دەمێکە بیرئەکەمەوە، ئەوە بۆچى دەستەڵاتى سیاسیی کوردیی ئەونە (جاش) ى خۆش ئەوێت ؟. بە بڕواى من بۆئەوەى بگەیتە دەرەنجام، ئەبێت دوو ڕێگە بگریتە بەر :

یەکەم: لەشێوەى سۆسیۆلۆگ (کۆمەڵناسێک) دا، وەک سمپلًَ (نمونە وەرگرتن) کەسێتى و تێگەیشتنى نزیکەى (20) جاشى گەورە بخەیتە تاقیگەوەو، شیکارییان بۆ بکەیت، من خۆم دیققەتم دا، زۆر لەو نمونانە، هیچ ئاستێکى زانستى یان نییە، بەپێچەوانەوە کەسانى خێڵەکین، پولەکین، سریەو فەوج یان بۆ کراوەتەوە، خزم و کەسوکاریشیان کردۆتە بندیوار . . واتە : ئەزمونى سیاسیی و زانستى یان نییە، تا دەستەڵات سوودیان لێوەرگرێت .

دووەم: ئەبێت لە ئەدەبیاتى (بەعس) تێبگەیت . . گەورە جاشێک (خەڵکى سولەیمانییە) لە کۆتایی هەشتاکاندا، لە تەلەفزیۆنى بەعس بە دەق وا ئەڵێت " زۆر سوپاسى کاک سەدام حوسەین ئەکەین، کە ئەم شەڕەى بۆ هەڵگیرساندین (مەبەستى شەڕى ئێران-عێراقە) . . پێشتر حەرەسەکانى فەیلەق ڕێیان نەئەداین بچینە ژوورەوە، ئێستا قائیدى فەیلەق ئیستقبال مان ئەکات و، جگەرە ڕۆزمان یشمان ئەداتێ (لەبرى بڵێت جگەرە ڕۆزمەن) !!". . .

لەو ڕۆژانە لە کەرکوک بینیم، گەورە موستەشارێک کە دەیان ئافرەتى کوردى خراپ کردووە، بووە بە پارتى !!. وەختێک لەو گەڕەکەوە ڕۆشتین حیمایەک بە لولەى تفەنگەکەى ئیشارەى ئەکرد (کە ئەم کۆڵانە مەمنوعە!!). . چمەزە ئەم کۆڵانەى کڕیوە، دەرگاى سکەى خستۆتە سەر کۆڵانەکەو لەمسەرەوە دایئەخات !!. زۆرى تریش هەن وان . . جا تۆ لەتورک و فارس بگەڕێن، بڕوانە بەس کوردە جاشێتى بۆ عەرەب ئەکات !. لەهەموو شەرق دا عەرەب نۆکەرى نییە کورد نەبێت !.

لە (2004) لەمەڵبەندى یەکێتى مووچەى (2) تورکمانى کۆنە بەعسى ئەبڕن، ئەوانیش بێمنەتانە ئەڵێن " ئیشتە بۆخۆمان ئەچین بۆ پارتى خانە (مەبەستیان لقى 3) یە !!". .

پارتى خانە، و یەکێتى خانەو . . . خانەکانى تریش لەوەندە ساڵى تەمەنیاندا هێندەى ئیشیان لەسەر ڕەتاندنى گەنجەکان کرد، ئەوەندەى موتابەعەو موحاسەبەى ئێمەیان کرد، نیو هێندە جاشەکانیان نەڕەتاندو باوەشیان پێیاندا کرد، ئەو هەموو گەنجە نازدارە لەو ڕێگەیە ئەچنە قوڕگى حووتەوەو، بەشێوەى جیاواز ئەمرن، جاشەکانیش موعەزەز موکەڕەم دانیشتون و، بگرە هەندێ جار زمان درێژى بەرانبەر ئێمەومانانیش ئەکەن !.

نەتانتوانى، تەنها (4) بەشەرى تەندروست دروست بکەن، تەنها (2) گەنج دەستبگرن، تا بەکەڵکى ئایندەى نیشتمان بێت، هەر ئەونە زانیتان کەسێک سەرە واوێک لەسەریا هەیە، بەهەمووتان پەلامارى ئەدەن، جاسوس ئەخەنە شوێنى، چاودێریی تەلەفۆن و ئامرازەکانى ترى ئەکەن . . . نەتانتوانى تەنها (2) کەس پێبگەیەنن، ئەوەشى هەبو خەساندتان، ڕەتاندتان، کوشتتان، ئیتر شتێکتان هەر بۆ دروستکرد . . .

لەو هەموو ساڵە، کورد نەیتوانیوە دوو ئەندازیارى باش، دوو سیاسیی باش، دوو لێکۆڵەرى باش، بۆخۆى دروست بکات . نیوەى ئەوەى خزمەتى جاشێکى پێ ئەکەن، خزمەتى گەنجێکى خوێن گەرمتان نەکرد. . ئەوەتا ئەڵێن: کۆمپانیاى دەرەکى ئەهێنین ئاگرو ئاوەکەى چەمچەماڵ مان بۆ چاک بکات، بێگومان کۆمپانیاى دەرەکیش پشکى (30%) ى هەتا هەتاى غازەکەى چەمچەماڵ بۆ خۆى ئەبات . . دوور نییە دەستى خۆشیان نەبێت !.

سەرەنجام: ئەبینى کەسێتى ئینسانى کورد هەمیشە کسۆڵ و فشۆڵە، هەموو تاکێکى ئیزدواجیەتێک لە شەخسیەتیدا هەیە، لەهەموو بوارەکانى تردا دۆڕاوە، مەعریفەتێکى نییە خۆى پێوە سەرقاڵ بکات، بە ورگى زل و جاشێتى و پارەو تايه فه و مۆدێلى سەیارەوە پۆز لێئەدات ". . ئەبینن جاشێتى نەک بۆ بێگانە بەڵکو لەناوخۆشدادابەزیووەتە ئاستى تاکەکانیش، ئەها نابینى میدیاوانە ئەهلى و ڕەهەندیی و ناڕازییەکانیش پێیان عەیب نییە سپۆنسەرەکەیان فڵان حزب و کۆمپانیاى گەندەڵە . . جاشێتى بووە بە کلتوور . .

                                 *بەهرۆز جەعفەر*