بەوپێیەی باری سیاسی، ئابووری و سەربازیی هەرێمی كوردستان ئێستا بە دۆخێكی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، پرسی جێگرەوە و هەڵبژاردنی كەسێكی شیاو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، مامەڵەیەكی ژیرانەی پێویستە و دەشێ تێكڕای لایەنە سیاسییەكان و جەماوەرەكەیشیان درك بەو ڕاستییە بكەن كە هەر هەڵەیەك لە ئاستانەی ئەو پرسە گرینگ و جێبایەخەدا، بەرپرسیارێتیی مێژوویی بەدواوەیە و هەر لایەنێكیش ببێتە هۆكاری سەرهەڵدانی تەنگژە لەم ڕووەوە، دواجار نە دەنگدەرانیان قبووڵی دەكەن و نە خەڵكی كوردستانیش بە گشتی دێنە ژێر باری دروستكردنی تەنگژە و ئاڵۆزیی سیاسی لە ناوچەكەدا و دوور نییە كاردانەوەیشیان هەبێت.

هەموو دەزانن كە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی سەبارەت بە هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆككۆماری عێراق، هێشتا درێژەی هەیە و لە هیچ لایەكیشمان نەبیستووە بە فەرمی كۆتایی بەو رێككەوتنە سیاسییە هێنابێت، كەواتە لەسەر ئەو بنەمایەی كە یەكێتی و پارتی و هەروەها كورسییەكانی كۆتاش كە هەموویان پێكەوە زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانیان بە دەست هێناوە، بەشی شێریان لە بڕیاردان لەبارەی دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەر دەكەوێت و وەك ئاشكرایشە پشكەكە هی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

لە ڕوانگەی ئەوەی كە خەڵكی كوردستان چاوكراوەن و لەو حەقیقەتە حاڵین كە ئەو شەڕەی هەندێك دەزگای میدیایی لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەیكەن جگە لەوەی موزایەدەی سیاسییە، بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی زیاترە و هیچ تر، ئاخر هەر هیچ نەبێت هاونیشتمانیان لە خۆیان دەپرسن، بۆ دۆخی ئێستا ئەلتەرناتیڤی بارزانی كێیە؟

ئەوەیش گومان هەڵناگرێت كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و زۆرینەی هەوادار و لایەنگرانیشیان دەزانن تاڵەبانی لە ئێستادا و بە هۆی باری تەندروستییەوە، وەك پێویست ناتوانێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوە بەرێت و هەر لەبەر ئەوەشە كە باوەڕیان وایە، بەدیلی بارزانی، بارزانی خۆیەتی.

سەبارەت بە لایەنە ئیسلامییەكانیش كە بە ڕەسمی لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا لەسەر ئەو پرسە دژبەر نین، تەنیا هەندێك هاشوهووشی ئیعلام نەبێت، كە بە بڕوای من دیسان ئەویش بۆ دەستخستنی پۆست و ئیمتیازاتی زیاترە و بەس.

لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، دووفاقییەكی تەواو لەمەڕ پۆستی سەرۆكەوە هەستی پێ دەكرێت، كە دەبوو لەگەڵ دەنگدەرانیاندا ڕاستگۆتر بن و وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردنی بەرێدا گفتیان پێ دان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەكانیانەوە.

وێڕای هەموو ئەوانەش، دەكرێ هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سازانی نیشتمانی و رێككەوتنی دیپلۆماسیی نێوان لایەنە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردنی ڕابردوو و تەنانەت ئەو لایەنانەیش بێت كە خاوەنی كورسیی پەرلەمانی نین، چونكە ئەوانیش خاوەن پێگەی جەماوەرین و دەبێ ڕێز لە ئیرادەیان بگیرێت.

بژاردەیەكی دیكە گەڕانەوەیە بۆ ڕای دەنگدەر و هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ڕاپرسییەوە، كە ئاخۆ وەك هەڵبژاردنەكەی پێشوو (هەموو بەربژێرەكان) بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن، یاخود ڕایان گۆڕاوە و دەخوازن خۆیان ڕاستەوخۆ سەرۆك هەڵبژێرن، ئاخر هیچ دوور نییە خەڵك لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕای گۆڕابێت و متمانە بە كاندیداكانی حزبێكی دیاریكراو نەدات و نەشهێڵێت لەبری ئەو، بڕیاری یەكەم و كۆتایی بدەن.

Pishderi81@gmail.  com

07504302755