بەوپێیەی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی دوو چەمكی پێكەوەگرێدراون، جیاكردنەوەی هەڕەمەكیانەیان لە یەكدی، جا لە هەر كۆمەڵگە و هەرێمێكی تازەگەشەسەندوو بێت، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە نالۆژیكییە و ڕەنگە دواڕۆژی وڵات و نەتەوەیەك بەرەوڕووی چەندان هاوكێشەی ئاڵۆز بكاتەوە.

یەكێك لەو كێشە بنەڕەتی و حەتمییانەی كە بەرۆكی بەشێك لە كۆمەڵگەكانی جیهانی سێیەمی گرتووە، ڕانەگرتنی باڵانسە لە نێوان سەربەخۆیی ئابووری و سیاسیدا، چونكە هەندێكیان بە ئاشكرا دیارە كە لە باری یەكەمدا سەركەوتوون و لە هی دووەمیشدا شكستیان خواردووە، پێچەوانەكەشی ڕاستە.

گەر سەرنجێكی هاكەزاییش لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراویش لە عێراق و سووریا بدەین، پەی بەو حەقیقەتە دەبەین كە ئەو دوو وڵاتە لەناو قەیرانی قووڵدان و بە ڕوونی لێكترازانی نێوان پێكهاتە كۆمەڵایەتی و ئایینزاییەكان هەستی پێ دەكرێت، ئەوە بۆیە، هەر پێكهاتە و نەتەوەیەكی خاوەن كولتوور و فەرهەنگی جیا، دەشێ لە دەلاقەیەكەوە جاڕی سەربەخۆیی بدەن و نەشكەونە ژێر باری عاتیفەوە.

مێژوو دەڵێت، هەندێك نەتەوە لەو دوو وڵاتەدا هەلی زێڕینیان بۆ ڕەخساوە دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن، بەڵام لەگەڵ سیاسەتی سەردەمدا وەك پێویست دەستوپەنجەیان نەرم نەكردووە و هەڵەی ژمارەیەك سیاسی و بڕیاربەدەستیش، ئەو فرسەتەیان لە كیس داوە.

لەم دۆخەی ئێستادا كە خەریكە گۆڕانكاری بەسەر نەخشەی جیۆگرافیای ناوچەكەدا دێت، پێدەچێ جەمسەربەندی و بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكان لەوەدا بێ، هەم لە ڕووی دیپلۆماسییەوە لەگەڵیاندا كۆك بیت، هەم لە ڕووی ئابوورییشەوە پەیوەندیت لەگەڵیاندا پتەو بێت، بەڵام گومان هەڵناگرێت كە بە وردیش چاو دەبڕنە پێگە و قورساییت لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

لە هەموو بارەكاندا، یەكەم ئەركی سیاسییەكان ئەوەیە، بەر لە هەر شتێك، لە ڕووی داراییەوە هەوڵی دروستكردن و بنیاتنانی "ئابوورییەكی سەربەخۆ" بدەن بە سەرجەم مەغزاكانییەوە، كە دەكرێ لەو بوارەدا سوود لە ئەزموونی پسپۆڕان، ئاكادیمیست و كارناسان وەربگیرێت.

ئەوەی كە دەشمێنێتەوە، ڕاكێشانی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە ئیتر كیانێكی سەربەخۆت هەیە و جگە لەوەی كە خاوەنی دامەزراوەی شەرعیی خۆتی، خۆبەڕێوەبەری و حوكمڕانییشت تێست كردووە و رێز لە سەروەریی یاسا و پرەنسیپە باوەكانی دیموكراسی دەگریت.

دروستە كە "سەربەخۆیی بە واتا گشتییەكەی" قوربانیی دەوێت، بەڵام ناكرێ تەنیا لەسەر حسابی هاونیشتمانیان بڕیاری چارەنووسساز بدرێت، بەڵكە پێویستە پێشتر تێكڕای لایەنە سیاسییەكان و چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە لەسەر بنەما بنچینەیی و سەرەكییەكان رێك بكەون و كۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەو پێناوەدا بخرێنە لاوە.

Pishderi81@gmail.  com