لەو كاتەوەی كە پرسی دەستوور و پۆستی سەرۆكی هەرێم هاتوونەتە گۆڕێ، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك مامەڵە دەكەن كە ئەو باشووری كوردستانە هیچ گرفتێكی دیكەی نییە جگە لە یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانە نەبێت.

دروستە كە هەردوو پرسەكە چارەنووسسازن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەران و تەنانەت لایەنی دەروونیی هاونیشتمانیانەوە هەیە، بەڵام گرفت و ئاریشەی مەزنی بەردەم هەرێم و خەڵكەكەی، لەوە تێپەڕیوە كە بە چەند وشەیەك باس بكرێت.

ئاخر هەمووان دەزانن كە لە ئێستادا هەم شەڕی دەستەویەخەی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكەین و گیانی هەزاران پێشمەرگەمان لە پێناو سەروەریی نیشتمان و خاك و زێددا لە دەست داوە و، هەم ئابڵووقەیەكی ئابووریمان لەلایەن بەغداوە خراوەتە سەر كە كاریگەریی بەسەر كۆی كایەكانی ژیان لە هەرێمدا هەبووە و كار وا بڕوات كاریگەرییە نەرێنییەكە زیاتر زەق دەبێتەوە.

ئەوەی لەم دۆخە هەستیارەدا جێی هەڵوەستەیە، غیابی رۆڵ، بێهەڵوێستی و بێدەنگیی بەشێك لە نوخبەی رووناكبیرانە كە دەبوو پێش هەمووان لە مەترسییەكانی ئەم بارە ناسەقامگیرە بێنە دەنگ و هاووڵاتیان لە ئەگەر و بەرەنجامەكانی هۆشیار بكەنەوە و هەوڵ بدەن لایەنی دەروونیی خەڵك هێور بكەنەوە و نەهێڵن چیتر شەڕی سایكۆلۆژی درێژە بكێشێت.

 

دەبێ بڵێین، بە داخەوە لەبری ئەوە، هەست دەكرێت ژمارەیەك لە رۆشنبیران خەڵك و بگرە لایەنە سیاسییەكانیش دژی یەكتری گاڵ دەدەن و مەبەستیشیان هەرچییەك بێت، لە گوتار و ڕەفتاریاندا هاندان بەرەو ڕەتكردنەوە و ڕەشكردنەوەی یەكدی بە ئاشكرا دیارە و بەئاگا یان بێئاگا، شەڕێكیان بەرپا كردووە كە لە بەرژەوەندیی هیچ حزب و كەس و لایەنێك و تەنانەت هاونیشتمانییەكیشدا نییە و پێچەوانەكەیشی زۆر دروستە.

ئەگەر وردتر بین، دنەدانی هێز و لایەنە سیاسییەكان لەلایەن ئەو رۆشنبیرانەوە و ڕەنگدانەوەی گوتار و لێدوانەكانیان لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، باری سایكۆلۆژیی خەڵكی بە تەواوی داگیر كردووە و گەر زیادەڕۆیی نەبێت، خەریكە لە شەڕی ئیعلامیشەوە خەڵك و حزبە كوردستانییەكان بۆ شەڕی خۆكوژی پەلكێش دەكەن.

ئەزموونی شەڕی خۆكوژی لە باشووری كوردستان پێمان دەڵێت، هیچ پارتێكی كوردستانی تێیدا سوودمەند نەبووە و لەوە زیاتریش، ماڵوێرانی و ئاوارەیی و بەدبەختی بۆ هاونیشتمانیان جێ هێشتووە و جێی داخیشە كە هێشتا برینەكان بە تەواوی ساڕێژ نەبوون.

دروستە كە پێدەچێت هەندێك كەسی هەلپەرست كەڵك لە شەڕی براكوژی وەربگرن و بەرژەوەندییەكانیان لەو درزەوە زیاتر پارێزراو بن، بەڵام لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی سڤیلیش دەبێ باش ئەو حەقیقەتە هەزم بكەن كە ئیدی سەردەم سەردەمی یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەباییە و، تێكدانی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش بە زیانی هەمووان دەشكێتەوە.

ئا لێرەوەیە كە پێویستیی بار و زرووفەكە وا دەخوازێت، هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە پاڵپشتیی حزب و هێزە سیاسییە كوردستانییەكان لە هەر چوار پارچەی نیشتمانی دایك، بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاو بكەنەوە و تێیدا پەیامی یەكڕیزی و یەكدەنگی و رێكخستەوەی نێوماڵی كورد بە گوێی هاونیشتمانیاندا بدەن و ئاشتەوایی سەرتاسەریی نیشتمانی ڕابگەیەنن، كە بێگومان ئەمەش رۆڵێكی كاریگەری لە هێوركردنەوەی باری سایكۆلۆژیی هاونیشتمانیاندا دەبێت و ئاماژەیەكیش دەبێت بۆ نەیارانی كورد كە كوردستانیان هەرچەندە لە هەندێك باردا خاڵی ناكۆك لە نێوانیاندا هەبێت، دواجار خاڵە هاوبەشەكان زۆرترن و دەشێ هەر لەو دەلاقەیەیشەوە پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێم و دەستوور و. . تا دوایی، بە سازان، دیالۆگ و لێكنزیكبوونەوە یەكلا بكرێنەوە، نەك بە بوغزاندن و لێدانی تەپڵی براكوژی و شەڕی ڕاگەیاندن.

Pishderi81@gmail.  com