به‌ناوی خوای گه‌وره‌ی میهره‌بان

دوای ئه‌وه‌ی هێڕشێكی چه‌كداری كرایه‌ سه‌ر رۆژنامه‌ی (شارلی ئیبدۆ)ی فه‌ره‌نسی‌و، چه‌ند كه‌سێك له‌ كارمه‌ندانی كوژران، ئه‌م كاره‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی زانایان‌و زۆربه‌ی ناوه‌ند‌و ده‌زگا ئیسلامیه‌كانی جیهان به‌ تووندی ئیدانه‌ كرا. كه‌چی رۆژنامه‌كه‌ دوور له‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی پێكه‌وه‌ژیان‌و له‌ یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌‌و شارستانێتیه‌ جوداكانی جیهان دووباره‌ كاریكاتێری دیكه‌یان ده‌رهه‌قی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د بڵاوكردنه‌وه‌.

لێره‌دا وه‌كو زانایانی ئایینی كوردستان به‌ تووندی ئیدانه‌ی كاره‌ قێزه‌ونه‌كه‌ی رۆژنامه‌كه‌ ده‌كه‌ین‌و، پێمان وایه‌ وێڕای برینداركردنی هه‌ستی زیاتر له‌ ملیار‌و نیوێك موسڵمان، له‌ هه‌مان كاتدا په‌ره‌دانه‌ به‌ گیانی رق‌و یه‌كترقبوڵنه‌كردن‌و ده‌رگایه‌كی دیكه‌ به‌ رووی تووندڕه‌وانی دونیا له‌ هه‌موو ئایین‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان ده‌كاته‌وه‌.

لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ موسڵمانان ده‌كه‌ین هه‌موو هه‌وڵ‌و كاره‌كانیان به‌ حیكمه‌ت بن‌و، باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌م رۆژنامه‌‌و هاوشێوه‌كانی، بریتییه‌ له‌ زیاتر پابه‌ندبوون به‌ رێبازی پێغه‌مبه‌ر‌و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی‌و برایه‌تی‌و خۆشه‌ویستی‌و پێكه‌وه‌ژیان.

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

15-1-2015

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.