
هەر دەردێك دەرمانێكی هەیە
ساڵی 2002، لەمێژنەبوو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانمان دامەزراندبوو، لە بناری قەندیل و لە نێو خەڵكەكەدا بووین، بەردەوام لە ڕێگەی كادیرەكانمانەوە گلەییەكی خەڵكەكەمان پێدەگەیشت كە سەفەری خوارەوە"رانیە سەنگەسەر) دەكەن لە لایەن هەندێ لە ئەندامانی دەزگای زانیاری فشاریان دەخرێتەسەر تا دەربارەی ئێمە و ناوچەكە زانیاریان بۆ بێنن، تەنانەت خۆشم لە هەندێ خەڵكی گوندەكان كە دۆستی نزیكمان بوون و لە هەندێ كاردا هاوكارمان دەبوون، وەك سكاڵا و گلەییەك هەمان بابەتم ڕووبەڕوو دەبووەوە.
یەكێك بەناوی (ئا)، لەو كەسانەبوو كە ناوی زۆر دەهات بەوەی لە هەموویان خراپترە و تەنانەت لە گەراجەكانی ڕانیە و سەنگەسەر تەشقەڵە بەو خەڵكە دەكات كە هەوادار یان نزیكی ئێمەن. (ئا) پێشتر بۆ ماوەیەك كاری لەگەڵ هەڤاڵان كردبوو و دواتر جگە لە دووركەوتنەوە، بە شێوەیەك هەڵگەڕابووەوە تا ئاستی دژایەتی ئێمە و گێچەڵكردن بە دۆستەكانمان.
چەند جارێك هەواڵمان بۆ "ئا" نارد كە واز لەو كارانەی بێنێت، بەڵام بێسوودبوو. رۆژێك لەگەڵ هەڤاڵ "م"، كەوتینە گفتوگۆ لەسەر ئەوەی چۆن ئەو كەسە بوەستێنین، دواتر گەیشتمە ئەو بیرۆكەیەی كە لە ڕێگەی نامەیەكەوە كۆتایی بە خۆی و تەشقەڵەكانی بێنین.
دەستم بە نوسینی نامەكە كرد، شێواز و ناوەڕۆكەكەی نزیكەی ئاوا بوو.
(بۆ هەڤاڵی هێژا "ئا"... سڵاوی شۆڕشگێڕی
هەڤاڵ گیان نامەكەت گەیشت، دەستخۆشیت لێدەكەین كە كارەكەت بە سەركەوتووی ئەنجامداوە.
تۆ و "م" بچن بۆ "س"، ف.ك بە كەمترین كات بگەیننە ئێمە.
تێبینی.. لە كاتێكی نزیكدا، شیفرەیەكی تازەت بۆ دەنێرین.
سەركەوتووبن.
م.س- پ چ د ك قەندیل)
هەڤاڵ "م" یش خوێندییەوە و گوتی جا گوێ بەو قسانە دەدات!، گوتم هەڤاڵ تۆ لەمن زێدەتر خەڵكەكە شارەزای، دەمەوێت یەكێك بێنیت كە گومانت لێی هەیە لەگەڵ دەزگای زانیاری كاردەكات، بەڵام خەڵكی ئێرە بێت، هەڤاڵ "م" یەكسەر تێگەیشت، ناردیە دوای كەسێك و هات، هەردوكمان لەگەڵیدا كۆبووینەوە و پێمانگوت؛ ئێمە متمانەی تەواومان بە تۆ هەیە، بۆیە كارێكی زۆر نهێنی و گرنگمان پێت هەیە، نابێ لای هیچ كەسێك بیدركێنیت، خەڵكی دیكەمان زۆرە بۆ ئەو كارە، بەڵام تۆمان هەڵبژاردووە چونكە دەزانیین كەسێكی پاكی و خیانەتمان لێناكەیت.
دوای ئەوەی تێمانگەیاند كە دەیدا بە "ئا" و گوتیشی دەیناسم، نامەكەمان كە وەك نوشتە پێچابۆوە دایە دەستی، كابرا زۆر دڵخۆشبوو بەو متمانەیەی بەومان داوە، سوێندی خوارد كە دەچێت ئەو ئەمانەتە دەداتە دەستی "ئا" خۆی.
هەفتەیەك زیاتر تێپەڕیبوو، بە هەڤاڵانم گوت، ئەرێ ئەو كابرایە هێشتا گەفوگوڕ لە دۆستەكانمان دەكات، گوتیان نازانیین ئەمڕۆ دەچینە لای فلان لە گوندی فلان، لە ڕانیە گەڕاوەتەوە، پرسیاری لێدەكەین.
چەند رۆژێك دواتر هەڤاڵ هاتن و گوتیان، دەڵێن یەكێتی خۆی "ئا" ی گرتووە، ماوەیەكی دیكەشی بەسەردا تێپەری، هەڤاڵ گوتیان دەزگای زانیاری "ئا" ی گرتووە و ئازاریشیانداوە.
بابەتەكە وابوو. كاكی متمانەدار و سوێندخۆر كە گوتی نامەكە دەدەمە دەستی خۆی، واینەكردبوو، هەر كە نامەكە لە ئێمە وەردەگرێت رێك بەرەو ڕانیە و لەوێش ناوەستێ تا سلێمانی، دەچێ نامەكە دەداتە دەستی كاربەدەستێكی دیاری ئەوكاتەی دەزگای زانیاری، ئەویش كۆپیەكی لەبەر دەگرێت و نامەكە وەك خۆی دەپێچێتەوەوە و دەیداتەوە دەستی قاسیدەكەی ئێمە و دەڵێ هیچ نەدركێنیت و بڕۆ تەسلیمی "ئا" ی بكە، بە كورتی ئەویش وادەكات.
دوای سێ ڕۆژێك دەنێرنە دوای "ئا"، لێیدەپرسن و ناڕاستەوخۆ پرسیاری لێدەكەن و دەیهێنن و دەیبەن هیچ ناڵێت، دواتر باسی نامەیەكی بۆ دەكەن و ئەویش نكۆڵی لێدەكات، ئیدی كۆپی نامەكەی دەدەنە دەست و سیراتەل موستەقیمی پێنیشان دەدەن، دوای ماوەیەكی زۆریش ئینجا بەرەڵای دەكەن، بە كورتیەكەی تڕۆی دەكەن، خەڵكی ئەو گوندانەش لەو بەڵایە رزگاریان بوو.
(دەڵێن ناچاری و پێداویستی، ئافراندن بەدیدێنێت)، ئێمەش ئەگەر چارەی دیكەمان هەبووا و ئازاری نەداباین، هەرگیز ئەو بیرۆكە دۆزەخیەمان بە خەیاڵدا نەدەهات.