بەپێی ئەو ئاماژانە بێت كە لایەنە سیاسییە كوردییەكانی باشوور لە لێدوان و كۆنگرە رۆژنامەڤانی و بەرەنجامی كۆبوونەوە چەندقۆڵییەكان دەیخەنە ڕوو، جارێكی دیكە حزبی زۆرینەی پەرلەمانی (پارتی) و حزبە هاوپەیمانەكەی (یەكێتی)، بە هەماهەنگیی حزبەكانی تر، پێكهاتەیەكی دیكەی نوێی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم ڕادەگەیەنن.

پێكهاتەی ئەو حكوومەتە تازەیە كە دەشێ پەیامەكەی "دوو ساڵ ئارامی" بێت، ئەركی زۆر قورس و زەحمەتی دەكەونە ئەستۆ كە یەكێكیان ڕووبەڕووبوونەوەی جیدیی چەتەكانی داعشە بە گوڕوتینی ئێستاوە و، ئەوی دیكەیشیان دابینكردنی مووچە و بژێوییە بۆ هاونیشتمانیان.

لە كابینەی هەشتەمەوە تا كابینەی نۆیەم كە دوو ساڵی دیكە پێكهاتەكەی بە گوێرەی دەنگی حزبە كوردستانییەكان دەستنیشان دەكرێت، دەرفەتی زۆر لە بەردەمدایە تا ئەو حزبانەی هەست بە پەراوێزخستن دەكەن و لە گەڕی دووەمی كابینەی هەشتەمدا بەشدار نابن، پێگەی جەماوەریی خۆیان بەهێزتر بكەن و بگرە چاو بە پەیام و دروشم و ئایدۆلۆژیاكەشیاندا بخشێننەوە.

چونكە، هەندێك حزب وێڕای ئەوەش كە لە حكوومەتی بنكەفراواندا بەشداریی سەرەكییان هەبوو، دووچاری هەڵەی سیاسی و مێژوویی بوون و تەنانەت نەیانتوانی لە ئاست خواست و داواكاریی دەنگدەرانیشیاندا بن، ئەمە جگە لەوەی كە ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكیان دابوون، بە كۆمەڵێك هۆكار نەیانتوانی جێبەجێیان بكەن و، لەبری ئەوە پەنایان بۆ هەندێك رێكار برد كە هەم لە ناڵیشیان دا و هەم لە بزماریش.

بەر لە ماوەیەك كە ڕاگەیاندنی حزبەكان بڕیاریان دا شەڕی ئیعلام ڕابگرن و لێك نزیك ببنەوە، بەندە لە وتارێكدا بە ڕاشكاوی داوای "بەرەو ئاشتەوایی سەرتاسەری"ـم كرد و لە بەشێك لە مێدیاكانیشدا بڵاو بووەوە، لە ناوەڕۆكەكەدا هەموو ئەو مەترسیانەم خستبوونە ڕوو كە ڕەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا قەیرانی قووڵتر و نوێتر دروست بكەن.

دواجار هەر وەها دەرچوو و بارەگا و ئاڵای حزبەكان بە ئاماژەی ئەم و ئەو سووتێندران و كار گەیشتە ئەوەی خۆپیشاندەرانیش، (كە پێشتر بۆ مووچە و دابینكردنی خزمەتگوزاری) ڕژابوونە سەر شەقامەكان، بكەونە ژێر كاریگەری و هەیمەنەی گوتاری ناعەقڵانیی بەشێك لە حزبە سیاسییەكانەوە و، بەداخەوە ژمارەیەكیشیان بوونە قوربانی.

ئەوەی جێی داخە، بەشێك لە خۆپیشاندەران كە داوای ڕەوایان هەبوو و دروشمی دابینكردنی مووچە و بژێوییان بەرز كردبووەوە، بەئاگا یان بێئاگا ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانیان پێ گۆڕدرا بۆ دژایەتیی ئەم و ئەو حزب و تۆمەتباركردن و ناوزڕاندن و سوكایەتییش بە هەندێك لایەنی سیاسی، كە دەكرا لەبری ئەوە، وردتر لە دۆخی سیاسی، ئابووری و سەربازیی هەرێم بڕوانن و ڕاشكاوانە داواكانیان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار بكەن كە داوای ڕەوا و خواستی سەرەتایی هاونیشتمانیان بوون، ئەم قسەیەیش لە كاتێكدا دەكەم، لە نزیكەوە هەموومان ئاگادار بووین كە كۆی لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی خۆپیشاندان و ناڕەزایی هێمنانەیان كرد و، تا نەگەیشتبووە ڕادەی توندوتیژیی جیددی، هیچ كەس و حزب و گرووپێكی كۆمەڵایەتییش پەرچەكرداری بەرامبەریان نەبوو.

بۆیە دەكرێ ئەو كابینە نوێیەی لەمەودوا ڕادەگەیەندرێت، هۆشیارتر مامەڵە بكات و، وردتر و ژیرانەتر بەرژەوەندیی گشتیی هاونیشتمانیان بخاتە پێش بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكان و، فرسەتێك بۆ ئاژاوەگێڕی و لێكترازانی ناوماڵی كوردی نەهێڵێتەوە.

Pishderi81@yahoo. com