كێشە بنچینەیی و سەرەكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هی ئێستا نین و مێژووەكەیان بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، كاتێك دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی بنكەفراوان، دەوڵەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی، جگە لەوەی بڕگەكانی ماددەی 014ی بە جۆرێك پشتگوێ و پەك خست و عێراقی نوێی لای پێكهاتە جوداكان خستە ژێر پرسیارەوە، دواجار بە بیانووی جۆراوجۆرەوە پشكی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە بوودجەی گشتیدا بڕی.

پاش كابینە هەشت ساڵییەكەی مالیكی، كورد خەونی زۆری لەسەر كابینە نوێیەكەی عەبادی هەڵچنی و باوەڕی وا بوو دەلاقەیەك بۆ داخوازی و خواستە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەكرێتەوە، كەچی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق و دارودەستەكەشی، بەوەندەوە نەوەستان و بوودجەی حكوومەت و مووچە و تەنانەت قوتی هاونیشتمانیانیشیان گل دایەوە.

بە تێفكرین لە هەڵسوكەوت و تێڕوانینی كابینەكەی مالیكی و دواتر كابینەكەی عەبادی دەرهەق بە داوا ڕەواكانی كوردستانیان، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە نوێنەرانی كورد لە بەغدا لە دوو كابینەی جیاوازدا هیچیان بۆ خەڵكی كوردستان نەكرد و بگرە خاوەنی هەڵوێستیش نەبوون، چونكە هەروەكچۆن بەغدا سەرجەم كارتەكانی گوشاری بەرامبەر حكوومەتی هەرێم و خەڵكەكەی بەكار هێنا، دەكرا وەهاش نوێنەرانی كورد لە پایتەختی عێراق خاوەنی بڕیار بن و بێجگە لە بایكۆتكردنی سەرجەم دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و كشانەوە لە حكوومەتە بەناو فراوانەكە، پۆستەكانیان بە یەكجاری ڕادەستی بەغدا بكەنەوە و چیدی پابەندی هیچ بڕیار و رێنوێنییەكەی حكوومەتەكەی عەبادی نەبن.

لەو ڕوانگەیەوە، گەڕانەوە بۆ بەغدا كە هەندێك كەس خستوویانەتە رۆژەڤەوە و بڕوایان وایە لەوێوە زەمینەیەك بۆ چارەكردنی دۆخی ئابووری، سیاسی و تەناهیی هەرێمی كوردستان دەسازێت، نەك هەر بیرۆكەیەكی ئەقڵانی نییە، بەڵكو كوتانی ئاسنی سارد و دەستبردنە بۆ ئاگرێك كە چەند ساڵێكە بێباكانە دەمانسووتێنێت و هێشتا وانەیەكیشمان لێی وەرنەگرتووە.

بە باوەڕی من، لەبری ئەوە، باشتر وایە ئەگەر سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كارتی فشاری لە دەستدا ماون و لێیان دڵنیایە، بەوپەڕی جورئەتەوە بیانخاتە سەر مێزەكەی عەبادی و سڵ لە هیچ دەرەنجامێكیش نەكاتەوە، چونكە ئەو دۆخە ناسەقامگیرە ئابوورییەی كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان تێیدان، بڕوا ناكرێ لە ئێستا خراپتر بێت.

هەروەك گەورە دەروونناسی ئەمەریكایی (دیل كارنگی)ش دەڵێت، لە ڕەنگی ڕەش، ڕەشتر نییە.بۆیە لەسەر ئەو بنەمایەی كە دەمێكە كوردستانیان بە گشتی كارتی "ڕەش"یان لە بەغداوە وەرگرتووە، چیتر حەق نییە كاربەدەست و قەڵەمڕەوانی كوردستان دەستەوەستان بن و بیر لە بڕیاری یەكلاكەرەوە نەكەنەوە، چونكە ئێستا درەنگە، سبەی درەنگتر و دوور نییە دواتر ببێتە مەحاڵ.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755