(مریاع) لە ناو نەتەوەی عەرەبدا باوە و تاوەکو ئەمرٍۆش زۆر گرنگیی پێدەدەن. (المریاع )ئەو بەرخەیە کە لە چرکەساتی لەدایکبونیەوە لە دایکی جیادەکنەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژی یەکەمی شیر لە شوشەیەک دەخواتەوە کە لە ناو کورتانی سەر پشتی گوێدرێژی گەلەرٍانەکە دایدەنێن و ئەویش وا دەزانێت ئەو کەرە دایکیەتی و بۆ ھەر کوێیەک برٍوات دوای دەکەوێت و دایکی راستەقینەی خۆی نانانسێتەوە.
ئەم نێرە بەرخە کە گەورە دەبێت و دەبێتە بەران ، دەیخەسێنن و خوریەکەشی زۆر دەبێت و لێیناکەنەوە، بۆئەوەی گەنە و سپێکانیشی بشارێتەوە و شکۆدار دەربکەوێت و ئەویش بە خۆیەوە دەنازێت و وادەزانێت گەورەی خێڵە و لوتبەرز و فیززل و وادەزانێت دەتوانێت فەرمان بەسەر ھەموو ئێل و عەشرەتەکە و ئەوانی تردا بکات. زەنگۆڵەیەک دەکەنە ملی پێی دەوترێت (قرقاع) ، ئەم زەنگۆڵەیە زمانی فەرمانکردنی (مریاع)ەکەیە بۆ کۆکردنەوەی رانەمەرٍەکە و رۆیشتن بەدوایدا؟، ئەویش زۆر بەخۆیەوە دەنازێت و فش دەبێتەوە و خۆی بە شکۆدارێکی دروستکراو دەزانێت و سەری دەجوڵێنیت بۆ ئەوەی دەنگی زەنگۆڵە ( قرقاع) ەکە بگاتە ھەمووان . ئەوانیش لێی تێدەگەن و لەدەوری کۆدەبنەوە و بۆ ھەر کوێیەک برٍوات بێ ھیچ دواکەوتن و سەرپێچیەک ملدادەنوێنن و بێ ئەوەی تەماشای پێشەوەی خۆیان بکەن و بە بێ ھیچ نارەزایەتیەک ئەگەر بۆ لەناوچوون و فەنابونیشیان ببات بەدوایدا دەرٍۆن.
لەم بارەشدا چەندین جار واروویداوە کە ( مریاع)ەکە رٍانەمەرٍەکەی گەیاندۆتە قەراخی شاخ و دۆڵێک و قاچی خزاوە و ھەڵدێراوە و رانەکەش بێ ئەوەی سڵبکەنەوە و رابکەن بەدوای ئەودا خۆیان ھەڵدیراوە و لە شاخ و دۆلەکان توشی چارەنوسی ( مریاع)ی فشەباز ھاتوون. یان زۆر جار بۆ سەربرٍین بەو شێوەیە دەیانبەن و دوای ( مریاع) ەکە دەکەون و ملی ئەویش بەدەستی شوانەکەیە، بێ ئەوەی رابکەن و خۆیان بدزنەوە، سەریان دەبرٍن و ( مریاع)ەکە دەگەرٍێننەوە.
ئێستاش وەرەوە و تەماشای رەوش و رەفتاری حزبەکانی کوردستان و ئەو مێ گەلە بکەن و بە بیری خۆتاندا بێننەوە تاوەکو ئەم ساتەوەختە ( مریاع)ەکانی حزبی کوردی چەندین جار ملی دواکەوتەکانیان خستۆتە مەیدانی ھەڵدێران و لەناوچون و شەرٍی ماڵوێرانی و کاولکاری و براکوژی و ئەوانیش تەنھا ملیان شۆرکردووە و فەرمانی ئەوانیان جێبەجێ کردووە.