Off Canvas sidebar is empty
کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

کەسایەتی!؟ .... برایم فەڕشی

Pin It

‎ساڵی ساڵان لە سەر خۆتان و هەڵسوکەوت و سیاسەت و دەرکەوتنتان، لە دژی بە ئێرانیکردنی کورد و  سیاسەتی کورد دەمنووسی و ئێوەش بەردەوام لینگێکتان لەم و ڵات و ئەویتر لەم وڵات بوو، بۆ بە ئێرانیکردنی کورد و بە ئێرانیکردنی خۆتان و سیاسەتتان. ڕۆژێک لە پاریس، ستۆکهۆڵم و کۆڵن و ڕۆژێک لە  واشینگتۆن بوون.

هێندەتان باسی کورد دابەزاند، هەتا دەور و بەری خۆتان کە بیریان دەکردەوە، تاراندران و خۆتان و موریدەکانتان مانەوە و هەنگاو بە هەنگاو لە کۆمەڵگا و خەڵک دابڕان و زۆرتر لەوەی سەر زەوی بژین، بوون بە "سیاسی" ناو مێدیا و سۆسیال مێدیا ، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە بێهزاد و شیرینەکان هەڵدەواسران و هەزارانی وەک ئەوان لە بەندیخانەوە و هەر شوێنێک ببوونە پێشڕەوانی خەڵک و ڕۆژانە هەناسەیان گرێدراوی هەناسەی خەڵک بوو.

 ڕاپەڕینی ژینا، جوڵانەوەی زارا و محەممەد و مەسعوودەکان و بێژمارانی تر، ئەوەیان سەلماند گۆڕەپان نە لە تی وی و جیهانی مەجازی، لە شار و دێهات و سەر شەقام و بەندیخانە و فێرگە و زانستگا و شوێنی کار و هەر شوێنێکە کە خەڵک لەوێیە. ڕابەرانی کورد لە ناوخۆی وڵاتن، هەناسەی ئێمەش گرێدراوی هەناسەی ئەوانە.

‎ئێستا کە تەمەنتان لە تەمەنی خانەنشینی لای داوە و دەیان ساڵە هەناسەی خەڵکتان لێبڕاوە و لە کۆچە و کۆڵان و شار و گوند لە گەڵیان نین و نازانن ژیان و حاڵیان چۆنە، ئیزنتان نییە بە ناوی ئەوانەوە وەک حزب و گرووپ و دەستە و تاقمەکەتان قسە بکەن، مەبەست هەمووتانە.

هەتا جەماوەری خەڵک  بە تایبەت ژنان و لاوانی سەردەم کە قورسایی خەبات و ڕاپەڕین لە سەر شانی ئەوانە، ئێوەیان نەکردۆتە دەمڕاستی خۆیان، دەتوانن تەنیا و تەنیا بە ناوی خۆتان و گرووپی خۆتانەوە دەرکەون و قسە بکەن. ئەوە دەبێ پڕێنسیبی هەمووتان بێ.

‎ئێوە وەک یاسر عەڕەفات نەبوون، کە سەرەڕای دەیان کاری تیرۆریستی، کەسایەتی خۆی و میللەتەکەی دەپاراست، ئەو وەک ئەوانەی ئێمە پاش کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە دەمی نەخستە ناو دەمی  دیکتاتۆر، ئێوە ماندێلا و واسلاف هاول و کەسانی تریش نەبوون، نەتەوە و ئازادی مەبەستی سەرەکیتان بێ!  ئێوە لە هەر چوار سووچی وڵات بە کورسییەکانتانەوە گرێدراون و ژیان لە یەکتان جیا ناکاتەوە!

‎هەمووتان باس لە ئازادی و دێمۆکراسی و مافی تاک دەکەن و هەر خۆشتان مافی تاک و کۆ پێشێل دەکەن. هەر کامتان دەیان ساڵە ڕێگرن لە بەر دەم گەشە ساندنی "حزب"کانتان و ڕێگرن لە تەشەنەی بیر و هزر و ڕێگرن لە بەر دەم هێزی تازە و لاو بە تایبەت ڕێگرن لە بەر کیژ و لاوی بیرمەند. 

بێگوومان زاراکان و ژیناکان لە حزبەکانی ئێوەدا کە ئێوە "ڕابەری" دەکەن، جێگایان نابێتەوە، هەروەک چۆن دەیان و سەدان پسپۆڕ و شارەزا کە دەکرا ببنە ڕابەری ئێوە، جێگەیان نەبووە. حزبەکانتان دەکرا زیندوو بێ، دەکرا  خوێنی تازەی تێدا بگەڕێ، دەکرا پڕ لە بیرمەندی ژن و پیاو و جیلی نوێ بێ. حزبەکانتان دەکرا حزب بێ، دەکرا پێشڕەوی خەڵک و هێز بێ لە نێوان خەڵک و حکوومەت، دەکرا هێز بێ بۆ سەربەستی و ئازادی میللەکەتان، نەک کلوبێک بۆ دەرکەوتن لێرە و لەوێ!

‎چ ئێوەی پیری ناسیاسی ناشارەزا و ناپسپۆڕ، چ ئەوانەی بە چەند کەسەوە لە دەرەوەی وڵات حزببازی دەکەن، فڕتان بە سەر تئۆری "حزب، خەڵک، حکوومەت، دەستەڵات"ەوە نییە. کلوبەکانی خۆتان و حزبەکان لەم وڵات و لەو وڵات و تئۆری و فەلسەفەی حزببوون، سەیر بکەن و بەخەڵکیش بێژن حزب مانای چییە!

‎حزبی خەڵک و ڕابەڕانی خەڵک، لە ناوخۆی وڵاتن. ئێوە دەبوو  وەشوێن ئەو کەنیشک و کوڕانە بکەوەن کە شارەزای سیاسی و پسپۆڕی بوارەکانن و  ئەمڕۆیی و سەردەمیانە دەپەیڤن و دەجولێنەوە و جێگای متمانە و باوەڕی خەڵکن. ڕابەران هەر دەم و هەمیشە لە ناو خەڵک بوون، نەک دوور لەوان.

 گەمەکانی دەرەوەی وڵات لە ژێر شەوقی کامێڕا و پرۆژێکتۆڕەکان جێگای ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ناو خەڵکی خۆیان دان و لە بەندیخانە سەربڵیند ماونەتەوە.

واز بێنن و ڕێگا بۆ لاوانی کیژ و کوڕ چۆڵ کەن! جیهان جگە لە ئێوە گۆڕاوە. گوێ لە زارا  و ژیناکان و بە ملیۆن خەڵک بگرن.

‎ئێوە کە توانای دیالۆگ لە تەک کورد لە خۆتان نیشان نادەن و بەردەوام دەچنە ژێر باندۆڵی مۆنۆلۆگی  بەرانبەرەکەتان کە ماف و بوونتان بە ڕەسمی ناناسن، ناتوانن پێشڕەوی میللەتێک بن کە کەسانی سەربەرزیان هەیە و هەر ئێستا لە تەک دیکتاتۆر دەستبەیەخەن!

نوێنەرانی کورد لە ناوخۆی وڵاتن، دەر و ژوور دەبێ دەست بۆ لای ئەوان درێژ بکەن، دەبێ ئەوان بانگ بکەن، دەبێ میکڕۆفۆنەکان بۆ ئەوان ڕاگرن!

برایم فەڕشی

١١/٢/٢٠٢٣

 

We have 236 guests and no members online