لەو ماوەیەدا كە پارتە كوردییە سەرەكییەكان لە باشووری كوردستان سەرقاڵی تاوتوێكردن و گفتوگۆ و كۆبوونەوە لە پێناو كۆبوونەوەدان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستوور، خەڵك لە بارێكی سایكۆلۆژیی ناسەقامگیردا دەژین و نازانن باری قورسی شەڕی داعش لە كۆڵ بنێن، یان خەمی بێمووچەیی و بێبوودجەیی بخۆن.

هاونیشتمانیان كێشەی ژیانی و مەعنەوییان كەم نەبوو و پرسی پۆستی سەرۆك و دەستووریشی هاتە سەر، ئاخر یەكێك شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتیش دۆخ و زرووفی باشووری كوردستان نەبێت، سەختە لەوە حاڵی بێت كە بەر لە مەسەلەی دەستوور و سەرۆك و شتی دیكە، گرفت و ئاریشەی زۆر مەزنتر بەرەوڕووی دەسەڵاتدار و هاووڵاتیانیش بوونەتەوە.

بەئاگا یان بێئاگا، هەندێك حزبی كوردستانی لە وەتەرەكانی تووڕەیی هاونیشتمانیان دەدەن و جگە لەوەی گەنجان ناچار دەكەن وڵات جێبهێڵن، نە سازش بۆ یەكتر دەكەن و نە پێكەوە دەسازێن.

هەندێك دەنگی ناشازیش لە رێكەی ماسمیدیا و سۆشیالمیدیاوە پتر دۆخەكە بەرەو لێكدووركەوتنەوە و لێكترازان دەبەن و دووریش نییە بەرژەوەندیی تایبەت و كەسییان، لە پەرشوبڵاویی ناوماڵی كوردستانیاندا بێت، ئەوە بۆیە هەموو تەقەلایەكیان خستووەتە گەڕ و سەرسەختانە ئاگری دووبەرەكی خۆش دەكەن.

لەو نێوەندەدا، هەڵوێستی فەرمیی حزبە كوردستانییەكانە كە چۆن ڕووبەڕووی ئەم دۆخە هەستیارە دەبنەوە و بە برایەتی، یەكترقبووڵكردن بە جیاوازییەكانیشەوە، سازش لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، پێكەوەهەڵكردن و دیالۆگی ئاشتیانە و نیشتمانیانە، ئەو دەنگە ناشازانە كپ دەكەن و لەگەڵ یەكدیدا دەگەنە رێگاچارەیەك بۆ دەربازبوون لە كۆی ئەو قەیرانانەی بەرۆكیان گرتووین.

هەموو دەزانن كە باری سیاسی و ئابووری، كۆمەڵایەتی و دەروونیی خەڵك پتر لەوە بەرگەی ئەم هەموو شڵەژان و شكاندنەوەی یەكتر، هەڵدانەوەی لاپەڕەی دوێنێ و سڕینەوەی مێژووی خەباتی چەندین ساڵەی كەس و حزب و لایەنە سیاسییە شۆڕشگێڕەكان ناگرن و، چاكترین بژاردەش لەبەرچاوگرتنی هەستی هاونیشتمانیانە كە دۆخەكە دەیسەپێنێت، ئەوەی سازش بكات براوەیە نەك بە پێچەوانەوە.

لە ڕاستیدا، حوكمڕانی و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان كابینە دوای كابینە، (سەرباری كەموكوڕییەكانیش) قۆناغی باشی بڕیون و دەكرێ زیاتریش بەرەوپێشەوە بچێت، بەڵام هەندێك بار پێویستیان بە سازش و خۆشبوونە لە مافە حزبی و تایبەتەكان و، هەر لەوێشەوە دەشێ لایەنە سیاسییەكان و دەزگا و دامەزراوە تایبەتمەند و پەیوەندیدارەكان، كە بەر لە هەموویان سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمن، چیدیكە لە ئاست چاوەڕوانیی هاونیشتمانیاندا خەمسارد نەبن و ئەوەی لە دەستیان دێت بۆ هێوركردنەوەی خەڵك، بیكەن.

ئەگەر بە ڕاستیش كۆی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستووری نیشتمانی گەیشتوونەتە بنبەست و كەس ئامادەی سازش نییە، فاتیحەیەك بۆ سازان بخوێنن و لە كورتترین ماوەدا بژاردەی دیكە گفتوگۆ بكەن.

بژاردەكان دیارن و لەپێشترینیشیان گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵك جا چ لە رێگای ریفراندۆمەوە بێت یان دەنگدانی ڕاستەوخۆ، گەر ئەوەش نەشیا و نەتوانرا ئامادەكاریی بۆ بكرێت، دەكرێ جارێكی دیكە چاو بە حكوومەتی بنكەفراواندا بخشێندرێتەوە و، سەرلەبەری پۆستەكان لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینە دابەش بكرێنەوە (كە بە باوەڕی من، خراپترین بژاردەیە و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان بە ئاقارێكی نەخوازراودا دەبات)، چونكە چەندین ساڵە حوكمڕانی لەم وڵاتەدا بە سازان بەڕێوە دەبرێت و (سەرباری ناكۆكییە ناوخۆییەكان)، نموونەیەكی جوانی خۆبەڕێوەبەری و دیموكراسییشمان پیشانی جیهانی دەرەوە داوە.

Pishderi81@gmail. com