ساڵی پار كە هێرش و پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچە كوردستانییەكان چڕتر دەبوونەوە، درك بەوە كرا كە لە نێوان داعشی سوننە (دەوڵەتی بە ناو ئیسلامی) و داعشی شیعە (حەشدی شەعبی) داعشی شیعەدا، تەنیا تاڵە موویەكی باریك هەیە.

ئەوكات كە داعشی سوننە بە ئاشكرا پیر و گەنج، ژن و منداڵی كوردی كۆمەڵكوژ دەكرد، زۆرێك لەو چەكدارە شیعانەی كە ئێستا لەناو هێزێكی میلیشیایی بێسەروبەردا بە ناوی (حەشدی شەعبی) كۆ كراونەتەوە، جگە لەوەی كە هاوسۆزی دەوڵەتی بە ناو ئیسلامی بوون، تەنانەت لە ڕیزەكانی ئەوانیشدا دژایەتیی كوردیان دەكرد و بگرە دەستی سەدانیشیان بە خوێنی كوردستانیان سوور بوو.

ئەودەم هاوكێشەكە بۆیە ڕوون بوو، سەرباری ئەوەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا شەڕی مان و نەمانی دەكرد و ئێستاش دەیكات، لەسەر دەستی دامەزرێنەرانی حەشدی شەعبی و دوور لە هەموو عورفێكی دیپلۆماسی، یاسایی و دەستووری، قوتی خەڵكی كوردستان بڕدرا و نە بوودجەی پێشمەرگە درا، نە مووچەی فەرمانبەرانیش.

حەشدی شەعبی كە كەم و زۆر جیاوازیی لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نییە، بەوەندەیشەوە نەوەستاون و ئەوەتا بە بەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە خوێنی هاونیشتمانییە كوردستانییەكان بە ناحەق دەڕێژێت، ماڵی هاووڵاتیانی كورد تاڵان دەكات و سڵ لە هیچ دەرەنجامێكیش ناكاتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، داعشی شیعە (حەشدی بە ناو شەعبی) دەبوو لەبری ئەو داگیركاری و خۆسەپاندن و خوێنڕشتنەی تاكی كورد، هاوشانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستانی داعشی سوننەی بكردایە و بە لای كەمەوە رۆڵێكی كەمی لە بچووككردنەوە و كەمڕەنگكردنی هەژموونیان لە ناوچەكەدا هەبووایە.

ئەمڕۆكە بەوپێیەی سەرنجی كۆمەڵگای نێودەڵەتی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق و سووریایە، بە پلەی یەكەم ئەركی مەرجەعە باڵاكانی شیعەی عێراقە گڵۆپی سوور بۆ حەشدی شەعبی داگیرسێنن، چونكە دواجار ئەو ئاگرەی كە ئەو میلیشیایانە خۆشی دەكەن، بەر لە هەمووان پریشكەكەی بەر خۆیان دەكەوێت و زیانی گەورە دەكەن.

ئەوەی دەمێنێتەوە، هەڵوێستی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانە، كە پێویستە هەرچی زووە مامەڵەیەكی جیددی و ژیرانە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن و خەمسارد نەبن لە ئاست پرسێكی وەها هەستیاردا كە ژیانی هاونیشتمانیانی پێوە پەیوەستە.

لە هەمووش گرینگتر، هاوئاهەنگی و یەكهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و حزب و سەركردە و كەسایەتییە دیپلۆماسییە دیارەكانە، لەبەر ئەوەی (هەمووان پێكەوە) كاریگەرییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا هەیە و دەتوانن بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێن: كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و پێكەوەهەڵكردنە، بۆیە هەر هەڕەشەیەكی تیرۆر و تۆقاندن، چاوسووركردنەوە و بەبارمتەگرتنی هاونیشتمانیان، جا بە هەر بیانوو و لەلایەن هەر هێزێكی رێكخراو و ناڕێكخراوەوە بێت، لەسەر كۆی كۆمەڵگای بەشەرییەت هەڕەشەیە و ڕووداوگەلی زۆر نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە، كە كۆتاكەڕەت هەمووان تێیدا زیانمەند دەبن نەك تەنیا هەرێمی كوردستان.

Pishderi81@gmail. com