‪)میدیای گه‌نده‌ڵ وڵات به‌ره‌و داڕمانی ئابووریی و گه‌نده‌ڵیی سیاسیی ده‌بات و بۆ تێكڕای كێشه‌ و به‌ربه‌سته‌كانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ هۆكاره‌كانی داڕمانی ئابووریی و قه‌یرانه‌كانی سیاسیی له‌ حوكوومه‌ت دوور بخاته‌وه‌ و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ش له‌سه‌ر شانی ده‌سه‌ڵات لابه‌رێت. گه‌نده‌ڵیی سیاسیی و ئابووریی و خۆسه‌پاندنی تاكه‌كان به‌سه‌ر جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا كاتێ دێته‌كایه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات خاوه‌ن میدیای تاییبه‌ت به‌خۆی بێ و بۆ كێشه‌كانی سیاسیی و دۆخی ئابووریی وڵات خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی هه‌بێت و له‌ ڕێگای میدیای سێبه‌ره‌وه‌ كێشه‌كان به‌ ڕووداو و پێشهاتی دیكه‌وه‌ گرێ بدات و كۆمه‌ڵگاش له‌ نه‌بوونی میدیای سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕاستیی ڕووداوه‌كان و له‌ هۆكاری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا دوور خرابێته‌وه‌. ئاریتما موحه‌ممه‌دیى‪(

میدیای گه‌نده‌ڵ؛

میدیا ده‌توانێت به‌ ئاسانیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دابنێت، بۆیه‌ هه‌رده‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی ده‌ستمۆكردنی ده‌درێت، هاوكات میدیا ده‌توانێ كاریگه‌رییه‌كانی له‌ دژی ده‌سه‌ڵات به‌كار بهێنێت و وه‌ك گوشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕۆڵی سه‌ره‌كیی بگێڕێت. هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌بێ هه‌بوونی میدیاگه‌لی سه‌ربه‌خۆ ناتوانێ پله‌كانی ترۆقیی ببڕێت و خاوه‌ن سیسته‌مێكی سیاسیی دادپه‌روه‌ر بێ. هاوكات هیچ كۆمه‌ڵێك ناتوانێ ببێته‌ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی خۆماڵیی ئه‌گه‌ر هاتوو خاوه‌ن میدیایه‌كی خۆماڵیی پێشكه‌وتوو نه‌بێت.

میدیای پێشكه‌وتوو و سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێ ببێته‌ پردی پێوه‌ندیی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ده‌توانێ ڕۆڵێكیی ڕه‌خنه‌یی به‌رده‌وام له‌نێو كۆمه‌ڵگادا بگێڕێت. له‌ ئه‌گه‌ری نه‌بوونی میدیاگه‌لی سه‌ربه‌خۆ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئاوڕ له‌ ستراتیژیی سیاسیی، ئابووریی و خزمه‌تكردنی گه‌ل ناداته‌وه‌. ده‌بێ میدیا هه‌میشه‌ ڕۆڵی پاسه‌وان به‌سه‌ر دامووده‌زگاكانی حیزبیی و حوكوومییه‌وه‌ بگێڕێت و ڕووماڵی گه‌نده‌ڵیكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكات و هه‌موو پرس و بابه‌تێكی سیاسیی و ئابووریی له‌به‌رده‌م میدیادا ڕوون و كراوه‌ بێت.

كاتێ كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی ده‌سته‌مۆكرانی میدیا ده‌دات، میدیاش ده‌كه‌وێته‌ نێو بازنه‌ی خزمه‌ت به‌ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌ دێت كه‌ ئه‌و میدیا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌ یانخود به‌ چه‌شنێكی زانستیی گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ و به‌سترابووه‌ته‌وه‌ به‌ یه‌كێ له‌ جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات. میدیای گه‌نده‌ڵ ده‌بێته‌ هۆی كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و وڵاتێكی وێران به‌بێ ژێرخانی ئابوورییه‌كی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ. كاتێ كه‌ میدیا به‌ چه‌شنێكیی زانستیی دانه‌مه‌زرا و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیگه‌لێكی شاره‌زا نه‌بوو و نه‌یتوانیی به‌ چه‌شنێكی سه‌رده‌میانه‌ گه‌شه‌ بكات، به‌ره‌و قه‌یران هه‌نگاو ده‌نێت. میدیایه‌كیش كه‌ گه‌نده‌ڵ بێ و قه‌یران بخووڵقێنێت و ببێته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵیی، هاوكات ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ش كه‌‌ كاره‌ساتیی گه‌وره‌ له‌نێو‌ كۆمه‌ڵگا ڕوو بدات.

كاره‌سات ده‌توانێ ڕۆخانی ئابووریی وڵات بێ، ده‌توانێ سیسته‌مێكی گه‌نده‌ڵ و بنه‌ماڵه‌یی بێ، ده‌توانێ وڵاتێكی بێ دامه‌زراوه‌ بێ، ده‌توانێ گرووپێكی تاییبه‌ت بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دیكتاتۆریی بهێنێته‌ كایه‌وه‌ و كۆمه‌ڵ به‌ره‌و سه‌ركوتكردنی سیاسیی و ئابووریی به‌رده‌وام ببات و هه‌موو جمگه‌كانی گرینگی ده‌سه‌ڵات بخاته‌ژێر ڕكێڤی خۆیه‌وه‌. ده‌توانێ ببێته‌ هۆی كولتوورێكی پڕ كه‌موكورتیی و ناته‌واو، دواكه‌وتوو و ناته‌با له‌گه‌ڵ سرووشتی خۆی. كه‌واتا گه‌نده‌ڵبوونی میدیا كاره‌ساتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌تاییبه‌ت ئه‌و كاته‌ش كه‌ خودی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵ ده‌دات كه‌ میدیای تاییبه‌ت به‌خۆی ساز بكات و میدیاكه‌ش ته‌نیا میدیای تاییبه‌ت به‌ حیزب و حوكوومه‌ت بێ و مافی ڕه‌خنه‌گرتنی له‌ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسیی پێ نه‌بێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی حیزب به‌رپرسانی هه‌مه‌جۆری میدیاكه‌ش بن.

وه‌ك ئاماژه‌؛ باشووری كوردستان به‌ هۆی نه‌بوونی میدیای سه‌ربه‌خۆوه‌ میدیای گه‌نده‌ڵ هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌ كه‌ به‌ میدیای سێبه‌ر یانخود میدیای حیزبیی هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵیی ئابوورییش په‌ره‌ی گرتووه‌. ئه‌و به‌شه‌ش له‌ میدیا كه‌ خۆیان به‌ میدیای كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی یانخود میدیای سه‌ربه‌خۆ پێناسه‌ ده‌كه‌ن، به‌هۆی بڵاو كردنه‌وه‌ی په‌یام و هه‌واڵی بێ بنه‌ما و لایه‌نگریكردن له‌ هندێك پارت و ڕێكخراوی سیاسیی متمانه‌ی كۆمه‌ڵگایان له‌ده‌ست داوه‌.

له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئه‌وه‌ كاناڵه‌كانی ته‌له‌فیزیۆنیین كه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر بیروهزری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا درووست ده‌كه‌ن. كه‌واتا په‌لوپۆكانی میدیا به‌رفه‌راوانه‌ و ده‌كرێ له‌ ڕێگای جیاوازه‌وه‌ كه‌ڵك له‌ شێوه‌كانی میدیا وه‌ربگیردرێت. هه‌رچه‌ند میدیا له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی لاتیینه‌ كه‌ واتای نێوه‌ڕاست ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوودا ئه‌و وشه‌ش له‌گه‌ڵ ئاڵووگۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی گۆڕانكاریی قووڵی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. هه‌نووكه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو میدیا به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزی یه‌كه‌م كه‌ هێزی سه‌ره‌كییه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت. له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش به‌ هه‌مان چه‌شنه‌، چونكه‌ پارت و ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كان پتر له‌ ڕێگای میدیاوه‌ گه‌شه‌ به‌ بیری حیزبیی و سیاسیی ده‌ده‌ن.

له‌ كۆدا به‌و‌ ئه‌نجامه‌ گه‌ییشتین كه‌ ڕۆڵی میدیا له‌ گه‌یاندنی په‌یامدا كورت ده‌بێته‌وه‌، واتا په‌یام له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تاییبه‌ت ده‌بات و هه‌روه‌ها ده‌توانێ په‌یام له‌ كه‌سێكی تاییبه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێكی تاییبه‌تیش به‌ڕێ بكات. هه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ په‌یامێك له‌ چوارچێوه‌ی خۆی پتر گه‌وره‌ ده‌كات و به‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفه‌راوان ده‌گه‌یه‌نێت خۆی له‌ چوارچێوه‌ی میدیادا ده‌بینێته‌وه‌. واتا هه‌ر په‌یامێك له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خۆی پتر گه‌شه‌ بكات و كۆمه‌ڵێكی زۆرتر بیبیستێ ده‌بێ كه‌ڵك له‌ میدیا وه‌ربگرێت و خۆی بخزێنێته‌ یه‌كێ له‌ له‌قه‌كانی میدیا، ئه‌و كات به‌ ئاره‌سته‌گه‌لی هه‌مه‌لایه‌ندا په‌ل ده‌كێشێت و بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

درێژه‌ی هه‌یه‌…