ئەگەرچی هێشتا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام بڕیاری پڕچەككردنی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، ڕەهەندی جیاجیا لە خۆ دەگرێت و دەشێ وا خوێندنەوەی بۆ بكەین كە پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، زۆر لە حوكمڕانییە شكستخواردووەكەی بەغدا جێبایەخترە و ئەمەیش دەریدەخات كە لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، متمانە و سەنگی حكوومەتی هەرێم رۆژ دوای رۆژ لە هەڵكشانی زیاتردایە.

تێخوێندنەوەیەكی دیكە سەبارەت بە پرسی پڕچەككردنی پێشمەرگە كە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراقی نیگەران و دووچاری شۆك كردووە، ئەوە نیشان دەدات كە هەندێك لایەن و بە تایبەتیش شیعەكان، ترسیان لە فراوانتربوونی هەژموون و قەڵەمڕەویی هەرێم لە ناوچەكە و جیهاندا و هەروەها داهاتووی گەشی پێشمەرگە هەیە، كە وەك هێزێكی نێودەوڵەتی دانی پێدا نراوە، ڕەنگە ئەو ترسەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەرچی پێشمەرگە بەهێزتر و پڕچەكتر بێت، هەرێمی كوردستان زیاتر لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ نزیك دەبێتەوە.

وەك ئاشكرایە، لە ئێستادا كە پێشمەرگە لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات، بەشێكی زۆر لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بە چاوی دەوڵەتەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن و مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، هەر لەبەر ئەوەشە كە پرسی پڕچەككردنی پێشمەرگە بەلای بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە مایەی قبووڵكردن نییە و دوای بڕیارەكەی كۆنگرێسیش كێچ كەوتووەتە كەوڵی هەندێك سیاسییەوە و لێدوانی نابەرپرسیارانە و دوور لە ئەتەكێتی دیپلۆماسیانە دەدەن.

ئەگەرچی دەوڵەتمەداری كارێك وەها ئاسان نییە، بەڵام مافی خەڵكی كوردستانە لە داهاتوودا چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن و ببنە خاوەنی دەوڵەت و، سوپایەكی نیشتیمانیی بەهێز و پڕچەكیشیان هەبێت، چونكە دەوڵەت لەسەر بنەمای ئابوورییەكی بەهێز و سوپایەكی پڕچەك و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بنیات دەنرێت، بۆیە نابێ ئەو مافە لە هاونیشتمانیان زەوت بكرێت و بۆ بەرژەوەندیی حزبی و مەرامی سیاسی، كە زۆر جار دەوڵەتانی ئیقلیمی وەك ئاگری بن كا وان و دەست لە كاروباری ناوخۆ وەردەدەن و تۆوی دووبەرەكی دەچێنن، لێدوانی نابەرپرسیارانە بدرێت و دژی پڕچەككردنی هێزێك بوەستنەوە كە تەنگی بە تیرۆریستانی داعش هەڵچنیوە، لە كاتێكدا ئەو تیرۆریستانە تەنیا مەترسی نین بۆ سەر هەرێم، بگرە بە پلەی یەكەم هەڕەشەی گەورە و خەتەرناكن بۆ سەر بەغدا و تەنانەت كۆمەڵگای مرۆڤایەتیش.

وەك ئاشكراشە، دوێنێ پڕۆژەیاسای دەسەڵاتپێدانی چالاكیی بەرگریی نیشتمانی كە تێیدا پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە یەكێك لە خاڵەكانی بوو، لەلایەن كۆنگرێسەوە بە ٦٠ دەنگی بەڵێ سەری گرت و، ئیدی لەمەودوا ئەمەریكا بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، چەك بە هێزەكانی پێشمەرگە دەدات.

بیریشمان نەچێت كە لیژنەی كاروباری سەربازی لە كۆنگرێسی ئەمەریكا كە خاوەنی پڕۆژەیاسایەكی گرینگ بوو بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و، داوای دەكرد كە ئەمەریكا ڕاستەوخۆ هێزەكای پێشمەرگە پڕچەك بكات، لە دانیشتنی دوێنێیدا پڕۆژەیاساكەی پەسەند كرد و ڕێگای بە سەرۆكی ئەمەریكا دا كە ٧١٥ملیۆن دۆلار وەك كۆمەكی سەربازی بە هێزە عێراقییەكان بدرێت، بەڵام گرینگتر لەمە لیژنەی كاروباری سەربازیی كۆنگرێس بە ٦٠ دەنگی بەڵێ، پڕۆژەیاسای دەسەڵاتپێدانی چالاكیی بەرگریی نیشتمانیی پەسەند كرد كە بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە ئیدی ئەمەریكا دەتوانێ ڕاستەوخۆ هێزەكانی پێشمەرگە پڕچەك بكات.

ئێستاش كە شەڕ دژی خەتەرناكترین گرووپی تیرۆریستی لە عێراقدا درێژەی هەیە، دژەكاردانەوە دەرهەق بە پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە و بگرە دروست پێچەوانەكەی ڕاستە.