پسپۆڕی و تایبەتمەندی لە هەر پیشەیەكدا، هەلی ئەوە دەڕەخسێنێت وردبینتر دەستوپەنجە لەگەڵ كارەكەتدا نەرم بكەیت و بە وریاییشەوە خاڵ بخەیتە سەر و ژێری پیتەكان و سات دوای سات بە دوای نوێگەریدا وێڵ بیت، یەكێك لە پرەنسیپەكانی پیشەییبوونیش ئەوەیە، هەم شتی نوێ ئەزموون بكەیت و هەم ئەمڕۆشت لە دوێنێ جیاواز بێت.

پیشەی رۆژنامەوانییش وەك هەر پیشەیەكی دیكە، پێویستی بە سەلیقە و لێهاتوویی هەیە و دەكرێ لەو دەلاقانەوە بێیتە ناو ئەو دنیایەوە كە بوێرانە بەرپرسیارێتیی پیشەیی و مۆراڵی لە ئەستۆ بگریت و كەم و زۆر بەرژەوەندیی كەسی و حزبی، بە لاڕێدا نەتبەن.

ئەمە بۆ ئەوەیە كە بڵێین، بەوپێیەی ئەركی رۆژنامەوانان گەیاندنی زانیارییە بە وەرگران بە گشتی لە كەمترین كات و لە دوورترین شوێنەوە، ڕەچاوكردنی ڕاستگۆیی لە گەیاندن، ئەركە لەپێشینەكەی ئەو توێژە چاوكراوە و بزێوەیە بە واتا شموولییەكەی.

دنیای رۆژنامەوانی كە لە سەردەمی ئەمڕۆدا وەك لقێك لە زانستە مرۆییەكان هەژمار دەكرێت، ئەو ئەركە دەخاتە ئەستۆی رۆژنامەوانان، شارەزایی زیاتر لە بوارەكەدا دەست بخەن و هەرچی زیاتر شتی تازە فێر بن و لە شوێنێكدا چەق نەبەستن، چونكە هەروەكچۆن پیشەكانی دیكە رۆژ دوای رۆژ لە بەرەوپێشچووندان، دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت كە پیشەی رۆژنامەوانییش هاوشانی پیشەكانی دیكە و بگرە خێراتریش، پێشڤە دەچێت و هەر لەو ڕوانگەیەیشەوەیە دەكرێ بڵێین، دەبێ بابای رۆژنامەوان بەوپەڕی دڵسۆزی و ڕاستبێژییەوە هەم وەرگران لە ڕووداو و پێشهاتە هەنووكەیی و رۆژەڤەكان تێر بكات، هەم لەو میدیایەیشدا كە كاری تێدا دەكات، خۆشەویستییەكی ڕاستینەی بۆ كارەكەی هەبێت و شەكەتی و گەڕانی تاقەتپڕووكێنی بێهوودەش بە دوای زانیاریی نوێدا، لە ئیشەكەی و دڵسۆزی بۆ پیشەكەی ساردی نەكەنەوە.

پرسی ئەوەی كە كێ رۆژنامەوانە، قسەی زۆر هەڵدەگرێت، لێ بە هەموو بارێكدا ئەوانە رۆژنامەوانن كە شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەك تا شارەزایی زیاتر لە هەواڵ، راپۆرتەهەواڵ، ڕاپۆرت، ریپۆرتاژ، چاوپێكەوتن و ژانرەكانی دیكەی رۆژنامەوانی پەیدا بكەن و جگە لەوەی بیر و هزری خۆیانی زیاتر پێ دەوڵەمەند بكەن، وەرگران زیاتر بخەنە ژێر كاریگەرییەوە و سەرنجی ڕای گشتیش بۆخۆیان و دەزگا میدیاییەكانیش كێش بكەن.

زانست و پیشەی رۆژنامەنووسی كە لەم چەرخەدا ڕوو لە فراوانی، بەربڵاوی و گشتگیرییە، ئەو دیفاكتۆیە بەسەر رۆژنامەواناندا دەسەپێنێت كە لە رێگەی (سەرچاوەكانی دەستكەوتنی زانیاری لەبارەی پیشەكەوە)، هەوڵ بدەن زیاتر و زیاتر لە داڕشتنەوەی هەواڵ، ئامادەكردنی ڕاپۆرت و رێپۆرتاژ، سەرنجڕاكێشترین مانشێت و لید، لێهەڵێنجان لە لێدوانە تەلەفۆنییەكان و. . تا دوایی، شارەزا بن.

گومانیشی تێدا نییە كە دروستكردنی پەیوەندیی هەمەلایەنە و فرەچەشن لەگەڵ خەڵك و بەرپرسە پەیوەندیداردە حزبی، حكوومی و ئیدارییەكاندا، كارئاسانیی باش بۆ رۆژنامەوانان دەكات و هەرچی زیاتر لە دەستخستنی زانیاری و پێشهاتە نوێیەكان نزیكیان دەخاتەوە، هەروەك دەرگای بەدواداگەڕانی بابەتگەلی تازە و ڕووداوە نوێیەكانیان پتر بۆ ئاوەڵا دەكات و لەو ژێدەرانەوە دەتوانن ورد و درشتی ڕووداوەكانی رۆژ، وەك خۆی بە وەرگران بگەیەنن.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755