مووچەخۆرەكانی كورد لە پایتەختە وێرانەكەی عێراق "بەغدا"، لە ئەوپەڕی پۆستی باڵاوە تا دەگاتە وەزیر و پەرلەمانتار و ئەوانی تریش، بە ئاشكرا و بێباكانە، سووك سەرنجی عەقڵ و ویژدانی هاونیشتمانیانی باشووری كوردستان دەدەن.

ئاخر، تەنانەت خەڵكی سادەش، چاو و گوێی هەیە و ورد و درشتی بەرەنجامەكان بە چاو دەبینێت و بە گوێش دەیبیستێت.

دیقەت بدەن، پتر لە دوو ساڵە قوتی هاووڵاتیانی هەرێم بڕاوە،

بوودجەی پێشمەرگە نادرێت، ماددەی 140 جێبەجێ ناكرێت، چەك و تفاقی پێویست ناگاتە دەست هێزە ئەمنییە كوردستانییەكان بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر، شیعەكان میلیشیا بۆ سەركوتكردنی هاونیشتمانیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێك دەهێنن. . زۆر شتی تریش، كەچی لای مووچەخۆرە كوردەكان لە بەغدا، نە بای دێت و نە باران!

ئەوان كە هێشتا كێشەیان لەسەر دابەشكردنی پۆست هەیە و بۆ هەموو بڕیارێك دەگەڕێنەوە بۆ مەكتەب سیاسییەكان، تەخشان و پەخشانكردنی پارەی میللەتیشیان بەلاوە گرینگ نییە و بگرە سزادانی كوردستانیان و هاوشاری و هاوزمان و تەنانەت هاودۆزەكانیشیان پێ ئاساییە!

بۆ؟ چونكە مووچەخۆری بەغدان و هەموو سەری مانگێك ملیۆنان دینار بۆ خۆیان و حیمایە وەهمییەكانیان خەرج دەكرێت، لەگەڵ موعاناتی كوردستانیاندا نەژیاون و بەشێكیان لە پڕێكەوە بوونەتە كوڕێك و قەترەیەك ئارەقەیان بۆ نیشتمان نەڕشتووە!

دواجار دەبێ ڕووی پرسیار بكرێتە ئەو مووچەخۆرە زەبەلاحانە، لە پایتەختی وڵاتێكی كاولبوودا چی دەكەن و چی دەچێنن و چیش دەدوورنەوە؟

هەمووان دەزانن، مووچەخۆرە كوردەكانی بەغدا، نیشتمانیان هەیە، دەتوانن لەبری گەڕانەوە بۆ شەرعییەتدان بە گەندەڵی و تێوەگلان لە شەڕی تایفی و خۆهەڵقورتاندن لە جەمسەربەندییە ئاڵۆزەكەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، تەشریف بهێننەوە بۆ نیشتمانی دایك و چیتر چاولەدەستی ئەو كابینە شكستبردووانە نەبن كە یەك لە دوای یەك، تەنیا كورد دەكەنە ئامانج و لەسەر حیسابی دەنگەكانی خەڵكی باشووری كوردستان، هەم حكوومەتی ناشەرعی بنیات دەنێن و هەم مافەكانی خەڵكی كوردستانیش بە ئاشكرا و بێمنەتانە، دەخەنە ژێر پێوە.

_____________________________________________

Pishderi81@gmail. com

07504302755