لەم دۆخەی ئێستادا كە هەرێمی كوردستان تەنگژەی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ بەغدادا هەیە، یەكلاكردنەوەیان تا ڕادەیەك ئەستەمە و بڕیاری ژیرانەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی گەرەكە.

ئەوەی جێی هەڵوەستەیە، حكوومەتەكەی عەبادی بە بیانووی چاكسازیی ناوخۆییەوە لە عێراق، تا دێت زیاتر خۆی لە داواكاری و مافی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دەدزێتەوە (بە پێشێلكردنی ئەو دەستوورەیشەوە كە خەڵكی عێراق دەنگیان پێ داوە).

ئەوە بۆیە، دەشێ هەرێم وردتر و چاوكراوەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارەدا بكات و هەرچی لە توانایدا هەیە بۆ دەستەبەركردن و دەستخستنی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان، بیخاتە گەڕ.

ئاخر، فەترەیەكی زەمەنیی درێژە كابینەكەی عەبادی بەڵێنی جۆراوجۆر و تا ئاستێك سەمەرەیش بە سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەدات و دواجار هەر خۆیشی پێشێلیان دەكات.

یەكێك لەوانە ڕەوانەكردنی بوودجەی تەواوەتیی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ دابینكردنی مووچەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و كۆمەڵێك ئیمتیازاتی دیكە كە بەغدا بە ئاشكرا خۆیان لێ نەبان دەكات.

عەبادی كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەمان مامەڵەی مالیكی دەكات، حەق نییە چیتر رێگە بەو پێیانەی بدرێت كە زیاد لە بەڕەكە ڕایكێشاون، چونكە خۆیشیان لە قەیرانی قوڵدان و بگرە لەلایەن دەوڵەتی یاساشەوە كە حزبی خۆیەتی، دژایەتیی دەكرێت و لە ئەدای ناڕازین.

لەو دەلاقانەوە كە بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی عێراقیش سەرنجیان لەسەر هەنگاوە نزیكمەوداكانی عەبادی هەیە، دەكرێ هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی، دوورتر بڕوانن و هەموو بژاردەكان تاقی بكەنەوە.

بۆ وێنە:

1-هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن ئەندامانی كوردەوە تا داواكارییە بنچینەیی و حەتمییەكانی كوردستانیان جێبەجێ دەكرێن.

2- پشتبەستن بەو ماددە دەستووری و بڕگە یاساییانەی كە مافەكانی خەڵكی كوردستان گەرەنتی دەكەن و زەقكردنەوەیان لە مێدیا جیهانی و ناوخۆییەكاندا.

3- بانگهێشتكردنی نوێنەری وڵاتە زلهێز و مامناوەندەكان، كۆنسووڵ و نووسینگەكانی دیكە بۆ كۆنفرانسێك لە هەرێم، لەوەی كە بەغدا وەك هەمیشە پێشێلی دەستوور دەكات و حەقی هاونیشتمانیان بە ئاشكرا دەخوات.

4- كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و بڕیاربەدەستەكانی عێراق سەبارەت بە بەهەندوەرنەگرتنی داواكارییەكانی هاونیشتمانیان و بەلاڕێدابردنی خەڵك و بڕینی قوتیان بە بڕیاری تاكەكەسێك یان حزبێك.

5- هۆشداریدان بە قەڵەمڕەو و كاربەدەستانی ناوچەكە كە پاراستی یەكپارچەیی (عێراق) پەیوەستە بە دەستەبەركردنی مافە یاسایی و زۆر سەرەتاییەكانی كوردستانیان.

6- پەنابردن بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە ئیتر كاتی وەرگرتنی بڕیارە و هەم سەركردایەتی و هەم خەڵكیش لە سەریانەوە ڕژاوە و چیدی بەرگەی ئەو قەیرانانە ناگرن كە بەغدا بە پاساوی جیاجیا دەیانخاتە سەر هەرێم.

7 – ئاساییكردنەوەی دۆخی شڵەژاوی ناوخۆ و تەركیزخستنەسەر پێشهاتە هەنووكەییەكان و لەبەرچاوگرتنی دۆخە هەستیارەكەی هەرێمی كوردستان.

8- یەكهەڵوێستی لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان و یەكخستنەوەی ناوماڵی كوردی بە هەوڵ و دەستپێشخەریی هەموو لایەنە سیاسییەكان و وەلانانی ناكۆكییەكان.

9- پووچەڵكردنەوەی هەر هەوڵ و پیلانێكی ئیقلیمی كە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست بكات.

10- ئاشتبوونەوەی نیشتمانی كە لە بەرژەوەندیی سەرجەم حزبە سیاسییەكان و خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستانی مەزندایە و، كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی (باشوور، باكوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان) لە ژێر چەترێكی گفتوگۆدا بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێگاچارە بۆ دۆخی ئێستای پارچەكان و چاوبڕینە ئەو ئاییندە پڕشنگدارەی كە چاوەڕێی سەرجەم پارچەكان دەكات و، سازشكردن بۆ یەكدی لە پێناو داهاتوویەكی گەشتر بۆ كوردستانیان.

Pishderi81@gmail. com