چەند سەرنج و، وڵاومێک بۆ ئەو راپرسی و میزگردەی ئێوارەی ٢١/٢/٢٠١٤ کە لە رووداو T V بڵاو کراوەیە.

یەکەم: رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەر وڵاتێکی دیکەی بێ دەوڵەتی داگیرکراو، خاوەن چەندین حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی داگیرکەرانی نیشتمانەکەیەتی.

کەوا بوو وێڕای سەرنجدان و رێز گرتن لە مێژووی هەر حیزبێک، دەبێت ئەو راستییە بزانین لە وەها هەلومەرجێکدا کە ئێمە و سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێیداین، موبالەغە و ناراستییە کە هەر حیزبێک خۆی بە یەک و دوو یاخۆ جەمسەری یەکێک لە بیرۆکە کان بزانێت.

ئێوەی میدیا کاران و حیزبەکانی ئاشنا بەو واقعەی رۆژهەڵاتی کوردستان، باش دەزانن بۆ وەرگرتنی وڵامی راست کە کام لایەن حیزبی یەک و دووە، تەنیا لە پاش رزگاری و کەشێکی هێمن و ئازاد و بە رێفراندۆمێکی خاوێن و بێ دەست تێوەردان ئەو وڵامە وەردەگرینەوە.

دووهەم: بڕواننە رۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک حیزب هەن کە مێژووکەیان لە ٤٠ساڵ خەبات زیاترە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەر بێ هێزی لە هۆتێلەکانی باشووری کوردستان پاڵیان لێداوەتەوە ، کە چی پارتی یەکێتی دیموکراتی “PYD” خاوەنداری و رمبازێن دەکات لە رۆژئاوی کوردستان، کورد وتەنی " بە ریش نییە بە ئیشە " .

سێهەم: بە سەرنجدان بەو راستییە دەبێت ئەوە بزانین لە کاتی رزگاری رۆژهەڵاتی کوردستان و، ئەوکاتەی کە شەر کەوتە قۆپی، ئەوسا دیاری دەکات کە کێ خۆی فیدای خاک و خەڵک دەکات و کێش لە هەولێر پاڵی لێدەداتەوە، هەر ئەو ساشە کە هەر لایەنەو، وەزنی خۆی بۆ دەردەکەوێت.

چوارەم: ئەوانەی کە خۆیان بە سەرقافڵە و جەمسەری فلان و فیسار ئایدیا و بیرۆکە دەزانن، بە چەپ و راست و سەربەخۆیی خوازو ئێرانچێتی شەوە،  دەبێت ئەو راستییە بزانن کە هەر حیزبێک تەنیا نوێنەرایەتی فەلسەفەی سیاسی خۆی دەکات، هەلومەرجی سیاسی رۆژهەلاتی کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە هیچ کەس و لایەنێک نەیتوانیوە بە تەنیا سەرقافڵە و جەمسەر بێت، یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وەک یەکەم حیزبی سەربەخۆیی خواز کە خاوەن ٢٣ ساڵ تەمەنی بێ پسانەوەیە و، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆستی خۆ دەزانێت، لەهەمان کاتیشدا بەم هەلومەرجەوە رێگا بە هیچ جۆرە جەمسەرێک نادات، هەر ئەم جۆرە خوێندنەوانەیە کە تاکوو ئێستا مخابن نە توانراوە بەرەیەک یا ئیئتلافێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان درووست بێت، با لە جیاتی خۆبە جەمسەر زانین و قوتب بەندی، خاڵە هاوبەشەکانی هەموومان بکەیەنە هەوێنی درووستکردنی بەرەی کوردستانی.

 پێنچ: هەر چەندە بەرێوەبەرانی تۆڕی میدیای رووداو سەربەستن لەوەی کە دەیڵێن و دەیکەن، بەڵام خۆزگە ئەوان خۆیان ببواردایە لە پەڕاوێز خستنی ئەم حیزب وئەو حیزب، وەک خانەخوێیەک ئێمەشیان بانگێشت بکردایە یان لانی کەم بۆ رێز لە خەبات و قوربانیدانمان خۆیان لە ناو هێنانی ئێمە نەبواردایە.

شەشەم: یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وای پێباشە کە تۆڕی میدیای رووداو بە جێگای راپرسی لە سەر ئەوەی کە کام لایەن یەکەم یان دووهەمە،  باپرسی بەرەی کوردستانی کە زەروورەتێکی هەنووکەییە بورووژێنێت.

سمکۆ یەزدانپەنا

سکرتێری گشتی

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

٢٢/٢/٢٠١٤