لەو وەختەوەی كە رێككەوتنی نەوتی لە نێوان هەولێر و بەغدادا لەسەر هەناردەی نەوت و پێدانی بوودجەی هەرێم واژۆ كراوە، سەرباری ئەوەیش كە دەبوو بەغدا موستەحەقاتی هەرێم بدات و پشكە بوودجەی بۆ ڕەوانە بكات، كەچی بەردەوام خۆی لە رێككەوتنەكە دزیوەتەوە و بە ئاشكرا ماف و داخوازییە سەرەكییەكانی هەرێم كە لە بوودجەدا بەیاسا كراون، لەلایەن بەغداوە پێشێل كراون و سەروەری و پێگە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان كە لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بایەخی ئەوتۆی پێ دراوە و دەدرێت، خەریكە لەبەر هەندێك بەرژەوەندیی مەزهەبگەرایی و دەستوەردانی هێزە ناوچەییەكان، كاڵ دەبێتەوە.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە هەموو قەیرانە یەك لە دوای یەكەكاندا دەشێ بەشێك لەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت كە دەكەوێتە ئەستۆی، هەندێك جار بیانووی هێناوەتەوە و خەڵكی كوردستانی لەبەر ڕاگرتنی باڵانسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، لە مافە دارایی و مەعنەوییەكانی بێبەش و مەحرووم كردووە.

 

هەولێر كە لە بەرانبەر بەغدادا هەمیشە بە جۆرێك لە جۆرەكان سازشی كردووە، ئیدی هەق نییە رێگا بدات لەبەر رێككەوتنێكی زارەكی و سادە، ستەم لە هاووڵاتی و هاونیشتمانیان بكرێت و نە بوودجەی پێویست بە هەرێم بدرێت، نە مووچەی پێشمەرگەش لە كاتی خۆیدا بدات.

ئەو مامەڵەیەی كە ئێستا هەولێر لەگەڵ بەغدادا دەیكات، مامەڵەیەكی نالۆژیكیانەیە و پێویستە هەرچی زووتر هەرێمی كوردستان فۆڕمی هەڵسوكەوتی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ بەغدادا بگۆڕێت.

حكوومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان (باشوور) كە قەیران دوای قەیران لەسەری كەڵەكە دەبن، یان دەبێ ئەلتەرناتیڤ بۆ رێككەوتنە زارەكییەكانی بەغدا بدۆزێتەوە، یانیش قبووڵی ئەوە بكات كە مانەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدادا، تەنگژەكانی زێدەتر و بەرفرەتر دەكەن و دواجار چارەكردنیان ئەستەم دەبێت، ئەگەر نەڵێین دەچنە خانەی مەحاڵیشەوە.

هەندێك كاربەدەست و وەزیر و گزیری كورد لەسەر ئەو باوەڕەن كە جارێكی دیكە رێككەوتن لەگەڵ بەغدادا واژۆ بكرێت، لێ ئەو بۆچوونە لە مەهزەلە و كۆمیدیا زیاتر نییە و بەرەنجامی باشیشی لێ ناكەوێتەوە.

ئاخر ئێمە چەند جار دەستمان بۆ رەژوو (پۆلوو) برد و هەمدیس خۆمان سووتاین و ئێستایش دەخوازین دەست بۆ ئاگرێك بەرین كە دیسان بێبەزەییانە دەمانسووتێنێت و قوربانی پلە یەكیش هاووڵاتی و فەرمانبەری ئەم هەرێمەن كە بەئاگا یان بێئاگا، بە ناهەق زوڵمیان لێ كراوە و دەكرێت.

ئەگەر بڕیار وایە بەغدا حكوومەتی قەیران بێت و كەس گوێ بۆ داواكاری و داخوازییەكانی پێكهاتەكانی دیكە نەگرێت، لەو شەڕە ئیقلیمییەدا ناكرێ كوردستان ببێتە بەشێك لە قەیران.

باشترین بژاردەش بۆ ئێستا، سەربەخۆیی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستانە كە دواكەڕەت رێگا بۆ سەربەخۆیی سیاسی و دیپلۆماسییش خۆش دەكات و حكوومەتی هەرێمیش (كە زۆربەی لایەنە سیاسییە پێگە جەماوەرییەكان تێیدا پشكدارن) نەك تەنیا زیان ناكات، بگرە تۆپەكە دەخاتە گۆڕەپانی خۆیەوە و چ ئاڕاستەیەكی پێ باش بێت، بەوپەڕی جورئەت و بوێرییەوە شووت لە تۆپەكە دەدات و ڕەنگە لەبری گۆڵێك، دوو گۆڵیش تۆمار بكات.

 

سڵكردنەوەی زیاتر لەوەی ئێستا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بە بڕیاربەدەستەكانی هەرێمەوە دەبیندرێت، ئاكامێكی باشی نابێت، چ بۆ ئێستا و چ بۆ داهاتووش. مێژووش ورد و درشتی ڕووداوەكان دەنووسێتەوە و شەرم لە ئەم و ئەو ناكات.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

0759302755