ڕائیدی مافپەروەر (خەسرۆ غازی خۆشناو) بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گرتووخانەی هەولێر دەڵێت: "ئەركی هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ لە گرتووخانەكاندا مامەڵەكردنە لەگەڵ ڕاگیراو و حوكمدراواندا، بۆیە بە پێویستم زانی بۆ بەرچاوڕوونیی كارمەندان و بەڕێوەبەرانی گرتووخانەكان، لە پەرتووكێكدا بە وردی باس لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕاگیراواندا بە شێوەیەكی ئەكادیمی بكەم". بڕواشی وایە: "دەكرێ گرتووخانەكانی ئاسایش و هەروەها ئەو گرتووخانانەی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیشن، كەڵك لەو پەرتووكە وەربگرن".

 

پەرتووكی (بنەماكانی بەڕێوەبردنی گرتووخانەكانی پۆلیس) كە لەلایەن ڕائیدی مافپەروەر (خەسرۆ غازی خۆشناو) بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گرتووخانەی هەولێرەوە نووسراوە، چەندین داتا و زانیاریی گرینگی لەبارەی هەڵسوكەوتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەبردنی كاروباری گرتووخانەكان لە خۆ گرتووە.

 

ڕائید (خەسرۆ غازی) سەبارەت بە بیرۆكەی دانانی ئەو پەرتووكە ڕایگەیاند: "ئەركی هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ لە گرتووخانەكاندا مامەڵەكردنە لەگەڵ ڕاگیراو و حوكمدراواندا، بۆیە بە پێویستم زانی بۆ بەرچاوڕوونیی كارمەندان و بەڕێوەبەرانی گرتووخانەكان، لەو پەرتووكەدا بە وردی باس لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕاگیراواندا بە شێوەیەكی ئەكادیمی بكەم و لە ناوەڕۆكەكەشیدا ئاماژەم بە پاراستنی مافی ڕاگیراوان بە گوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی و لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ كردووە".

  

بە گوتەی ڕائید (خەسرۆ)، بەپێی ئەزموونی چەندساڵەی كاركردنی لە گرتووخانە و بەشداریكردن لە چەندین خولی تایبەت لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەسەر چۆنیەتیی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ڕاگیراوان و پاراستنی مافەكانیان بەپێی بنەما یاسایی و نێودەوڵەتییەكان، بۆی دەركەوتووە كە پاراستنی مافی ڕاگیراوان لە گرتووخانەكانی وڵاتاندا، بووەتە پێوانەیەكی نێودەوڵەتی بۆ ڕادەی پابەندبوونی دەوڵەتانی جیهان بە پاراستن و بەرزڕاگرتنی بەندەكانی مافی مرۆڤ.

ئەو هەروەها هێما بۆ ئەوەش دەكات، "بۆیە بیرم لەوە كردەوە كە ئەم ڕێبەرە ئامادە بكەم تاكو ببێتە رێنیشاندەرێكی تایبەت بە ئەرك و مافەكانی ڕاگیراوان و كارمەندانی پۆلیس لە لایەك، لە لایەكی دیكەشەوە بەرپرسیارێتییان بەرامبەر یاسا و ڕێساكانی وڵات".  

 

"پەرتووكی بنەماكانی بەڕێوەبردنی گرتووخانەكانی پۆلیس، سێ لایەن لە خۆ دەگرێت، لایەنی كارگێڕی و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكان، لایەنی یاسایی و هەروەها لایەنی ئاسایشیش". ڕائید (خەسرۆ) وای گوت.

 

"لە هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگە دیموكراتییەكاندا گرتووخانەكان بە خزمەتگوزارییەكی بنەڕەتیی دەستەی دادوەری دادەنرێن و نوێنەرایەتیی كۆمەڵگا دەكەن، كاری سەرەكیی گرتووخانەكانیش بریتییە لە پارێزگاریكردن و پاراستنی ئەو ڕاگیراوانەی پیاوان، ئافرەتان و نەوجەوانان كە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون یان بۆیان ڕەوانە دەكرێن، لەگەڵ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی ڕاگیراوان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش". (خۆشناو) بە پێداگرییەوە ئەو قسانەی كرد.

 

سەبارەت بە ئەركی چاپكردنی پەرتووكەكە و دۆخی ڕاگیراوان لە گرتووخانەكەیاندا، بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گرتووخانەی هەولێر گوتی: "بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانم ئەو ئەزموونەی كە هەمە، تەنیا خۆم لێی سوودمەند نەبم و ئەوانەی دوای من و تەنانەت لە سەرجەم گرتووخانەكانی كوردستانیشدا كەڵكی لێ وەربگیرێت، ئەمەش لە پێناو باشتركردنی ڕەوشی ڕاگیراوان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە لەسەر ئەركی خۆم بەچاپم گەیاندووە، هەرچەندە ڕەوشی ڕاگیراوانیش لە گرتووخانەكەماندا بە شایەتیی هەموو لایەك زۆر باشە، بەڵام دەخوازین باشتریشی بكەین".

 

(خەسرۆ خۆشناو) لەبارەی رۆڵی داواكاری گشتی بۆ بەدواداچوونی كەیسی ڕاگیراوان، ئاماژەی دا كە داواكاری گشتی بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕاگیراوان دەكات و لەوە دەكۆڵێتەوە كە بزانێت كێ پەڕاوەكەی دوا كەوتووە، یاخود هەر كەموكوڕییەك هەبێت، لێی دەپێچێتەوە و هەوڵی چارەكردنی كێشەكان دەدات.

دەشڵێت: "لە گرتووخانەكەماندا بنكەی تەندروستیمان هەیە كە پزیشكی پسپۆڕی ددان، چاو، دەروونی و پێست و هتد. . تێیدا دەستبەكارن و هەر ڕاگیراوێكیش كە دێت، سەرەتا پشكنینی پزیشكیی بۆ دەكرێت، جگە لەوەش ئەو نەخۆشانەی لەناو بنكە تەندروستییەكەدا چارەسەریان هەبێت، لەوێ بۆیان دەكرێت، ئەگەرنا ئەوانەی لەوێ ناتوانرێ چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت، بە مەبەستی چارەسەر و لەسەر ئەركی حكوومەت دەبرێنە نەخۆشخانە حكوومی و ئەهلییەكان".

 

ڕائیدی مافپەروەر (خەسرۆ غازی) پەیوەست بەو سیستەم و بنەمایانەی كە لە پەرتووكەكەدا ئاماژەیان پێ دراوە كە داخۆ تا چەند لەگەڵ دۆخی گرتووخانەكانی كوردستاندا دەنگونجێن، ڕوونی كردەوە كە ئەو لە چەندین وڵاتدا خولی تایبەتی بینیوە و كەڵكی لە هەموو ئەو بنەمایانەیش وەرگرتووە كە لەگەڵ ڕەوشی گرتووخانەكانی كوردستاندا دەگونجێن، ئەمەیش نەك تەنیا بۆ پۆلیس سوودی هەیە، بەڵكە دەكرێ ئاسایش و گرتووخانەكانی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیش كەڵكی لێ وەربگرن، جا چ بۆ مامەڵە لەگەڵ ڕاگیراوەكان، یاخود بەندییەكان.

 

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گرتووخانەی هەولێر، سەبارەت بەو پرسیارەی كە لەسەر چ بنەمایەك خەڵك لای ئەوان ڕادەگیرێت، كێ بڕیاری ڕاگرتنیان دەدات و بە چ پێوەرێكیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن، دەڵێ: "هەر كەسێك دێتە لای ئێمە، بە پێی بڕیار و یاداشتی دادوەر دێت، كە بە نووسراوی فەرمییە و واژۆی دادوەری لەسەرە، ئازادكردنیشیان هەر بە هەمان شێوەیە. هەروەها ئەوانەی دێنە گرتووخانە، سەرەتا زانیارییان پێ دەدرێت كە ئەرك و مافیان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ كەشوهەوای گرتووخانەدا خۆیان بگونجێنن".

سەبارەت بە جیاوازیكردن لە نێوان ڕاگیراوانیشدا، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە بەرامبەر یاسادا هەموو كەس یەكسانە و هەر بە گوێرەی یاساش مامەڵە لەگەڵ ڕاگیراواندا دەكرێت، تەحەدداش دەكەین وەك گرتووخانەی هەولێر نە جیاوازیمان كردووە و نە دەشیكەین، بەڵكە یاسا سەروەرە و هەموو ڕاگیراوێكیش مافی خۆی پێ دەدرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو: "بەو پێیەی گرتووخانە یەكێكە لە فەرمانگە گرینگ و هەستیارەكان، كاركردن تێیدا ئاسان نییە، هەر لەبەر ئەوەش پێویستە ئەوانەی لەوێ كار دەكەن، بەردەوام خولیان بۆ بكرێتەوە تا شارەزایی زیاتر سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕاگیراواندا پەیدا بكەن و نەكەونە هەڵەوە، لە گرتووخانەكەی ئێمەش تا ئاستێكی باش بنەماكانی مافی مرۆڤ و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ پەیڕەو و ڕەچاو كراون و دەكرێن".  

 

گوتیشی: "هەموو ڕاگیراوێك وەك هەر مرۆڤێكی ئاسایی مافی ئەوەی هەیە بە یەكێك لە هۆكارەكانی پەیوەندی وەك: مۆبایل، تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ، رۆژنامە و گۆڤارەكان ئاگای لە دنیای دەرەوە هەبێت، ئەوەش مافی هەر ڕاگیراوێكە، ڕاگیراوان تەنانەت هەفتەی دوو رۆژیش دەرفەتیان پێ دەدرێت كەسوكاریان ببینن".