چاكسازی، لە سادەترین پێناسەیدا، بریتییە لە بنكۆڵكردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی بە واتا گشتییەكەی و ناچاركردنی هەموو ئەوانەیە كە بە جۆرێك لە جۆرەكان و بە ناشەرعی و بێباكانە، موڵك و ماڵی عەوام و تاك بە تاكی كۆمەڵگاشیان بەهەدەر داوە و دەشیدەن، تا مل بۆ یاسا و ڕێسا باوەكان كەچ بكەن و لێپێچینەوە لە ورد و درشتی داهات و بگرە سەروەت و سامانی كۆن و نوێشیان بكرێت.

لە چاكسازیدا، بێ سین و جیم، دەبێ هەموو بەرپرس و نابەرپرسەكان بدرێنە بەر نەشتەری (چاكسازاندن) و ناكرێ ئەم لە ئەو پیرۆزتر بێت و ئەوی تر لە ئەوانی دیكە جیا بكرێتەوە، چونكە دواجار كەلێنێكی گەورە لە پرۆسەكەدا دروست دەبێت كە بە لای كەمەوە خوێندەواران و ئەهلی سۆشیال میدیا هەڵوەستەی لەسەر دەكەن و جوداخوازییەكە گومان و شكێكی زۆریان لا دروست دەكات.

ئەگەر پرۆسەی چاكسازی دوور و نزیك پەیوەندی بە كۆی دەزگا و دامەزراوە میری، ئیداری و حزبییەكانەوە هەبێت، دەشێ لە هەرسێ ڕەهەندی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە سەرنجی بدرێت.

لە ڕووی ئابوورییەوە، دابینكردنی ژیانی رۆژانەی خەڵك و مەیسەركردنی پێویستییە بنەڕەتی و سەرەتاییەكان زۆر گرینگە، هەروەكچۆن لە ڕووی سیاسییەوە تەبایی نێوخۆیی و رێكخستنەوەی ناوماڵ و یەكهەڵوێستی دەرهەق بە پرسە چارەنووسسازەكانیش جێی بایەخە، ئاواش لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە دەبێ باری سایكۆلۆژیی هاونیشتمانیان نادیدە نەگیرێت و بگرە پێویستییەكی حەتمییە كە لە هەموو كەناڵەكانی پەیوەندیی نێوان خەڵك و دەسەڵاتەوە، مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ئەو پرسەدا بكرێت.

بۆ ئەوەی وردتر بین، ئەو پڕۆسەیەی چاكسازی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان ڕایگەیاندووە، سەرباری ئەوەی كە هەندێك ئومێد دەكرا دەرەنجامی هەبێت، بەڵام سستییەكی زۆر بەو لیژنە و دامەزراوانەوە دیارە كە ئەركی چاكسازی و پاكسازییان پێ سپێردراوە.

ئەوان كە بەلای كەمەوە دەبوو گۆڕانێكی نەوعی بە فەترەیەكی زەمەنیی كورت لە سیستمی دەوڵەتمەداریدا بە هەموو كایەكانییەوە دروست بكەن، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت شتێكی ئەوتۆیان نەكردووە و بگرە خاڵیشیان نەخستووەتە سەر و ژێری پیتەكانەوە.

ئاخر، چاكسازی پرەسیپ و فۆڕمی خۆی هەن و هەمووانیش دەزانن دەبێ لە كوێوە دەست پێبكرێت، بەڵام كاتێك بە لیژنە و لیژنەكاری پرۆسەكە دەخرێتە ژێر گومانەوە و بە پاساوی جۆراوجۆر پەكی دەخرێت، هەقە بپرسین: ئێوە چۆن چاكسازی دەكەن؟ یان ڕوونتر، لە كوێوە قۆڵی لێ هەڵدەماڵن و بۆ نەتانكردووە؟

گەر ڕاشكاو بین، دەبێ بڵێین: ئەوانەی كە بڕیاربەدەستن و ڕاستەوخۆ دەتوانن لەبارەی چاكسازییەوە هەڵوێستی جیددی دەرببڕن و هەمووان ناچار بكەن كە بە بڕیار و فەرمانەكانیانەوە پەیوەست بن، كەمتەرخەمن و وەك پێویست نایانەوێ چاكی بسازێنن!

چونكە، لای هەمووان ڕوونە، دۆخی ناسەقامگیری ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان (كە دەكرێ بە چەند بڕیارێكی یەكلاكەرەوە تەواو بگۆڕێت)، پێویستی بە فەرمانی بەپەلە هەیە كە ئیرادە و ویستی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم و كۆی لایەنە سیاسییەكانی لە پشت بێت، نەك بە دروشمی بریقەداری بێ كردار، خراپ بیسازێنن.

___________________________________________________

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755