كاتژمێر 8 و 30 خولەكە، ئەو دەمەی دەمەوێت بەرەو شوێنی كارەكەم و ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی سەرشانم بەڕێ بكەوم، سواری پاسێك دەبم و لە پشتی پشتەوە دادەنیشم. 

بەو بەرەبەیانییە، كە مرۆڤ پێویستی بە پشوویەكی كورتی رۆحی و دەروونی و هێوربوونەوە هەیە، بابای شوفێر سترانێكی شادی بۆ سەرنشینان هەڵكردووە و ناوە ناوەش جگەرەیەك دادەگیرسێنێت و لەنێو دووكەڵدا قانگمان دەدات.
چەند خولەكێك نابات، پیرەژنێك بە دەست ئاماژە بۆ وەستانی پاسەكە دەكات، كە شوفێرەكە ئۆتۆمبێلەكە ڕادەگرێت، بەساڵداچووە داماوەكە نیوەی دەرگایەكەی بە تەواوی نەكردووەتەوە كە بابای شوفێر پێ لەسەر سكرێتەر دادەگرێت و هێندەی نامێنێت كارەساتێكی دڵتەزێن ڕوو بدات.
لەنێو سەرنشینەكاندا هاتوهاوار دروست دەبێت، یەكێك دەڵێت، ئەرێ تۆ بەشەر نیت هەی؟ . . . توت. خۆ خەریك بوو ئەو پیرەژنە بەدبەختە بە تایەكانت بشێلیت. ئەوەی تەنیشتیشی درێخی ناكات و چی قسەی سووكە ئاڕاستەی شوفێری پاسەكەی دەكات.
شوفێرەكە ئاوڕێك دەداتەوە و ڕووە و دوو سەرنشینەكە قسە دەكات: فەرموون بۆ خوارەوە، ئەگینا. . . دیسان توت.
بە كورتی، شەڕی پیرەژن و دوو سەرنشین و شوفێرێك دەقەومێت، تێر یەكدی بە قسەی توند دەشۆنەوە و پاشان جارێكی دیكە بەڕێ دەكەوینەوە.
لە رێگادا، فێرخوازێك دەیەوێ بچێتە كۆلێژ و پاسەكەش بۆی ڕادەگرێت، لە پشتەوە تەكسییەك دەشكێنێتەوە سەرمان و دوای هۆڕنلێدانێكی زۆر، لەگەڵ شوفێری پاسەكەدا تا دڵیان ئاو دەخواتەوە، جنێو بە یەكدی دەفرۆشن.
كە لەوێش دەربازمان دەبێت، دووبارە ئاڕاستەی ڕێگاكە دەگرینە بەر، بەڵام چی ڕوو دەدات؟ دوو گەنج (كە وا دیار بوو هاوڕێ بن) لەنێو پاسەكەدا دەماقاڵە دەكەوێتە بەینیان و مەسەلەكە دێتە سەر چەقۆ و كەتەروەشاندن، لێ خەڵكی خێرۆمەند و ئاشتیخواز هێمنیان دەكەنەوە و ناهێڵن خوێن بڕژێت.
هێشتا لە تەیكردنی ڕێگا بەردەوامین، كەمێك دواتر، یەكێك لە سەرنشینەكان گەدەی تێك دەچێت و بەسەر كوشنەكاندا دەڕشێتەوە، شوفێرەكە دەیكاتە گاڵەگاڵ و هەمدیس شەڕی دەستەویەخە و خۆخاڵیكردنەوە لە یەكدی، درێژە بە چیرۆكی تووڕەیی دەدات.
پیاوێكی ڕیشسپی و دنیادیتە، كە وەك خۆی گوتی خوێندەوارە و فەرمانبەری حكوومەتیشە، بێزاری گەیشتە بنەقاقای و چیدیكە نەیتوانی بێدەنگ بێت.
ئەو كە لەسەر كورسییەكەی پێش من دانیشتبوو، بە دەنگێكی بەرز ئاماژەی دایە شوفێر و سەرنشینەكانیش: ئەرێ ئەم هەموو تووڕەییە لە پای چی؟ ئێمە تا كەی فێری لێبووردەیی و ئاشتەوایی و پێكەوەهەڵكردن دەبین؟ ئەرێ بۆ لە وەتەرەكانی تووڕەیی یەكتر دەدەین، سازش بۆ یەكتری ناكەین و چێژیش لە شكاندنەوەی یەكدی وەردەگرین؟ بۆ؟
كاتژمێر 9 و 23 خولەكە، كە دەچمە سەر كار و چیرۆكەكەیان بۆ دەگێڕمەوە، بەڵێنم پێ نادەن كە چاوپۆشی لە دواكەتنم بكەن و، وەك سزا بڕێك لە مووچەكەم كەم نەكەنەوە.