نزیکەی (٣٠٠) ساڵ پێش ئێستا، لەئەوروپا شۆڕشی پیشەسازی دەکرێ، کە ژێرخانی ئابوریی –کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا ھەڵدەتەکێنێ. وەتەریب بەمە بزافی ڕۆشنگەریی سەرخانێکی کلتوری سیاسی دروست دەکات، بەودێڕەی دیکارت:"من بیردەکەمەوە، کەواتە من ھەم". ئیتر ھەموو چەمک و بەھاکانی سەردەمی نەریتی دەخرێنە بەر تیشکی گومان و پرسیار، بەئەقڵ و ئەزموون ڕاڤە دەکرێنەوە. لەزەمەنی ئێستاشدا سەرەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، لەئێستادا پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن و تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە لەڕۆژھەڵاتی ناویندا ھەر بەڕێوەیەو، ھەنگاو بەھەنگاو بەرەو ئازادی و دیموکراسی و دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن دەچێت، بەجۆرێک جیھان قۆناغی دەوڵەتی نەتەوە (دەوڵەت –نەتەوە) بەجێدەھێلێت، ئەمە لەکاتێکدا کورد نزیکەی سەد ساڵە تاوەکو ئێستا دروشمی دەوڵەتی نەتەوەیی ھەڵگرتووە. وەک سەرچاوەی سەرھەڵدانیش، ئەوە زانراوە کە لە ئەوروپا خودی نەتەوەیی بون لەباوەشی شۆِرشەکانی (پیشەسازی، بۆرژوازی و، شۆڕشی لیبراڵیزم) ەوە سەر دەردێنێ. بەواتایەکی تر، ھەتا پیشەسازی دەرنەکەوت، باسی نەتەوەیی بون و دەوڵەتی نەتەوەیی وەک:ئایدۆلۆژیاو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی لەدۆخی نەبوندا بوو. وەک چۆن دەوڵَەت- نەتەوە مەرجی پێکھێنانی ھەیە. ئاوھاش سێ بنەمای سەرەکی دەوڵەتی مۆدێرن ھەیە بریتین لە :ناسیۆنالیزم، تەکنەلۆژی، دیموکراسی. ئەگەر دەوڵەتێک دووان لەمەی ھەبێت، بەبێ سیھەمیان ناتوانێت بانگەشەی دەوڵەتی مۆدیرن بکات، بەم شێوەیە لەژێرچەتری دەوڵەتدا پێشەسازی و و فۆڕمە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەکان دەق ئەگرن.

پیشەسازی کلتوری و، پیشەسازی دروستکردنی نەتەوە، دووشتی تەواو ڕاستەوانەن. بۆئەوەی ئێمە نەتەوە دروست بکەین، پێویستمان بەخۆ گرتبونەوە ھەیە لەکلتوردا، دواجار کلتورو نەتەوە ھۆکارن بۆ ناسینەوەی ھەر کیان و دەوڵەتیک کەخاوەنی ھەرچییەک بێت، بۆ نمونە: ئەگەر کەسێک ھوشیاریەکی ئەوتۆشی نەبێت، لێی بپرسیت:ئەڵمانیا بەھێزە یان ئیتاڵیا، پێت ئەڵێت: ئەڵمانیا . پێی بڵێ: یابان بەھێزە یان ئیسپانیا. دەڵی: یابان. بۆ. ؟. چونکە ھەنووکە ڕای گشتی جیھانی و نێۆخۆیی، لەسەر پیشەسازی بوون پۆڵین دەکات و حوکمی لاوازی و بەھێزی پێ ئەدات، کەواتە پیشەسازیی بەرھەمی ئەقڵ دەقگرتنی کلتوری نەتەوەیەکە، سەنسیمۆن دەلێ: "ئابوری تەنیا ھۆکارێکە کە دەتوانێ کۆمەڵگە ڕێکبخات، کۆمەڵگە بەگشتنی لەسەر بنەمای پیشەسازی ڕاوەستاوە، تەنیا ڕێگەی ھەرجۆرە سەروەت و سامانێک پیشەسازییە، ئەمە سەرەتاو کۆتایی ھەموو ھەوڵەکانی ئێمەیە". ئێمە چۆن پێویستمان بە پیشەسازی دروستکردنی فڕۆکەو ئۆتۆمبیل و کارگەی ئاسن و، ھەروەھا پیشەسازی پترۆ-کیماوی و ڕستن و چنین و . . . ھتد. ھەیە. دوو ھێندە پێویستمان بە سەنعەتی مێژوویی، کلتورییە. چونکە ئەمانەن کۆمەڵگە ئاڕاستەدەکەن و مرۆڤ دروست ئەکەن، ئەوەی " گێلنەر " باسی دەکات و دەڵێت: باشترین پیشەسازیی، کارگەی وەبەرھێنانی مرۆڤە. ھەروەک ئەوپرسەی پۆڵیتۆلۆگ "ساموێل ھۆنتگتن" لە بەیەکدا کێشانی شارستانیەتەکاندا، لاقەی دەکات و لایوایە: لەمەولا جیاوازییە گەورەکانی گەلانی جیھان، جیاوازییە ئایدۆلۆژی وئابوری و کۆمەڵایەتی یەکان نین، بەڵکو جیاوازییە کلتوری و ئاینیەکانن". بەمانایەکی تر لەڕێگەی بەھاو ئاین و کلتورەوە گەلان خۆیان پێناسە دەکەنەوە، نەک ڕۆبۆت و بەرھەمی تەکنەلۆژی. بڕواننە حەسەن بەنناش دەڵێت" سەرکردایەتی جیھان بەدەست خۆرھەڵاتەوە بووە، کەوتۆتە دەست خۆرئاوا، ئێستاش کاتی ئەوە ھاتووە جارێکی تر خۆرھەڵات بگەڕێتەوە مەیدان. ". ئێخۆ بەننا مەبەستی لەخۆرھەڵات و خۆرئاوا ئیستعمارو موستەعمەرە یان بزوتنەوەی رادیکاڵیزمی نیشتمانی نییە، بەڵکو مەبەستی ئیسلام و مەسیحی و کەنیسەکانە.

ڕاستیەکەی کۆمەڵگەی کوردستان بەڕووبەرێکی زۆر لەم پاشخانە گەورانەی جیھان بەدوورە و دواکەوتووە. چونکە تائێستا نەیتوانیوە بڵێت " من نەتەوەم". گرفتی کورد لەوێوە دەست پێدەکات کە نەژادەو تائێستا نەتەوە نییە، نەتەوە: بونی بنەچەو بنەمای ھاوبەشە لەزمان و مێژوو کلتورو. . ھتد. دەکرێت دوو نەژادی جیاواز نەتەوەیەک بن، بەڵام نابێت نەتەوەیەک دابەش بکرێت بەسەر چەند نەژادێکدا. ئەگەر بانگەشەی ناسیۆنالیزمی بوون بکات، لانی کەم دەبێت دوو شەرتی بنەڕەتی ڕەچاو بکا، یەکەم:پێکھاتە بچوکەکانی وەک (خێڵ و، عەشیرەت و، ھۆز) بڕوخێنی، دووەم: بەپێچەوانەی ئیمپراتۆریەتەوە ڕێ ببڕێت. ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێت لەھەر تاقیگەیەکی شیکاری دا دای بنەی، دەردەکەوێت ناسیۆنالیزمی کوردی ناسیۆنالیزمێکە بەئەندازەیەکی باش ئیفلیجە. !!

ئەگەر بڕیاربێت، کلتور: گشت بەشەکانی ئاین، زمان، ھونەرو ئەدەب، مێژوو جوگرافیا، بەھاو تەقالیدو داب و نەریت وناسنامەی گەلێک بێت، ئەوا دەبێت بێ لێکۆڵینەوە تا زووە دان بەوەدا بنەین کە، کاتی ئەوە ھاتووە، نوخبەو ڕۆشنبیری کورد کلیک لەسەر گرفتە کۆنکریتی و ھەنوکەییەکان بکات لە چواردەوری خۆیدا. ڕوونتریش ئەگەر بناغەی کارگەو کورەیەک بۆ قاڵبونەوە لە کلتور و باری نەتەوەیی کورد لە واقیعدا ھەبوایە. ئەوا دوای نزیکەی سەد ساڵ لەداواکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئیشمان لەسەر ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی نەدەکرد. . !!. ئاخر چ مەعقولە (١١٥) ساڵە ڕۆژنامەگەریی کوردی بەردەوامە، ھێشتا یەک زمانی نوسینی کوردی نەبێت. !!. ئەگەر تیۆری بوون بەدەوڵەتمان لە سۆنگەی دەوڵەمەندکردنی کلتوری کوردی و پاراستنی دا لیکبدایەتەوە، ڕێگەیەکی ئاسانمان دەبوو بۆ دروستکردنی نەتەوە. بەپێچەوانەی شەپۆلەکەوە، دەبینین تەکانە تەکنەلۆژی و داھێنانە یەک لەدوای یەکانی خودی مرۆڤ، دەبێتە ھۆی کۆیلەبون و سەرقاڵکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەو، سەراپا کۆمەڵگای کوردستانیش دەخەوێنێت.

لەناو کورددا وا تێبینی دەکرێت ئاڕاستەیەک لە ڕۆڵی ھزرو فەلسەفی (عەبدوڵا ئۆجەلان) وابنرخێنرێت کە قوتابخانەیەکی نوێیە بۆ پەخشکردنی فەلسەفەی نەتەوەیی، لەسەر ئەو بنەمایەی ئۆجەلان بەگۆشت و ئێسقانەوە کاپیتاڵیزم و بەرھەمی سەرمایەداری بایکۆت ئەکاو، بەفێڵێکی گەورەی ناوئەبات لەمرۆڤایەتی، لەملاشەوە مارکس ئاسا ئاین بە ئەفیونی گەلان دەزانێت، کەوابێت باسکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بڤەیەو توخنی نەکەوین. ئێمە چیتر لەم باسە خۆمان لەدەوڵەت و پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن ئەبوێرین، ئەوە نەبێت ھەڵوەستە لەسەر ئەوەبکەین، بۆچی لە ساڵی (٦٣٥ ز) ەوە کەسێکی وەک (مەقدیسی) وا باس لەکورد ئەکات کە: کیانێکی جیاوازن، زمان وداب و نەریت و ھەڵس و کەوت و سروشتی خاکەکەشیان، لە دەورو بەر جیاوازە، کەچی دوای زیاتر لە ھەزارەیەک ھێشتا ئێمە لەسەر ھەمان شوناس و ھەمان چارەنووس ماوین. ! بۆچی ئیشمان لەسەر بەرەو پێش بردنی جیاوازییەکان نەکردووە؟ یان بەداخەوە بەئاگایانی کورد تێکەڵ بەگەمەی باری حزبایەتی و بەرژەوەندیخوازی بون؟. ئاخر لەوەھا سەردەمێکدا کە سەدەھا تێرم و گێژەڵۆکەی وەک: سیکۆلاریزم، دیموکراتیزە کردن، گڵۆباڵیزەیشن، کەپیتاڵیزم، بەرھەمی جۆراوجۆری تەکنەلۆژیاو بازاڕی شێواو، مافەکانی مرۆڤ، فێمێنیزم، سۆشیال دیموکرات، لێبراڵیزم، سێبەری ماکس بەسەر خۆرئاواو، تەکانی ئیسلامیەکانی ڕۆژھەڵات. . . ھتد. ئاخۆ دەبێت کلتوری گەلان و کورد بەتایبەتی لەچ حاڵێکدا بێت. . ؟. بێجگە لە دۆخی نێوخۆیی و سەرھەڵدانەوەی ڤیستڤاڵ و تۆخبونەوەی خێڵەکان، کە ڕوونە یەکیەتی نەتەوەیی و ئینتمای نەتەوەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تا زووە ئیش لەسەر بیناکردنی نەتەوەو ڕەھەندی کلتوری خۆمان بکەین.