ئەلتەرناتیڤی قەرزی نێودەوڵەتی. . ناكۆكی و تەبایی ... ئومێد بابان
- Details
- Parent Category: نووسەرەکان
- ئومێد پشدەری
- Hits: 417
چەند رۆژی ڕابردوو كە پرسی قەرزی نێودەوڵەتی لەلایەن حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانەوە خراوەتە رۆژەڤەوە، دەمەتەقێ و گەنگەشەی زۆری لەبارەوە كراوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەندێك لایەن بە وەرگرتنی قەرزەكە كۆك و هەندێكیشیان ڕای جودایان هەیە و سەبارەت بەو پرسە هەنووكەییە لەگەڵ هێزە سیاسی و لایەنە سەرەكییە بڕیاربەدەستەكان، ناتەبان.
لەم بارەدا كە خوێندەوار و نەخوێندەوار، دۆخی ئابووری و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش لەلایەك، قەیرانە داراییەكەی بەغدا و خۆدزینەوە لە ڕێككەوتننامە واژۆكراوەكان لە لایەكی دیكەوە، دەبیستن و دەخوێننەوە، پێویستیی ڕاوێژكردن بە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری ئابووریدا دێتە كایەوە.
ئەو ڕا جیاوازانەی كە لە میدیاكاندا بەر چاومان دەكەون و سەرنجمان كێش دەكەن، زۆرینە لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی پەنا بۆ قەرزی نێودەوڵەتی بەرێت و پێویستی و بۆشاییە داراییەكانی پێ پڕ بكاتەوە.
هەندێكیش لەسەر بنەمای ئەوەی قەرزەكە زیادەی دێتە سەر و پێچەوانەی پرەنسیپەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، بەوپەڕی باوەڕەوە بایكۆتی دانیشتی پەرلەمان لەو بارەیەوە دەكەن و ئەو فۆڕمەی قەرزكردن ڕەت دەكەنەوە.
پرسیار لێرەدایە، ئەگەر زۆرینە لەگەڵ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی بن و كەمینەش دژی بوەستنەوە، ئەلتەرناتیڤ چییە؟
هەرچەندە لە سیستمی دیموكراسیدا قسەی یەكەم و كۆتایی زۆرینە دەیكات و خاوەنی بڕیارە، بەڵام دەشێ ڕای كەمینەش بە هەند وەربگیرێت و زۆرینە لە تێبینی و سەرنجی ئەوانی دیكەش بكۆڵێتەوە و كەڵك لە دیدگا و تێڕوانینە جوداكانیان وەربگرێت.
لەم بارە ناهەموارە ئابووری و تەناهییەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت و شەڕی دەستەویەخەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا دەست پێكردووە و بەردەوامیش دەبێت، لە كاتێكدا كە بەغداش ئابڵووقەی ئابووریی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، پرسی ئەوەی ئەلتەرناتیڤی قەرزی نێودەوڵەتی چییە، پرسێكی جێبایەخە و دەكرێ ڕوونتر لە بنج و بناوانی ورد بینەوە.
ئەگەر بە ڕاستی ئەو لایەنانەی لەگەڵ قەرزی نێودەوڵەتیدا ناكۆكن و بڕوایان وایە بەشێك لە هاونیشتمانیانی ئایینپەروەری كوردستان قبووڵی ئەو بێنەوبەردەیە ناكەن و لە ڕووە ئایینییەكەیەوە ناتەبا و دژبەرن، ئەركی سەرشان و ئەمری واقعیشە رێگایەكی دیكە بۆ دابینكردنی مووچە، بوودجە و بژێویی خەڵك بدۆزنەوە.
سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و تەنانەت هاووڵاتییەكی سادەش، درك بەو هەقیقەتە دەكەن كە كۆمەڵگای عەرەبی و ئیسلامی بە درێژایی مێژوو و بە ئێستاشەوە، نەك هەر لە باری تەنگەتاویدا بە هانای كوردستانیانەوە نەهاتوون، بگرە هەندێك جار بە ئاشكرا و هەندێك كەڕەتیش ناڕاستەوخۆ رشتنی خوێنی كوردیان حەڵاڵ كردووە و بێباكانە كوردستانیانیان ئەنفال، زیندەبەچاڵ، كیمیاباران و كۆمەڵكوژ كردووە و بێبەزەییانە رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان بە ورد و درشتەوە بەرەو مەرگێكی تراژیدی ڕاپێچ كردووە.
ئەگەر زۆر درێژدادڕی نەكەین، دەبێ بپرسین، دەكرێ بە هاونیشتمایان بێژن ئەلتەرناتیڤی قەرزی نێودەوڵەتی چییە؟
ئایا لە چ كەلەبەرێكەوە ژیانی ئاسایی بۆ خەڵك دەگەڕێننەوە؟
ئەو حكوومەتە بنكەفراوانەی كە خۆشتان تێیدا پشكدارن، گریمان پێویستی بە ڕاوێژ و ڕای ئێوە هەبوو، چۆن دەتوانن هاوكار بن و لە چ ڕێگایەكیشەوە یارمەتیدەر دەبن تا هەرچی زووتر و بە كۆمەكی هەمەلایەنە، ئەو بارە سەختە تێپەڕێنین؟
Pishderi81@gmail. com
07504302755