بەپێی ئەو دۆكیومێنتەی لە بەردەستدایە، پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمان، لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 18ی رۆژی 23/7/2014دا، بە ڕەسمی بڕیاری دا كە پاش پێدانی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەیان پێ بدرێت، بەڵام وەك زانراوە ئەم بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بەو وەزارەتەیش گشتێندراوە، لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پێشێل كراوە و جێبەجێ ناكرێت.

هۆكاری پێشێلكردنی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان هەرچییەك بێت، پێشێلكردنێكی زەق و ئاشكرای بڕیارەكانی دامەزراوەیەكی شەرعیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە هەم سەرۆكی پەرلەمان و هەم وەزیری داراییش سەر بە حزبی گۆڕانن.

دیقەت بدەن، لەناو حزبێكدا دوو بەرپرسی باڵا بڕیارەكانی یەكدی پشتگوێ بخەن و جێبەجێیان نەكەن، بە چ كلۆجێك وەڵامی ئەو دەنگدەرانە دەدەنەوە كە لە هەڵبژاردنی بەرێدا دەنگیان پێ دان و خستیاننە سەر كورسیی دەسەڵات.

لە ئێستایشدا كە قەیرانە ناوخۆییەكان درێژەیان هەیە و پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی و شتی دیكە كەتوونەتە رۆژەڤەوە، نوێنەرانی گەل بە چ حەقێك لەبری خەڵكی كوردستان بڕیار دەدەن، لە كاتێكدا كە تەنانەت وەزارەتێكی ئاسایی بڕیارەكانیان پێشێل دەكات و ڕاسپاردەكانیشیان جێبەجێ ناكات.

لە ڕاستیدا دەبوو بەر لە هەمووان، پەرلەمانتارانی حزبی گۆڕان دەنگ هەڵبڕن و سەرباری ئەوەیش كە هەردوو بەرسە باڵاكە سەر بە حزبەكەیانن، بەڵام دەكرا گوشار بۆ پەرلەمان بهێنن و نەهێڵن هیچ وەزارەتێك پابەندی بڕیارەكانی پەرلەمان نەبێت.

ئاخر هەر هیچ نەبێت پاسەوانی هەموو پەرلەمانتارەكانی كوردستان لە ڕیزی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆدان و لەوێ مووچە وەردەگرن، بۆیە هیچ دوور نییە تەنانەت پاسەوانە تایبەتەكانیشیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، دەنگ بەو ئەندام پەرلەمانانە نەدەن كە قسەیەكی خێریان بۆ وەزارەتی ناوخۆ نەكردووە و بگرە دروست پێچەوانەكەی، لەبەر بەرژەوەندیی حزبی، بەرژەوەندیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیان بەلاوە ناوە و، لەبری لاكردنەوە لەو توێژە دڵسۆز و چاوكراوەیە، گوێڕایەڵی وەزارەتی دارایی بوون.    

ماوەتەوە بێژین، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمن، جگە لەوەی ئەركی قورسیان لەسەر شانە كە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانە، دڵسۆزانە شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەك تا سەقامگیریی باری ئەمنیی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بێت و دەرفەت نەدەن تاوان ئەنجام بدرێت و ئەو تۆمەتبارانەیش قۆڵبەست بكەن كە لە تاوانێكەوە تێوە گلاون، لە هەمان كاتدا لە شەڕی تیرۆریستانی داعشیشدا هاوشانی برایانی پێشمەرگە رۆڵی بەرچاویان لە تێكشاندن و ڕاوەدوونانی تیرۆریستاندا بینی و ئێستایش بەشێكیان لە بەرەكانی جەنگدان.

بۆیە جێی خۆیەتی هەرچی زووە ئاوڕێك لەو توێژە ماندوویینەناسە بدرێتەوە و بەلای كەمەوە لە پێدانی مووچەدا وەزارەتی ناوخۆ، دوایین وەزارەت نەبێت.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755