لە بەشى یەکەمدا باسى فرە حزبی مان لەکوردوستان بەراوردکرد بە فرەحزبی لە فەلەستین، ئەمجارە بەراوردى ئەکەین بە ئیسرائیل :

گرنگترین دیاردەیەک لە ئیسرائیل، کە سیستەمی حزبایەتی پێ بناسرێتەوە، بریتی یە لە " فرە حزبی" . بە پێی پۆلێن کردن (٥) جۆر حزبی تیایە: (حزبی کرێکاران، حزبە دینیەکان، حزبە مارکسیەکان، حزبە پارێزگارەکان، حزبە عەرەبییەکان ) . ئەمانە ھەریەکەیان بە دیدو بەرنامەیەکی ڕۆشن ئەیانەوێت ڕەسمی سیاسەتی ئیسرائیلی بکەن، وە کاریگەریی خۆیان ھەبێت .

فرە حزبی، لەھەر شوێن و کاتێک دیاردەیەکی ئاسایی ناو سیستەمی حزبایەتیە، وەک ئاماژەیەک لە بونی دیموکراسیەت، بەڵام بۆ ئیسرائیل دیاردەکە سەرنجڕاکێشەو بۆتە ناسنامەی سیستەمەکەشی . لە ڕووبەرێکی بچوکی وڵاتەکەیان کە (٢١٠٠٠) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل (١٩٤٨) یەک بستە خاک نەبوو جێگەی سەلامەتی جولەکەکان بێت، بە بەردەوامی زیاد لە (١) ملیار دوژمنی ھەمیشەیی یان ھەبوە، ھەر شوێنێکی جیھان وەک ئەو ژوورە گازییانە وابون کە نازییەکان بۆ خنکاندنی جولەکە دروستیان کردبو، لەسەر لم گەورەترین وڵاتی کشتوکاڵیان دروستکردووە، گەورەترین ھێزی ژێرزەمینی و دەزگای خزمەتگوزاری نھێنی یان داھێنا، بون بە ووڵاتێکی تەکنەلۆژی، ئاوارەکان ھەموو گەڕانەوە، ، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانیان نەگەشتۆتە (٢) ملیۆن کەس. . لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە دیموکراسی ڕووەکێکە تیایدا ناڕوێت، جولەکەکان لەدامەزراندنی وڵاتەکەیان دا، دیموکراسیەت و فرەحزبی و فڕە ڕەنگیان بۆ ناوخۆی خۆیان لە یاد نەکردووە، بە ئەندازەیەک (١٣) جار دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە ئیسرائیل ڕوویداوە .

دووەمین تایبەتمەندی، لە سیستەمی حزبایەتی ئیسرائیل دا، بریتی لە لێکترازان و جیابونەوەو دروستبونی حزبی نوێ، ململانێ و کێبرکێی حزبەکان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات، لەکاتی نزیکبونەوەی ھەڵبژاردنی کەنیسەت (پەرلەمان) ی ئیسرائیلی، ئەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی تەکەتولات و ئینشقاقاتی حزبی و، پێکھێنانی حزبی نوێ . ھەروەکو "ئارئێل شارون " ھەستا بە دامەزراندنی حزبی " کادیما" لەساڵی (٢٠٠٥) پێش ھەڵبژاردنی کەنیسەتی ئیسرائیلی لە (٢٠٠٦) دا .

ئیسرائیل، بچوکترە لەڕووبەری جوگرافی پارێزگایەکی وەک سولەیمانی کە (٢٣٠٠٠کم) چوارگۆشەیە. لەباشوری کوردوستان (٥٠) حزبی سیاسیی تۆمارکراوە (١٤) یان تورکمانین! لەمەمدواییە دەرکەوت هەموو ئەم حزبانە کە کورسى یان لە پەرلەمانیش نییە، بودجە لەحکومەت وەرئەگرن !. ئينجا بەھەمان شێوەى ئيسرائيل ھەموو حزبەکانیش تووشی ترازان و جیابونەوە بوون لەناو کورددا. . جیاوازییەکە ئەوەیە: ئەقڵی کورد ئەقڵێکی موئەسەساتی نییە. ئەو جولەکانەی لەدوای پەیمانی بلفۆڕ (١٩١٩) چاویان لەوە کرد بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەھەرە پیاوە ڕاقی و ڕۆشنبیرەکانی جیھان بون، بەڵام ئەوانەی لە کوردوستان لە شاخەکانەوە ھاتنەوە شارەکان، ھەرە مرۆڤە نەخۆشەکانی خۆرھەڵاتی ناوین بون، چونکە لەپێش (ماد) ەوە ئەمانە ھەر لەشاخەکان بون . بە پێچەوانەى ئیسرائیلیەکانەوە، کورد ململانێکەش لەسەر حیسابى نیشتمان و نەتەوەو سەروەتى ووڵات ئەکەن .

ئەو ئەوروپیانەی لەدوای (کۆڵەمبوس) چوونە خاکی ئەمریکاوە، ھەرە خەڵکە ئەرستۆکرات و خاوەنبیرەکان بون، تەمەنی دەوڵەتی ئەمریکاو تەمەنی شاری سولەیمانی یەک شتە کە (٢٥٠) ساڵێکە. بۆچی تا بێت سولەیمانی بەرەو دوا ئەڕوات، ئەمریکاش بوو بە مەزنترین ھێزی گەردون . . !. ئەوانەشی زوو ھاتنە شارەوە لەسولەیمانی کەسە ڕۆشنبیر و دەوڵەمەنەکان بون . . !. لە پارێزگایەکی وەک سولەیمانی تەنھا (٨) ساڵی حوکمڕانی وەربگرین، (٢٧٥٠) ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی ھەیە، کەدزی و بەھەدەردانە، لە وڵاتێکی وەک ئیسرائیل بە ھێزترین سەرۆک کە "ئێھود ئوڵمەرت " بووە، لە (٢٠١٤) ەدا، (٦) ساڵ حوکم ئەدرێت، چونکە لەحەفتاکان بەڕێوەبەری شارەوانی بووە، بەھەدەردانی کردووە، بە تۆمەتی ئەوەشی (١٥٠) ھەزار دۆلاری لەسەرمایەدارێکی ئەمریکی وەرگرتووە . .

ئەمە وێنەی ئەو دەوڵەتە بچوکەیە (ئيسرائيل)، کە ڕەگەزو زمانی لەگەڵ ھیچ شوێنێکدا ھاوبەش نییە. لەکاتێکدا تورکیا لەسەر میراتی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژووش دانیشتووە، ساڵی (٢٠٠٥) بەبڕی (٥٠٠) ملیۆن دۆلار، گریبَەستی لەگەڵکردووە، بۆ تازەکردنەوەی (١٧٠) دەبابە، بەبڕی (٦٨٨) ملیۆن دۆلار فڕۆکەکانی فانتۆم-٤ (f-٤) ی تورکیا تازەکردووەتەوەو، مووشەکی دژە بالیستی پێداوە.

سەرئەنجام ئەوەیە:

*ئەقلى موئەسەساتى نییە.

* برواى نەتەوەیی و نیشتمانى بەهێز نییە. . ڕەگى کوردوبون لەناوخۆى کوردوستاندا نییە، بەلکو رەگەکەى، یان سەرى کورد بەدەست دوژمنەکانیەوەیەتى . جیى پرسیار نییە باشور تەنها 2 موحافەزەیە، 4 حزبى ئیسلامى بۆچییە ؟.

* بەھرۆز جەعفەر*