وەك لە مێدیاكاندا بڵاو بووەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە زانكۆی حەیات كە بارەگاكەی لە هەولێری پایتەختە، كۆمەڵێك قوتابی و خوێندكاری عەرەب ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان لەسەر بینای زانكۆكە داگرت و لە شوێنیشیدا ئاڵای عێراقە شكستخواردووەكەیان بەرز كردەوە.

ئەو هەڵسوكەوتە ناشاز و نەخوازراوەی عەرەبە چاوڕەشەكان، ئەوانەی لە سایەی ئارامیی هەرێمی كوردستاندا ژیان و ماڵیان پارێزراوە، دەخوێنن، گەشت دەكەن و لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین، جێی هەڵوەستەیە و بە هیچ كلۆجێك قابیلی قبووڵ نییە.

سوكایەتی و ئیهانەكردن بە ئاڵای كوردستان لە خاك و زێد و نیشتمانی دایكدا، زیاتر لە مەغزایەكی هەیە و ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانیشە هەرچی زووە لێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە بكەن و لێپێچینەوەی یاساییش لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ و ڕاگر و تەنانەت مامۆستا و فێرخوازەكانیشدا بكرێت، تا هەم هۆكارەكە بۆ ڕای گشتی و شەقامی كوردی ڕوون ببێتەوە و ئەوانەی بێڕێزییان بە ئاڵاكەمان كردووە سزای توند بدرێن، هەم رێگاش نەدرێت لە داگرتنی ئاڵاوە سوكایەتییەكان پەل بۆ لێكەوتەی تری پێشبینینەكراو بكێشن.

یەكێك لەو بژاردە و رێكارانەیش كە پێویستە بەرامبەر ئەو زانكۆیە بگیرێتە بەر ئەوەیە، بەر لە هەر شتێك ناوی زانكۆكە لە (حەیات)ـەوە بۆ (ژیان) بگۆڕدرێت، ئاخر لێرە (هەولێر) كە پایتەختی هەرێمە، هیچ پێویست نییە تابلۆی زانكۆیەك ناوێكی عەرەبی پێوە بلكێندرێت.

جگە لە هەموو ئەمانەش، بەوپێیەی ئاڵا سیمبول و هێمای هەموو نەتەوە و وڵاتێكە و لە ڕیزی پێشەوەی پیرۆزییەكانە، دەستبردن بۆ سوكایەتیپێكردن و داگرتنی لە هەر بینا و باڵاخانەیەك، ئەوپەڕی ئیهانەیە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك هێڵی سوور لێی بڕوانن و دەرفەت نەدەن هیچ كەس و لایەنێك جورئەتی ئەوە بكات ئاڵا شەكاوەكەی كوردستان بێڕێزی دەرهەق بكرێت.

گەر بیرمان بێت، هەر لەو ماوانەی پێشوودا لە یەكێك لە زانكۆكانی كوردستاندا كۆمەڵێك خوێندكاری دیكەی عەرەب سوكایەتییان بە سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" كرد و كەسیش ورتەی لە دەمەوە نەهات، بۆیە بەهیواین ئەمجارە ئەو سوكایەتی و ئیهانەیە قبووڵ نەكرێت و ئەوانەی بوونە هۆكاری ئەو بێڕێزییە بە ئاڵای كوردستان، بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، تا هەم ببێتە وانەیەك بۆ كەسانی دیكەی هەلپەرست و بێئەمەك و، هەم ئەو نمەكبەحەرامانەیش كە لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە تەشیرفیان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، پەند و عیبرەتی لێ وەربگرن و جورئەت نەكەن هەڵسوكەوتی هاوشێوە دووبارە بكەنەوە.

Pishderi81@gmail.com

07504302755