ئەو كاتەی لە ماوەی ڕابردوودا تیرۆریستانی داعش فڕۆكەوانە ئوردنییەكەیان بەوپەڕی وەحشیگەری و دوور لە هەر بەهایەكی مرۆڤی و ویژدانی سووتاند، هەر زوو كۆمەڵگای ئوردنی بە تێكڕا هاتنە سەر شەقام و ئیدانەی ئەو كردەوە نامرۆیانەیان كرد و بە توندی دژی وەستانەوە، بەڵام كاتێك دوێنێ سێ پێشمەرگەی چاونەترس و دلێری كوردستان سەریان لە لاشەیان جیا كرایەوە و بە دڕندانەترین شێوە شەهید كران، كۆمەڵگای كوردستانی بە گشتی چاو و گوێی خۆیان لە ئاست ئەو تاوانە مەزن و قێزەونەدا داخست.

دەبێ بڵێین، جێی نیگەرانییە كە نە پەرلەمان، نە حكوومەت و نە دامودەزگا پەیوەندارەكانی دیكەش هەڵوێستی توندیان نەنواند و وەك زۆرینەی خەڵكی كوردستان بێدەنگییان هەڵبژارد.

لە كاتێكدا دەبوو سەرجەم دەزگا و دامەزراوە میری و حزبی و ئیدارییەكانیش، هاوشانی خەڵك لەسەر شەقام و كوچە و كۆڵان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا دەنگی ناڕەزایی بەرز بكەنەوە، هاوسۆزی بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادیی كوردستان دەربڕن و بەوپەڕی تووڕەییەوە ئەو كارە وەحشیگەرییەی تاریكپەرستانی داعش رسوا بكەن.

لێ جێی داخە، هیچ كەس و لایەنێك ئەوەی بە ئەركی سەرشانی نەزانی و نەیانتوانی كەمێك لە كاتی خۆیان بگرن و لە رێگای مانگرتن، خۆپیشاندان و رێگا مەدەنییەكانی دیكەی دەربڕینی ناڕەزاییەوە، نیگەرانییەكانی خۆیان بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگەیەنن و بڵێن، لەبری هەموو كۆمەڵگای مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریستان بە پێشمەرگە دەكەن، كەچی هێشتا وەك پێویست لە ڕووی سەربازی، مرۆیی و داراییەوە هاوكارمان نین. دەبووایە بە هەموو جیهان بگوترێ كە دەبێ لەمەودوا دەستكراوەتر چەك و تەقەمەنیی پێشكەوتوو بۆ كوردستان بنێرن، چونكە تیرۆر تەنیا بۆ سەر كوردستان هەڕەشە نییە، بەڵكە ئەو نەوانەی جەهل و كۆنەپەرستی و ئەو ئاڵا ڕەشە ناخڕەشانەی كە نەیاری ژیاندۆستین، گەر بۆیان بلوێت بە چەند كاتژمێرێك سەرتاپای كۆمەڵگای بەشەرییەت خەڵتانی خوێن دەكەن.

دەزانم پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی كوردستانیش لە خوێنی شەهیدانمان خۆش نابن و وەك هەمیشە گورزی گورچكبڕ لە تیرۆریستانی داعش دەوەشێنن و بەرەو دۆزەخ ڕاویان دەنێن، بەڵام ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموو لایەكمان بوو، لەبری سەیران و گەشت و ڕابواردن لە سەیرانگاكاندا، هەم پاڵپشتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ ڕابگەیەنین و هەمیش هاوسۆزی بۆ كەسوكاری ئەو سێ شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەرببڕین.

لە ڕاستیدا من ئەو مافە بە خۆم نادەم بە خەڵك بڵێم نابێ لە دۆخێكی وەهادا جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵی تازەی كوردی پیرۆز نەكەن، چونكە بەوە دڵی تیرۆریستان خۆش دەبێت و ئامانج و مەبەستی گڵاویشیان هەر ئەوەیە، ئاخر ئەوان هەمیشە خەونی نەزۆك بەوەوە دەبینن كە نیشتمانی دایك یەكپارچە ڕەش بپۆشێت، بەڵام دەكرا لە یەكەم رۆژی نەورۆزدا كە داعشی مەرگدۆست و تینووی خوێنی ئادەمیزاد سێ پاڵەوانەكەی كوردی دوور لە هەموو بەهایەكی ئینسانی و بەوپەڕی بێویژدانییەوە شەهید كردن، تێكڕای چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان (تەنیا چەند كاتژمێرێك) خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و بەوپەڕی حەماسەتەوە تووڕەیی خۆیان بە جیهان بگەیەنن، نەیاران و دوژمنانی كورد دەمكوت بكەن و ئەو پەیامەش بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگەیەنن كە ئیدی سەردەمی قڕكردنی كورد بەسەر چووە، ئیتر كاتی ئەوەیە بە هەموو تواناوە هاوكاریی سەربازی و مەعنەویی هێزەكانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكەی كوردستان بكرێت، تا هەرچی زووە تیرۆریستان لەناوبەرن و شوێنەواریشیان لەو خاكە پیرۆزەدا بسڕنەوە.

لەگەڵ ڕێزدا

21/3/2015