گومانی تێدا نییە، لە دوای خستنەبەرباس و پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم، بارگرژییەكی توند لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستاندا دروست بوو و دواجار لێكەوتەكانی ئەو قەیرانە نێوخۆییە بە زەقییش لە مێدیاكاندا ڕەنگی دایەوە.

تەنانەت كار گەییشتە ڕەشكردنەوەی یەكدی و هەندێك كەڕەتیش تۆمەتهەڵبەستن و چاوبەستەكی و خۆڵكردنەچاوی هاووڵاتیان و بەلاڕێدابردنیان.

ئەو ناكۆكییە سیاسییە كە پتر وەك دژبەری و نەیاری و مامەڵەی دوژمنكارانە لەگەڵ یەكتردا خۆی نواند، ڕەنگە دڵی بەشێك لەو وڵاتە ئیقلیمیانەی خۆش كردبێت كە نان و پیازیان لە دووبەرەكی و شەڕی ڕاگەیاندن و بگرە سڕینەوەی یەكجارەكیی حزبە كوردستانییەكاندا بێت.

لێ ئەوەی جێی دڵخۆشییە، هەرچەند درەنگیش بێت، لایەنە سیاسییەكانی باشوور بەوپەڕی بوێرییەوە و وەك هەنگاوی یەكەم، شەڕی ئیعلامیان ڕاگرت و بەرە بەرە، بەرەو لێكنزیكبوونەوە و تێگەیشتن لە دۆخە هەستیارەكەی هەرێمی كوردستان، پتر بەرەوڕووی یەكدی هاتن و لە پێناو دۆزێكی ڕەوای نیشتمانییشدا، سازشیان بۆ هاونیشتمانیان كرد و تەنانەت سایكۆلۆژیای خەڵكیشیان كەمێك هێور كردەوە.

ئەم هەنگاوە كە سەرجەم حزبە كوردستانییەكان رۆڵیان تێدا هەیە، دەشێ وا لێك بدرێتەوە كە پێیان وایە، دواجار بەرژەوەندیی گشتیی میللەتێكی ستەمدیدەی بەشخوراو بە درێژایی مێژووی كۆن و نوێ، زۆر لە بەرژەوەندییە حزبی و بەرتەسكەكان مەزنترە و هەر سازشێكیش لەو پێناوەدا، خەمخۆری و دڵسۆزی و بەئەمەكیی ئەو لایەنانە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و بارە ناهەموارەكەی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، دەردەخات.

ئەگەر لە دەلاقەی چۆنیەتیی هەڵوێستی حزبەكان سەبارەت بە شەڕی داعش و ئابڵووقەی ئابووریی بەغداوە بڕوانین، دەبێ ئەو پێویستییە هەنووكەییەیش بخەینە بەر باسوخواسەوە كە پێشتر و ئێستایش لە بەرژەوەندیی خەڵك و حزبەكانیشدا نییە ناكۆكیی توند لە نێوانیاندا هەبێت، چونكە بە هەموو بارێكدا یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی لەو قەیرانانە دەربازمان دەكات و، لەوێ بەدواوە و بە پێچەوانەوە، ڕیسی چەند ساڵەمان دەبێتەوە خوری.

ئەوە بۆیە ڕاگەیاندنی ئاشتیی سەرتاسەری لە باشووری كوردستاندا، زەمینەخۆشكەرە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی میللەتێك لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا.

نەخاسمە كە باشووری كوردستان سەنگ و پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە و، ئاشتی و تەباییش لە هەرێمی كوردستاندا، بەسەر كۆی پارچەكانی دیكەدا (لە هەموو ڕووەكانەوە) كاریگەری و ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت و بێ "سین" و "جیم"ـیش ئەو واقیعە پێشتر ئەزموون كراوە و بە چاویش بینراوە.

هەر لەبەر ئەوەیە، پێویست وا دەخوازێت، هەموومان هێور بینەوە و پەندیش لە ڕابردوو و ئێستایش وەربگرین كە ئیتر نە باوی ئەوە ماوە خەباتی سیاسی و قوربانی و خوێنی شەهیدان لە بەرچاو نەگرین، نە بۆ پۆست و ئیمتیازات یەكدی بسڕینەوە و هەموو شتێك زەڕبی سفر بكەین، بەڵكە لەبری ئەوە دەشێ بە پێكەوەسازان، لێكتێگەیشتن و تەبایی، بەسەر سەرجەمی ئاریشەكاندا زاڵ بین و، هەمیشە براوەی یەكەميش میللەت بێت.

Pishderi81@gmail.  com