لای هەمووان ڕوونە، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، تیرۆریستانی داعش بە ماوەیەكی زەمەنیی كورت مووسڵیان بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ كرد و سوپای عێراقیش شكستی گەورەی خوارد، كە دواجار ئەو گرووپە تیرۆریستییە پەلیان بۆ زۆر ناوچەی دیكەی شیعەنشین و تەنانەت سوننەنشینیش هاویشت و چۆكیان بە میلیشیا و چەكدارەكانی سوپای عێراق دادا.

ئەو وەختە كە نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە بوو، هەموو رێگاكانی تاقی كردەوە تا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هانای سوپاكەیەوە بێن و كۆمەكی بكەن، نەك هەر ئەوە، بگرە سەرۆكوەزیری پێشوو، لە رێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانییەوە لەبەر زۆرێك لە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوین، دەوڵەتانی ئەورووپی و ئەمەریكایی نووزایەوە كە سەقامگیریی دۆخی تەناهیی عێراق لە مەترسییەكی جیددیدایە و پێویستە بەپەلە هاوكاری بكرێت، كەچی كەس گوێی لێ نەگرت و لای دەوڵەتە زلهێز، مامناوەند و بچووكەكانی جیهانیش، نە بای هات و نە باران.

ئەگەر وردتر بین، ئەوكاتە كۆمەڵگای عەرەبی و ئیسلامییش بێدەنگییان هەڵبژارد و لە ڕووی مەعنەوی و سەربازییشەوە هەڵوێستێكی ڕوونیان دەرنەبڕی، بە ئێستاشەوە كە زۆرێك لەو دەوڵەتانە بەوپەڕی خۆپارێزییەوە باس لە داعش و هاوبیرەكانیان دەكەن و هەندێكیشیان ناڕاستەوخۆ هاوسۆزی ئەو گرووپە تیرۆریستییە سەرسەختەن.

هەموومان بیرمانە، ئەو كاتەی مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بوو، سەرۆكی هەرێم بە نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بە تەنیا (پەیوەندییەكی تەلەفۆنی) هاوكێشەكەی گۆڕی و هێزێكی فرەدەوڵەتی وەك هاوپەیمانان لە دژی داعش، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا پێك هات و لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ئوستوورەی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان تێك شكاند.

ئەوانە هەموو لە لایەك، ئەو دەمەی كۆبانی لە شەڕی یەكلاكەرەوەدا بوو و شەڕڤانان پێویستیان بە چەك و پشتیوانی هەبوو، دیسان هەر لە رێگەی سەرۆكی هەرێم و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە هاوپەیمانان ناچار كران بە بۆمبی هێشوویی و ناپاڵمی دژەتانك و زرێپۆشەوە، هەڵمەتی ئاسمانیی توند و كاریگەر بكەنە سەر تیرۆریستانی داعش و تەنگیان پێ هەڵبچنن.

كە دواتر هێندەی نەبرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستان سنووری سێ دەوڵەت (عێراق، توركیا و سووریا)ـی بڕی و بە هاوئاهەنگیی شەڕڤانان، بە چەكی قورس و مامناوەندەوە، تەخت و تاراجی تیرۆریستانی داعشیان لەو دەڤەرە لەبەر یەك هەڵوەشاند و ڕاویان نان.

لەسەر ئەو بنەمایەیە دەكرێ بە هەرێمی كوردستان بگوترێت دەوڵەت و تەنانەت مەزنتریش، ئاخر دەوڵەتی عێراق كە دانپێدانراوە و لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاڵاكەی لە قوژبنێكدا دانراوە، بە فەرمی دەوڵەتە، كەچی لەو بارە ناهەموارە تەناهییەدا كەس بە هاوارییەوە نەهات و گوێی بۆ نەگرت، لە بەرامبەردا هەموو جیهان هاتنە سەر هێڵ و پشتیوانیی سەربازی و مەعنەوییان بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا، ئەوە دیفاكتۆیەكە كە تاڵ بێت یان شیرین، دەبێ وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەكییش باش لێی ورد ببنەوە و سەرنج لەوە بدەن كە پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێم زۆر لەوە تێپەڕیوە كە گرووپێكی مافیایی دەست بەسەر خاك و ئاو، سەروەت و سامان، شكۆمەندی و سەروەرییەكەیدا بگرن.

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755