌می كاپیتالیستی و سه‌رمایه‌داریدا ئه‌و ڕووداوانه ئاساییه و سیاسهتدارهكان له ڕێگای كه‌سانی دیكه‌وه و به‌پێی پلانی تاییبه‌ت دۆخی تاییبه‌ت بۆ كه‌سه نزیكه‌كانی خۆیان یانخود بۆ كه‌سایه‌تییه هاوبه‌شه‌كانی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گرن. ئاماژه‌یه‌كی دیكه؛ مه‌زنترین تاییبه‌تمه‌ندی هونه‌رمه‌ندی كورد ئه‌وه‌یه كه ڕه‌ش و ڕووته، یانخود هه‌ژار و نه‌داره، به‌ڵام هه‌نووكه هونه‌رمه‌ند بوونی هه‌یه كه له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژدا له هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته خاوه‌ن سه‌دان بینای به‌رز. ئه‌ی بۆ هونه‌رمه‌نده‌كانی دیكه كه ساڵانه ئه‌لبوومه‌كانیان بڵاو ده‌كرێته‌وه له‌و ئاسته‌به‌رزه‌دا نابنه خاوه‌نی سه‌رمایه!
هه‌نووكه تاكه كولتوورێك كه پارێزگاری له بوونی خۆی ده‌كات كولتووری وڵاتانی ئیسلامییه، هه‌رچه‌ند له‌و وڵاتانه‌دا سیسته‌مگه‌لی چه‌وت و دیكتاتۆر، فاشیست و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست بوونیان هه‌یه و گه‌نده‌ڵیی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له لووتكه دایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كولتووری كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌لانی ئه‌و ناوچه‌یه دژی كاپیتالیسم چالاكه و به‌شێك له گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی ناوچه‌كه بۆ هه‌مان تۆی كاپیتالیسم و سه‌رمایه‌داری ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له سه‌رده‌می داگیركارییدا چێنراوه و په‌ره‌ی پێدراوه و ئه‌مڕۆش بووه‌ته كولتووری سیاسیی گه‌نده‌ڵ له ناوچه‌كه دا. نه‌ته‌وه‌ی كورد پێش ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له باشووری كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت، وه‌ك تۆیه‌كی زیندوو و چالاك له‌هه‌مبه‌ر دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی پێناسه ده‌كرا و به‌رده‌وام خه‌باتی بۆ نوێكاری و مافی بنه‌ڕه‌تی خۆی كردووه. به‌ڵام هه‌نووكه باشووری كوردستان وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می چه‌وتی كاپیتالیسم و سه‌رمایه‌داری پێناسه ده‌كرێت و خه‌ڵكانێك به شهوڕۆژێك ده‌بنه خاوه‌ن كۆچك و ته‌لار و خاوه‌ن زه‌وی و زار. ئه‌مه‌ش به‌رفه‌راوانی كاپیتالیسم و گه‌نده‌ڵی سیاسیی و ئابووریی له سیسته‌می سیاسی ئه‌و هه‌رێمه ده‌رده‌خات. هه‌رچه‌ند هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ناكات، به‌ڵام ئه‌و تۆیه په‌لی كێشاوه بۆ به‌شه‌كانی دیكه و هه‌نووكه له‌نێو به‌شێك له پارته‌كانی سیاسیی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشدا به‌چه‌شنێكی چالاك ده‌بینرێت.
درێژه‌ی هه‌یه…