گەر لە چەمكی توندڕۆیی ورد بینەوە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئەو كاتەی كە مرۆڤ هەستی خاوەندارێتی بەسەریدا زاڵ بوو و كەڵكەڵەی داگیركردنی خاك و ئاو و ئایدۆلۆژیای ئەوانی دیكە هزری بە خۆیەوە سەرقاڵ كرد، لەوە حاڵی دەبین كە جیاوازیی مێژوویی نێوان كولتووری توندڕۆیی ئەمڕۆ و دوێنێ تەنیا تاڵە موویەكی باریكە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا كە ئیسلامی سیاسی دەستی لە بینەقاقای خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان گیر كرد، توندڕۆیی ئیسلامی گەیشتە لوتكە و ئۆكسجینی لە دیموكراسی و پرەسیپ و بنەماكانی، هەندێك جار كەم كردەوە و زۆر كەڕەتیش بە یەكجاری بڕی.

لەوێوەیە كە دەبێ هۆشیار بین، هەرێمێكی وەك باشوور كە لافی دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ، ئازادیی تاكەكەسی و سەربەستیی دەربڕینی بیروڕا لێدەدات، نابێ و ناشێ بكەوێتە ژێر هەیمەنەی ئیسلامی سیاسی و ئەو بیرە بەرتەسكانەی كە لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامپەرستی و ئایینپەروەرییەوە دەكەونەوە.

 

ڕەنگە بەو پێیەی لە ئیسلامناسیدا كەمێك ناشارەزا بم، نەتوانم ورد و درشتی ئەو هزری توندڕۆییەی كە بەشێك لەو گرووپە جیهادیانەی خۆیان گوتەنی (لە ئایەت و فەرموودەوە فەرمان وەردەگرن) ڕاڤە و شی بكەمەوە، بەڵام هێندەی ئەوەش لەو دیفاكتۆیە تێدەگەم كە بڵێم، ڕێگادان بە بڵاوكردنەوەی بیری تەكفیری و جیهادی و تا دوایی، خەتەرێكی گەورەن بۆ سەر باری سایكۆلۆژیی خەڵكی كوردستان و نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزیی سیاسی و تەناهی لە هەرێمدا.

بە مانایەكی دیكە، ئەو گرووپ و تەنانەت حزبانەش كە لە ژێر سایەی سەربەستییەكی نیمچە ڕەهادا، لە مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی دیكەیش ئایدیای توندوتیژی بە هەرزەكار و نەوجەوانان، گەنجان و پیران دەفرۆشن، مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاییندەی ئەو وڵاتە دروست دەكەن و دواجار كاردانەوە نەخوازراوەكەی لە ڕەفتار و گوفتاری نەوەی كۆن و بگرە دواڕۆژیشدا ڕەنگ دەداتەوە.

ئەو ڕاستییەی كە ئێستا لای زۆرێكمان ڕوونە و شایەتیی بۆ دەدەین، بەشێك لە حزبە ئیسلامییەكان بە ناوی ئیسلامپەروەرییەوە مێشكی هاونیشتمانیان بە ژەهری توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی یەكدی و دووكەڵی خنكاندنی پێكەوەیی قانگ دەدەن و رێگایەك بۆ پێكەوەژیان ناهێڵنەوە.

 

بۆیە، هەق وایە لەو هەرێمەدا كە دەزگا و دامەزراوەی ئەمنیمان هەن و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش لە ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و نەهێشتن و بنبڕكردنی توندوتیژیدا پێشەنگە، دڵنیایی بدەنە هاووڵاتیان كە هەموو ئەو دەستانەی هزری توندڕۆیی و گوتاری لێكدابڕان و دووركەوتنەوە لە ئاشتەوایی ئایینی و كۆمەڵایەتی بڵاو دەكەنەوە، دەرفەتیان نەدرێت چیدی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی وڵاتێك بخەنە مەترسیی جدییەوە.

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755