یەکەم: لەبەرئەوەی بە پێی ئەجێندەی وازارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم، وا دانرابوو کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ دا، بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم بگاتە (١) یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کەچی کۆتا داتا ئەوەیە کە هەرێم لە مانگی ئایار (واتە مانگی ٥ی ٢٠١٦) دا بڕی (٥١٣.٠٤١) پێنج سەت و سیانزە هەزارو چل و یەک بەرمیلی هەناردە کردووە.کەواتە نیواو نیو لەگەڵ ئەو تەخمیناتەی دایانناوە کورتی هێناوە.


دووەم: شەفافیەت لە پرسی ووزەدا، لە ئاستی سفردایە، سادەترین نمونە سایتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمhttp://mnr.krg.org/index.php/kuو سایتی وەزارەتی نەوتی عێراقەhttps://www.oil.gov.iq/، ئەوەی هەرێم دوو مانگ جارێک هەواڵێک یاخوود گۆڕانکارییەک دادەگرێت.بەڵام ئەوەی بەغدا ڕۆژانەو هەفتانە خەبەرو باسی ووزەو بڕی هەناردەکردن و نرخەکان و پشکەکان و درێلینە نوێیەکان باس ئەکا.


سێهەم: حکومەتی مەرکەزی واتە بەغدا لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە (٤) وەزیری نەوت گٶڕدراوەو لادراوە، ئەوەی هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە هەر دکتۆر ئاشتی هەورامییە.!.


چوارەم: سیاسەتی هەرێم و بەرپرسە کوردەکان بەرانبەر کەرکوک لە کورتهێنان دەرچووە.گەشتۆتە ئاستێکی گەندەڵی و سات و سەودای ترسناک.ساڵی ٢٠٠٨ لە ڕۆژنامەی هەواڵ ئەوەمان بڵاوکردەوە کە بەرپرسێکی کورد لە ناو شاری کەرکوک سیاجێکی بە بلۆک دروستکردووە، زەوییەکەی هەڵکەندبو تا ئاستی بۆڕییەکە، موزەخەی لێدابوو تاریکی ئێوارە ئەهات تانکەری پڕ ئەکرد.مانگانە بەو شێوەیە (٢٥٠٠٠٠) لیتری ئاودیوی ئێران دەکرد!.ئەو کاتانە تورکیاو عێراق لە مشتومڕدابوون.عێراق ئەیگوت ڕٶژانە هێندە بە عەداد ڕەوانە ئەکەم، تورکیاش ئەیگوت هێندە نییە.ئێستاش ئەوە جگە لەوەی بە شێوازی تر بەردەوامە، کورتهێنانی بەرچاو لە هەناردەکردندا ڕوویداوە.بۆ نمونە لە ساڵی (٢٠١٣) بڕی هەناردەکردن لەکەرکوکەوە کە (پارەی پیترۆدۆلاریشی لەسەر وەرئەگیرا!!) گەیشتە (٧٥٠٠٠٠) حەوت سەتو پەنجا هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کەچی لە (ئەیلولی ٢٠١٦) دا (١٥٠٠٠٠) سەت و پەنجا هەزار دەچێتەدەر، ئەویش (٧٥٠٠٠) ی دەدرێتە بەغدا و (٧٥٠٠٠) یشی لە ڕێگەی بٶڕی کوردستان- تورکیا وە دەبرێتە بەندەری جەیهانی تورکی....زۆرجار ئەو قەناعەتەم بۆ دروست بووە کورد کەرکوکی ناوێ و دەستی لێ شتووە، بۆیە بە بەرمیل و تەنکەر و بۆڕی و گرێبەستی نایاسایی خەریکی ووشککردنی نەوتەکەیین!!!.


جگە لە کۆمەڵێک بواری تر، بۆ نمونە: کرێی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان و کەشف بۆکردنیان لە هەرێمی کوردستان لە سەرووی ستانداردی جیهانیەوەیە.لە هەندێ شوێن ئەو هەقە گەشتووە بە (٨٠) ملیۆن دۆلار لە هەرێم، کەچی لە عێراق و ووڵاتانی عەرەبی تەنها (٨) ملێون دۆلارە.!.

هەرێمی کوردستان لە یەک ڕووەوە سەرکەوتوو بووە لە بواری ووزەدا، ئەویش یاری پێکردنیەتی لە گەمە ناوچەیی و هاوپەیمانێتیەکاندا، چونکە دیدوبۆچونی مەرکەزی سیاسیی و ئابوریی یان وایە کە بە هەموو شیوەیەک کۆمپانیا جیهانییەکان بهێننە هەرێم کە هێناویانە، بە هۆی ئەوانیشەوە پشتگیریی سیاسی و سەربازیی خۆرئاوا دێت بەدوای بەرژوەندییە ئابورییەکانیاندا، سەرئەنجام هەرێم و حزبەکان پارێزراو ئەبن!.بەڵام لێکەوتەو دەرئەنجامی ئەمەش لەوسەرەوە ئەوەیە کە ئەم شەریکاتانە لە ڕێگەی لوعەباتی بانکی و فریودانەوە هەرێمک کوردستان نوقمی لێشاوێک لە قەرزی دەرەکی ئەکەن.

* بەهرۆز جەعفەر *