بڕیارەكەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم سەبارەت بە كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، جێی دەستخۆشییە و هەوڵێكی "بچووكە" بۆ سوككردنی باری سەرشانی هاونیشتمانیان لەو قەیرانە قوڵەی ئابووریدا كە زۆربەی مووچەخۆر و فەرمانبەر و تەنانەت كاسبكار و توێژەكانی دیكەش بەدەستیەوە گیریان خواردووە.

بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەیە، وەزارەتی ناوبراو كە وەك پێویست دەسەڵاتی پێ دراوە چاودێریی كۆمپانیاكانی گەیاندن بكات، بۆچی لە ئاست كۆڕەك و ئاسیادا كە دوو كۆمپانیای زەبەلاحی بازرگانین و لەلایەن گەورەبەرپرس و بازرگانەكانەوە بەڕێوە دەبرێن، بێدەنگە و مێش میوانی نییە؟

بەندە، پێشتر لە وتارێكی تەنزئامێزدا بە ناونیشانی "كارتی 10 هەزاری بە 7 هەزار. . داشكاندن بەردەوامە"، ڕەخنەی ئەوەم ئاڕاستەی ئەو دوو گەورەكۆمپانیایە كردبوو، كاتێك بەغدا كارتی مۆبایلی گران كرد و ئەوانیش بێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی داهات و بژێویی خەڵك و قەیرانی ئابووری، شەرمنانە پێیەوە پابەند بوون و نرخی كارتیان بەرز كردەوە.

لە ڕاستیدا، دەبوو ئەو كۆمپانیایانە خۆیشیان بێهەڵوێست نەبن و لەگەڵ كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێتدا كە ئەویش بەشێكە لە هۆكارەكانی گەیاندن، موژدەی ئەوەیان بە خەڵك دابایە كە لە موعاناتیان تێدەگەن و نرخەكانی پەیوەندی بۆ ئاستێكی باش دادەبەزێنن، چونكە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، ئەركی هەموو تاكێكی كۆمەڵگەیە بە تایبەت ئەوانەی خاوەن سەرمایەن و دەتوانن بە ڕێگایەك لە رێگاكان، ڕۆڵیان لە لاكردنەوە و بەهاناوەچوونی هاونیشتمانیاندا هەبێت.

ئەوان كە لە خێروبێری ئەم وڵاتە سوودمەندن و پتر لە هەر كۆمپانیایەكی دیكەی ئەو بوارە قازانج دەكەن، دەكرێ بیر لە قوتی خەڵكیش بكەنەوە و رۆڵیان لە كەمكردنەوەی ئەو قورساییەدا هەبێت كە لەسەر ئەستۆی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.

لەبەر ئەوەش تەنیا ناوی ئەو دوو كۆمپانیایەی بواری گەیاندن دەبرێت، چونكە زۆرترین هاوبەشیان لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمدا هەیە و دەشێ لە دۆخێكی وەها سەختدا، هاوكار بن و هەندێك بەرژەوەندیی كەسی و تایبەتی، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بخەنە لاوە.

دواجار دۆخی ئەمڕۆ وا دەخوازێت، ئەو وەزارەتە پەیوەندیدارە بانگهێشتی بەرپرسانی ئەو دوو كۆمپانیایە بكات و ملكەچی هەندێك ڕێسا و یاسا بكرێن، تا هەم نرخی پەیوەندی كەم بكەنەوە، هەم بەهای كارتیش بە جۆرێك دابەزێنن كە بەلای كەمەوە لەگەڵ داهاتی تاكەكەس و باری دارایی هاووڵاتیاندا گونجاو بێت.