وەك لای هەمووان ڕوونە، رۆژ دوای رۆژ پێگەی سیاسیی بەغدا لە ئاستی "هەرێمایەتی" و نێودەوڵەتیدا ڕوو لە لاوازییە، بە پێچەوانەشەوە حكوومەتی هەرێم سات دوای سات متمانەی زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستەبەر دەكات و جگە لەوەی كە گەرەنتی دەدات تیرۆر لە هەر شوێنێك بێت ریشەكێشی دەكات و تا ڕادەیەكی باشیش ئامانجەكەی پێكاوە، بە پرەنسیپ و بنەماكانی دیموكراسیی ڕاستینەوە پابەندە و پێكەوەژیانی ئایینی و فرەیی (بە واتا گشتییەكەی) لەمێژ ساڵە لە كابینە دوای یەكەكاندا ڕەنگی داوەتەوە و جێی شانازین و دەشبن.

ئەوەی جێی تێڕامانە، بەغدا لە دەستپێكی كابینەكەی مالیكییەوە تا كابینەكەی عەبادیش، كە كورد رێگای پێدان بێنە سەر كورسیی دەسەڵات، وەك هەمیشە دەسەڵاتێكی مەركەزیی دوور لە عورفی دیپلۆماسی و بەدەر لە پرەنسیپە باوەكانی دیموكراسی پەیڕەو دەكات و هەموو پێكهاتەكانی دیكە، بە كورد و سوننەشەوە، پەراوێز دەخات و دەرفەتی هاوبەشی لە حوكمڕانیدا، بە هێز و لایەنە سەرەكی و سیاسییەكانی دیكە نادات.

كوردیش كە زۆر جار چووەتە ژێر باری دۆخە ناسك و هەستیارەكانی عێراقی "فیدراڵ"ـەوە و سازشی لەسەر بەشێك لە مافە نەتەوەیی و هەندێك كەڕەتیش نیشتمانییەكان كردووە تا باڵانسی هاوكێشە ئیقلیمییەكە ڕابگرێت، زیانی زۆری كردووە تا ڕادەی ئەوەی، قوتی هاونیشتمانیان بڕا و بودجەی پێشمەرگە نەدرا و هتد. . بە كورتی، بەغدا بە پاساوی جۆراوجۆر ستەم لە حكوومەتی هەرێم و خەڵكەكەشی دەكات، بەوەی كە لەلایەك بە ئاشكرا پابەندی ڕێككەوتنە نەوتییەكە نییە و لە لایەكی دیكەشەوە، فشار بۆ هەرێم دەهێنێت هەرچی زیاتر نەوت هەناردە بكات، بۆچی؟ تا قەرەبووی ئەو داڕمانە ئابووری و سەربازییەی پێ بكاتەوە كە لە زۆربەی ناوچە عەرەبنشینەكانی عێراقدا بە گوێچكە و چاوی خۆمان بیستمان و بینیشمان.

ئەو بارە ناهەموارە سیاسی و تەناهییەی كە ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، پێویستیی ئەوە دێنێتە كایەوە كە هەرێمی كوردستان بیر لە بەكارهێنانی كارتەكانی گوشار بكاتەوە.

ڕەنگە یەكەمین و كاریگەرترین كارت ئەوە بێت، هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوت هەناردەی دەرەوە بكات و لەو رێگەیەشەوە هەم سەربەخۆیی ئابووری مسۆگەر بكات، هەم پەیامێكیش بداتە دەسەڵاتدارانی بەغدا كە ئەگەر چیتر خەڵكی كوردستان ئیحراج بكەن، بژاردەی دیكە هەن و هەموو ئەلتەرناتیڤەكانیش لە بەرژەوەندی و سوودی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان.

ئەگەر بڕیار وایە بەغدا خۆی لە رێككەوتنە نەوتییەكە بدزێتەوە و بێباكانە قوتی هانیشتمانیان ببڕێت، دەشێ حكوومەتی هەرێم كارتی دیكەی سووریش بۆ بەغدا بەرز بكاتەوە.

كام كارت؟ كارتی جیابوونەوەی یەكجارەكی لە "عێراقێكی نوێ"ـدا، ئەو عێراقەی فەرمانڕەواكانی ڕوون و ڕەوان ئاماژەمان دەدەنێ، ئیدی كاتی ئەوەیە بارگە و بنە بپێچنەوە و نوێنەرەكانتان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە بەغدا بكەن.

هێشتا كات لە بەردەمدا ماوە، ڕەنگە زوو یان درەنگ، ئەو كارتانە بسووتێن كە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، بەرامبەر بەغدا و كاربەدەستەكانی، لە مشتیاندان.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755