شێوەكارێكی كورد بۆ یەكەم جار پەیكەری ئایلان كوردی لە كەنارەكانی دەریای ڕەش لە وڵاتی جۆرجیا دروست كرد كە گەشتیاران بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش وێنەی لەگەڵدا دەگرن، هەروەها پێشانگایەكی هاوبەشیشی بۆ تابلۆكانی ئایلان كوردی لە یەكێك لە گەلەرییەكانی تبلیسی پایتەختی جۆرجیا كردەوە.

سەردار قادر شێوەكاری كورد، لە لێدوانێكدا گوتی: "نوێترین پڕۆژەی هونەریم لەسەر جوانەمەرگ "ئایلان كوردی" بوو، ئەمەیش جیاواز لە جارەكانی پێشتر، كارەكەم لە وڵاتی جۆرجیا كرد، كە كردنەوەی پێشانگەی هاوبەش بۆ تابلۆكانی "ئایلان" بوو، لەگەڵ دروستكردنی پەیكەرێك لە كەنارەكانی باتۆمی دەریای ڕەش".

سەردار زیاتر گوتی: "من وەكو شێوەكارێكی كورد ڕووداوەكەی "ئایلان كوردی" كاریگەریی زۆری بەسەرمەوە هەبوو و بۆیەش بڕیارم دا كارێكی جیاواز بكەم، ئەمە بوو ویستم بچمە ئەو شوێنەی ئایلانی لێ خنكابوو تا پەیكەرێكی شاییشتە لەوێ دروست بكەم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی بچمە بۆدرومی سنووری ئاوی نێوان توركیا و یۆنان، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك ڕێگایان پێ نەداین بچین و كارەكە ئەنجام بدەین. دواتر چوومە وڵاتی جۆرجیا و لە كەنارەكانی دەریای ڕەش پەیكەرەكەم دروست كرد".