له‌م چه‌ند رۆژه‌دا، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌سه‌ر جێنده‌ر هاته ئاراوه زۆر شتی ده‌رخست، به‌ڵام له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌بو كه ده‌وترا ئه‌م گه‌لی كورده له ماكی خۆیاد ئایینیه و له نێو ئایینه‌كانیشدا ئیسلامیه و نابێت هیچ سیفه‌تێكی تری مرۆڤایه‌تی تێیدا په‌یدا بێت، له‌و قسانه‌ش مه‌به‌ستیان ته‌نها ئه‌وه بوو كه نابێت یه‌كسانی نێر‌و مێ له ناو كورددا هه‌بێت. كه ده‌می هه‌ر ئیسلامییه‌ك ده‌كه‌یته‌وه، پێت ده‌ڵێت: بۆ پیشاندانی ناخی گه‌لی كوردستان و ئیسلامبونه سروشتیه‌كه‌ی هیچ پێویست به به‌ڵگه ناكات، ته‌نها ته‌ماشای ره‌فتار و ته‌نانه‌ت ماكی گه‌لی كورد بكه‌یت جگه له‌وه‌ی سروشته‌كه‌ی ئیسلامییانه بێت هیچ مۆركێكی دیكه‌ی پێوه دیار نیه. باشه با خاتریانه بگرین و بڵێین وایه، به‌ڵام با ئێمه‌ش ناخی ئه‌م ئایینه هه‌ڵخه‌ین و پرسیاررگه‌لێك له‌و باره‌وه بوروژێنین، بۆ ئه‌وه‌ی راستودروستی ئه‌م بۆچونه و حه‌قیقه‌تی ماكی گه‌لی كورد به وور له جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی ئایین و ئه‌م ئایینی ئیسلامه‌ش شیبكه‌ینه‌وه و حه‌قیقه‌تی ئه‌م بۆچونه بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌رخه‌ین. ده‌كرێت باوه‌ر به‌م بۆچونه بكه‌ین و زۆر به راستی بزانین، ئه‌گه‌ر له ناوه‌خنی ئه‌م ئایینه سیفه‌ته دورگه‌ییه‌كان و ئه‌خلاقی ده‌شته‌كیی داگیركاری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و ماڵی ئه‌ویتر و هه‌ڵگری دابونه‌ریتی بیابانی تێدا نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆمان بسه‌لمێنرێت كه له ره‌وتی كاروانی ئه‌م ئایینه‌دا ئه‌وه پشت راست ده‌كرێته‌وه كه ئایینێكی گشتگیری هه‌مه‌گی مرۆڤایه‌تیه و تایبه‌تمه‌ندی جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی تێدا نیه و كوردیش له بنه‌چه‌دا هه‌ڵگری ئه‌و سیفه‌تانه‌یه.
ئه‌وه‌ی راستی بێت، نه‌ك ته‌نها هه‌ر كورد وه‌كو گه‌لێكی رۆژهه‌ڵاتیی ناوچه‌ی ده‌رپه‌رٍینی ئایینه ئاسمانیه‌كان، به‌ڵكو هیچ مرۆڤێك له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه نادۆزیته‌وه له پێش په‌ره‌سه‌ندنی باری فكری و دروستبوونی ئایین، له ماكیدا ئایینی بێت نه‌ك ئیسلامی‌یش بێت. ئه‌مه له لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌وانه‌یه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا و پاش دروستبوون و ده‌ركه‌وتنی ئایینه‌كان و گرنگیدانی هه‌ر كه‌سێك به ئایینی دڵخوزای خۆی كه ئاسمانی بێت یان وه‌زعی كه سروشت و بیركردنه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سروت و بنه‌ماكانیدا بگونجێت یان بگونجێنێت. ئه‌وه له بارودۆخێكی تایبه‌تدا جه‌وهه‌ری ئایینداری به‌روخساریه‌وه دیار ده‌بێت، نه‌ك ماك و مۆركی كه‌سه‌كه بگۆرٍدرێت.
ئه‌گه‌ر وابوایه و كورد به‌خۆی له ناخیدا به سروشت ئیسلامی بوایه، ئه‌ی بۆچی ئه‌م هه‌موو شێخ و مه‌لاو واعیز و فه‌قێ و بانگخواز و سه‌یدانه كوردستانی ته‌نیوه‌ته و هه‌ر یه‌كه و زانیاریه‌كی ناكۆك له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا بڵاو ده‌كاته‌وه و كوردیش به‌حۆرێك باوه‌رٍی ره‌سه‌نی خۆی له كیاندیا جێگیر بووه و ته‌نها بۆ خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن نه‌بێت له جه‌وهه‌ری خۆیدا باوه‌ری به هیجیان نیه، جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا نه‌گونجێت. ئه‌گه‌ر وا بوایه چی پێویستمان به قوتابخانه و مزگه‌وت و ده‌رس و راڤه و شیكردنه‌وه‌ی ئایینیمان ده‌بوو. ئه‌ی داری فه‌توا و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و داموده‌زگای ئایینی و كۆمه‌ڵه و گردبونه و حزبی ئایینی ئیسلامی بۆچیمانبوو. ئه‌گه‌ر ئایین ئیسلامی ماكیی ئه‌م كه‌له‌ی داگیركردبێت بۆچی ئه‌و به‌رنامه و په‌یره‌وی ئیسلامیه ته‌نانه‌ت خۆی ده‌كات به ژووری نوستنه‌كه‌یدا و لێی نابێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئیسلامی په‌یوه‌ست به كورد لانكه‌ی خۆشی و چاكه و خێر بێت و كوردیش ماكی سه‌ره‌كی ئیسلامگه‌را بێت و ئه‌و سیفه‌ته خۆی به‌سه‌روسیمایدا چه‌سپاندبێت، بۆچی شه‌ر و كوشتن و ماڵوێرانی و خرابه، ره‌وشتی زۆرێك له‌م خه‌ڵكه بێت. كه‌س هه‌یه ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه له‌بیر بكات كه زۆرینه‌یان به به‌رگی ئیسلامی داپۆشراون و ده‌یانه‌وێت به ناوی ئایینه‌وه په‌رده‌پۆشی بكه‌ن و خۆیان لێی پاكبكه‌نه‌وه. تۆ ته‌ماشای ئه‌و هه‌موو مزگه‌وته ده‌كه‌یت كه چه‌ندین ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت و له‌ولاشه‌وه خه‌ڵك هه‌یه برسی ده‌یكوژێت و له چه‌قی نه‌داری و نه‌بوونیدایه و زه‌ره‌یه‌ك دادگه‌ری له‌م كوردستانه‌دا بوونی نیه.
ئا به‌م شێوه‌یه ماكی كورد ئیسلامگه‌راییه و ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی ئیسلام به دادگه‌ری و یه‌كسانی و خێر و خۆشی ده‌كات و به ئایینی مرۆڤایه‌تی له‌قه‌لّه‌م ده‌دات، كه ئه‌مانه‌ش سیفه‌ته‌كانی بێت، چۆن ده‌بێت ماكه‌كه‌ی ئه‌و شێوه ئایینه بێت كه خێری به‌و شێوه‌یه بۆ جیهان هێنابێت. بۆیه ماكی كورد و هیچ مروڤێكی دیكه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به ئایین و ئیسلامییه‌وه نه‌بووه و نیه.