به‌یاننامه‌ی ده‌زگای مین بۆ رۆژی شه‌هیدانی كاروباری مین
- Details
- ڕێکخراوەکان
- Hits: 1496
لە ئاكامی ئەو سیاسەتە كاولكاریەو جینۆسایدەی كە رژێمەكانی پێشوو دژ بە گەلانی كوردستان بە گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی گرتبوویانەبەر و شەڕی ٨ ساڵەی عێراق/ئێران، سەرەڕای زیانەكانی تری ئەو سیاسەتە دژ بە مرۆڤایەتییە، زیاتر لە (٣١٤٩) كێڵگەی مینڕێژكراو و سەدان هەزار پارچە تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ لە كوردستان بەجێماون.
ئاشکرایە شەڕی داعش وەك هێزێكی تیرۆرستی نێودەوڵەتی كە شێوازێكی نامۆ و نوێی شەڕە لە ناوچەكە، لە رووی تەكنولۆجیا و راگەیاندن و كەرەستەی بەكارهاتووی بەدەر لە ستانداردی پەیڕەوكراوی سەربازی، بە درێژایی ١١٠٠ كم لە خاكی كوردستان بە پانتاییەكی یەكجار زۆر لە شار و شارۆچكە و گوند و شوێنی نیشتەجێ بوون بە جۆرەها بۆمبی چێنراو و تەقەمەنی هەمەجۆر پیسبوون و خەڵك و خاوەنەكانیان لە سامان و دەرامەتەكانیان بێبەش بوون. ئەم مەرگە چێنراوانە بوونەتە هەڕەشەیەكی بەردەوام لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان.
بۆ ئەو مەبەستە دەزگای مین بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ٣ ژووری عەمەلیاتی هاوبەشی لە میحوەرە جیاجیاکانی بەرەی شەڕی داعش پێکهێناوە.
لە میانەی پرۆسەی لابردن و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەكانی شەڕی داعش تا ئێستا زیاتر لە ١٣١ فەرمانبەر و كارمەندی دەزگای مین و رێكخراو و كۆمپانیاكان بوونەتە قوربانی لە شەهید و بریندار و پەككەوتە.
بۆ رێزگرتن له گیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه، ده‌زگای مین به باشی زانی رۆژی 28/10 بكاته رۆژی شه‌هیدانی كاروباری مین كه له‌و رۆژه‌دا پۆلێك كارمه‌ندی ده‌زگای مین کە شانبه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له پاككردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی شه‌ڕی داعش لە دەڤەری زوممار كاریان ده‌كرد گیانیان كرده قوربانی.
له‌و روانگەیەوه ده‌زگای مین خۆی به به‌رپرسیار ده‌زانێ كه ئه‌وپه‌ڕی رێز و وه‌فا بۆ گیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كاروباری مین و خانه‌وادە به‌ڕێزه‌كانیان بنوێنێت.
له‌م یاده‌دا ده‌زگای مین به‌ڵێن دووپاتده‌كاته‌وه كه هه‌موو هه‌وڵ و تهقەڵایهك بدات بۆ خزمه‌تكردنی خێزانی ئه‌و شه‌هیده سه‌ربه‌رزانه و باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی كه‌مئه‌ندامانی مین و ته‌قه‌مه‌نی و كاركردنی بەردەوام بۆ هێنانەدی خەونی شەهیدەكان (كوردستانێكی پاككراوە لە مین و تەقەمەنییەكانی پاشماوەی جەنگ و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان).
بێگومان قەیرانی دارایی و شەڕی نەگریسی داعش كاریگەری خۆی هەبووە لەسەر بەرنامەی کاروباری مین، بەڵام پێشمەرگەكانی دەزگای مین زۆر دڵسۆزانە كارەكانیان بەردەوام پێدا و توانییان رووبەرێكی بەرفراوان لە خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنی پاك بكەنەوە. سەرباری ئەمە كاری جدی كراوە بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجی دەزگا بە سەرجەم دۆستانمان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی دۆست و كۆمەك بەخش تاوەكو لە رووبەڕووبونەوەی مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی زیاتر هاوكاری دەزگای مین بكەن.
هه‌ر بەم بۆنەیەوە داوا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی خواست و داواكارییه‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌مئه‌ندامانی كاروباری مین هه‌رچی زووترە پرۆژه‌یاسای ماف و ئیمتیازاتی پیشه‌گه‌رانی مین بخه‌نه بواری جێبه‌جێكردن كه وه‌ڵامی خواسته ره‌واكانی ئه‌و توێژه خۆبه‌خشه‌ی گه‌له‌كه‌مانی تێدا فه‌راهه‌م ده‌كرێت.
لە كۆتاییدا:
- دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سەربەرزی و خۆڕاگری بۆ كەسوكاریان.
- هیوای ژیانێكی بەختەوەر بۆ كەمئەندامان.
- سڵاو بۆ سەرجەم پیشەوەرانی مین.
دەزگای گشتی کاروباری مین
٢٨/١٠/٢٠١٥