ئەو ڕووداوانەی كە دوێنێ لە بەغدا ڕوویان دا، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی، هەرچی زووە، كورد، شیعە و سوننە، لەمەوبەدوا هەریەكە لە خەمی ماڵی خۆیدا بێت و چیتر بە گوشاری ئەم و ئەو، نەكەوێتە ژێر كاریگەریی سۆز و هەستی عێراقچێتی و وەهمی مانەوە لە عێراقی "نوێ"دا.

كورد كە بە درێژایی مێژوو نەیویستووە و ناشیەوێت لە شەڕی تایفی و مەزهەبییەوە تێوە بگلێت، پێویست نییە ئیتر هیچ كات و بۆ هیچ مەبەست و ئارمانجێك، بگەڕێتەوە بەغدا، ئاخر لەوێ نەك هەر سەروەریی یاسا و یەكپارچەیی خاك و پرەنسیپە بنچینەییەكانی دەوڵەتمەداری بوونیان نەماوە، بگرە پارچەبوونی ئەو وڵاتە بووەتە دیفاكتۆ و هەمووانیش حەقیقەتی دابەشبوونی ئەو وڵاتەیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە گوێدا چرپاندووین.

ئێستا، دەرفەتێكی زێڕین و كەموێنە لە بەردەم كوردستانیاندایە تا خۆیان، چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن و لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، چونكە بەلای دەوڵەتانی ناوچەكەوە تاڵ بێت یان شیرین، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بە تایبەتیش زلهێزەكان، جا لەبەر بەرژەوەندی بێت یان ئەمری واقیع، قبووڵیانە كە هەر نەتەوەیەك لە رۆژهەڵاتی ناویندا خاوەن زمان و فەرهەنگ و كولتووری جیا بێت، ببێتە خودان كیانێكی دانپێدانراو، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی دەوڵەتیشدا بێت.

ئەوە بۆیە، پێویست وا دەخوازێت، نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بگەڕێنەوە ماڵە گەورەكە (كوردستان) و بوخچە و بنەیان لە بەغدا بە یەكجاری بپێچنەوە، بێن لێرە ناوماڵی خۆیان ڕێك بخەنەوە و هەرچی ناكۆكی و جیاوازیی لاوەكیی حزبییە، لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكاندا بەلاوەی بنێن.

بەوپێیەش كە كورد دەمێكە لە بەغدا بێهیوا بووە، گومان هەڵناگرێت كە هەم سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و هەم هاونیشتمانیانیش، بەوپەڕی ڕێزەوە هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی دیرۆكی و هەڵوێستە نەتەوەییەكەی ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز دەنرخێنن، چونكە مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شكۆمەندی بۆ خۆیان و نەتەوەكەشیان تۆمار دەكەن.

___________________________________

Pishderi81@gmail. com