بیر و ڕا لەسەر کتێبێکی مێژوویی/ کوڕی سلێمانی
لە کتێبی ( ئایەتوڵا ) ی مەحەمەد حەسەنێن هەیکەلی میسری وەرگیراوە - لاپەڕە ١٨٨ .. لە دوو دێڕی کۆتایی دا مرۆڤ توشی نائومێدی دەبێ لە دەست هەڵس وکەوتی ئەوسا و ئێستای سیاسیەکان .. مایەی بەدبەختی کوردە لە کاتێکدا فەرەنسا نەک هەر ئەوەی خومەینی و دارودەستەکەی پەنا دەدا لە وڵاتەکەی بگرە ئیجازە بە پاسەوانەکانی دەدا کە لەسەر خاکی فەرەنسا چەک هەڵبگرن و تەنانەت دوو ڕەشاشیشیان پێ دەدا کەچی چالاکەوانانی کورد بە تۆمەتی خۆپیشاندان و دەرکەوتنیان لە میدیاکاندا و هەوڵدانیان بۆ لۆبی کردن ئازار دەدرێن و تەنگەتاو دەکرێن و بگرە تیرۆریش دەکرێن هاوشێوەی ( قاسملۆ و شەرەف کەندی و سێ ژنە تێکۆشەر و هەرگیز لە یادنەچوەکەی گەلەکەمان) کە زۆر دڕندانە و بێ بەزەییانە خافڵ گیر کران و هەتا ئێستاش دۆسیەکانیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ! ڕاستە ئەو سات و سەردەمە لەگەڵ ئێستا جیاوازن و دنیا و هاوکێشە سیاسیەکانی گۆڕاون بەڵام بەراوردێکە و گەر لە ڕووی هەڵدانەوەی مێژووی ڕووداوەکانەوە هەڵی بسەنگێنین بێ دەرەتانی و بێ کەسی و بێ پشت و پەنایی کورد و بەختی زێڕینی ئەوانی دیمان بۆ دەردەکەوێ، دەکرێ لە پەنا هەست و سۆز و نۆستالجیای بە کوڵەوە ئاهو هەنیسکێکی کوردانە بۆ بارودۆخی ئێستای حیزبە کوردیەکان و پرسی ئاڵۆسکاوی نەتەوەکەمان هەڵکێشین!
بەڵێ زەمانە پێ دەچێ بۆ هەمیشە دژ بە حەز و ئارەزووەکانی کوردان سەوڵ لە کەشتی ڕووداوەکان بدا و بە چاوی خۆمان بینیمان چۆن لە پایتەختی وڵاتانی بە ناو دۆستی دیموکراتی و ئازادی ئەوروپا مەدیا تی ڤی و ڕۆژ تی ڤی و نەورۆز تی ڤی داخران .. ڕێگری لە هەڵکردنی ئاڵای یەک دوو پارتی کوردستانی کران .. زۆر بە توند و تیژی خۆپیشاندانی کوردان بڵاوەی پێکرا و ئەمێستاکەش لە نمایشێکی بەزەیی ئاسا و بێ مانادا فینلاند و سوید چۆکیان لەبەردەم تورکیادا شکاوە و بە مەرجی ڕادەستکردنی چالاکەوانانی کورد گوایە ڕێگەیان پێ دەدرێ ببنە ئەندام لە ڕێکخراوێکدا کە زۆر دەمێکە زۆرێک لە ئێمە وای دەزانی پێچەوانەکەی ڕاستە تورکیا زەلیلانە ڕوو لە قاپی ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی تری ئەوروپا دەپاڕایەوە و داوای لێ دەکردن لوتف بفەرمون و وەک ئەندامۆچکەیەک لە یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا قبوڵی کەن؟
جا بۆ کەس ماوە نەزانێ چیان بە بەسەر ئۆجەلانی بێ پشت و پەنادا هێنا؟ مەگەر ئەو چی لە شۆڕشگێڕێک و خەباتکارێک کەمتربو؟
ئەرێ تۆ بڵێی چارەنوس و بەختی ڕەشی کوردان هەروا بە خراپی گوزەربکا و بۆ تا هەتایە ئێمەی کوردان دۆستێکی تەنگانەمان دەست نەکەوێ کە بە نیوەی ئەوەمان بۆ بکا کە بۆ خومەینیان کرد؟
پرسیاری تر زۆرە لە پەراوێزی ئەم مێژوەدا کە پێوسیتی بە وەڵامە بەڵام داخەکەم تەنها نیشانەی سەرسوڕمانم لە دەستدایە و بێ وەڵام ماوم!
لەو کتێبەدا وەک زۆرێک لە کتێبە مێژوویی و بەڵگەنامەکانی تر ئاماژە بە چۆنێتی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی خومەینی دراوە و لەگەڵیدا لاپەڕەکانی ئەو ڕوداوانە بەسەردەکاتەوە کە هاوشانی ئەو سات و زەمانە لە ئێران و لە کوردستان و لە ناوچەکە ڕوویانداوە و مەحەمەد حەسەنێن هەیکەلیش بەوەدا کە خۆی لەبەردەم شا و خومەینی و ئەمریکیەکان و ئیسرائیلیەکاندا بینیوەتە و بە سیفەتی گوایە ڕۆژنامەگەری و ڕەنگە ڕاستر بێ گەر بڵێین موخابەراتی چاوپێکەوتن و ئاخاوتنی لەگەڵ کردون پەردەی لەسەر هەندێ لە نهێنیەکانی کەوتنی کۆماری کوردستان و شکستی شۆڕشەکەی بارزانی و چۆنێتی داگیرکردنی سەفارەتی ئەمریکی لە تاران و پاشان ڕزگارکردنی بە بارمتە گیراوەکان هەڵداوەتەوە.
تەنها وەک ئاماژەیەک ئەم کتێب و ناونیشان و کەسایەتیە هاتۆتە باس دەنا بێگومان لە دنیای ئەمڕۆی ئینتەرنێت و ئاسانی دەست گەیشتن بە تۆمارە مێژووییەکان مێژووی نەتەوەکەمان بە چاک و خراپیەوە و بە زۆرێک لە زمانەکانی دنیا ڕۆژانە دێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە چاک وایە بۆ هەمومان وەک سەرچاوەیەکی بە نرخی فێربون سودی لێ وەربگرین.