پرسی بەدەوڵەتبوونی هەر پارچەیەك لە پارچەكانی كوردستانی گەورە، تایبەتمەندی و خەسڵەتی جودای هەن.

لە باشوور هەموو حزبەكان پێك ناكۆك بوون و لە هیچ پرسێكدا (بە تایبەت پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان) هاودەنگ و هاوڕا و یەكانگیر نەبوون.

لە باكوور مەسەلەی حزبحزبانێ و باڵباڵێن پێش پرسە نەتەوەییەكان خراوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دار نەخراوەتە سەر بەرد.

لە رۆژهەڵات (ئەگەرچی هەوڵی كەمیش درابن)، لێ بە دەستمایەیەكی زۆرەوە، بخوازن یان نا، كەمترین كەڵكیان بۆ دروستبوونی دەوڵەت و بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی نەتەوەیەك هەبووە.

ئێوە لە رۆژئاوای كوردستان گەڕێن، چونكە لەبری دەستكەوتی نەتەوەیی، كۆی حزبەكان بەتەنگ دەستكەوتی حزبییەوە بوون و كەم و زۆر خەمێكیان لە خەمەكانی نیشتمان نەخواردووە.

لەكاتێكدا كە هەر چوار پارچە، فرسەتی زێڕین و كەمهاوتایان بۆ ڕەخساوە، لەبری هاوئاهەنگی، هەوڵی ناشیرینكردنی یەكدی و سڕینەوەی یەكتر دەدەن!

دزە دەكەنە ناو ململانێیەكەوە كە ئیتر لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا باوی نەماوە، دەخزێنە ناو جەمسەربەندییەكەوە كە ئیدی بووەتە ڕابردوو.

حەقە لەجیاتی ئەوە، عەقڵی بەشێك لە سیاسییەكان بشۆرێتەوە و لەبری ئەوە، یەكڕیزیی نیشتمانی، رێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستانیان، یەكهەڵوێستی لە پرسە چارەنووسسازەكاندا، هاوهەڵوێستی لە دۆزە یەكلاكەرەوەكاندا، بكرێتە سەرمەشقی كاری دیپلۆماسی.