
وەستانی شەڕی یەكێتی و پەكەكە
مستەفا قەرەسو و شاهین و وەفدەكەی ئێران
- كەم كەس هەیە ناوی مستەفا قەرەسو ی نەبیستبێت، سەركردەی بەرخودانی نێو زیندانەكانی توركیا و هاوشانی پاكرەوانان؛ مەزلوم دۆغان، ساكینە جانسز، كەمال پیر و خەیری دورموش و هەڤاڵانی دیكە، لە ساڵی 1980 قەڵای زیندانی ئامەد"دیاربەكر"یان هەژاند، یەكێكە لەو بەرخودێرانەی ساڵانێكی دوور و درێژ بەرگەی ئازار و ئەشكەنجەی فاشیستەكانی گرت و تەسلیمیان نەبوو، دوای تەواوكردنی مەحكومیەتەكەشی، لە ساڵی 1993 ڕووی لە شاخ كرد و سەرەڕای ئەوەی شوێنێكی جەستەی ساغ نەماوە، بەڵام تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت هێشتاش لە شاخە، كەم كەس هەیە ئەوەندەی قەرەسو لە ئایدیۆلۆژیادا قووڵ بێت، بە قەدەر ئەو خوێندبیەوە و خاوەن زانیاری گشتی بێت.
- شاهین-یش،"مەزلوم عەبدی" ئێستا، ئەویش كەسایەتییەكی دیارە و كەم كەس هەیە شتێكی لەسەر نەزانێت، ئێستا پێیەوە دیارنییە، بەڵام ئەو كاتە لە ئەنجامی بریندارییەكی گران، قاچێكی لە قاقاچەكەی دیكەی كورترببوەوە و دەشەلی و بەردەوام گۆچانێكەوە بوو..
- وەفدە سێ كەسییەكەی ئێرانیش لە تارانەوە هاتبوون و دوانیان توركیان زانیوە.
ساڵی 2000 لە كاتی شەڕەكەی نێوان یەكێتی و پەكەكە، لە شاری حەلەب-ی سوریا ئەركی رێكخستنیم بەڕێوە دەبرد، لە رێگەی تیڤی و بێتەلەكەی "شام"ەوە هەواڵی شەڕەكانمان دەزانی، دوای گەڕانەوەم و لە كاتی كۆنگرەی پەكەكە لە بناری قەندیل، شاهین"م.ع" مەسەلەی خۆیان و وەفدەكەی ئێرانی بۆ گێڕامەوە.
وەفدی ئێران لەسەر داواكاری مام جەلال هاتبوون بۆ ناوبژی و شەڕ وەستاندن، هەڤاڵانیش قەرەسو و شاهین دەنێرن لەگەڵیان دانیشن، جا كاربەدەستانی ئێران ئەوەندە رقیان لە لە مستەفا قەرەسوە، نەك هەر نایانەوێ بیبینن، تەنانەت ناخوازن دەنگیشی ببیستن، سەردەمانێك نوێنەری پەكەكە دەبێت لە ئێران، ئیدی ئەوەی ئێران حەزبكات، ئەو پێچەوانەكەی دەكرد، بە هۆی قەرەسوەوە چەند ساڵێك ئەو پەیوەندیە لەقەی هەشبوو گرژی زۆری تێكەوت.
جا سەیر ئەوەیە هەندێك هەن دەڵێن قەرەسو لەبەرئەوەی لە مەزهەبی شیعەیە، بۆیە پەیوەندی پەكەكە و ئێرانی خۆشكردووە، لە كاتێكدا قەرەسو گاڵتەی بە ئەقلیەتی شیعە و سوننە و تەریقەت و مەریقەتیش دێت.
شاهین گێڕایەوە گوتی؛
كە چووینە پێشوازی وەفدەكە و قەرەسو-یان ناسیەوە، خەریكبوو بگەڕێنەوە و چاوپێكەوتنەكە نەكەن، بەڵام دواتر چارەیان نەبوو و دەبوایە بە ئەركەكەیان هەڵسن، وەفدەكە ئاوایان دەستپێكرد؛
" ئێمە وەك نوێنەری دەوڵەتی ئێران، لەسەر داوای مام جەلال راسپێردراوین كە وەك نێوەندگیر هەوڵبدەین شەڕی نێوانتان بوەستێنن، لایەنی یەكێتی بە ڕاوەستانی شەڕ ڕازین و دەمانەوێت ئێوەش وەك سەرەتا ڕەزامەندی نیشان بدەن تا دایەلۆگی نێوانتان دەستپێبكات".
شاهین گوتی، من رووم لە هەڤاڵێ قەرەسو كرد و وەڵامیان بداتەوە، ئیدی قەرەسوش دەستیپێكرد، مێژووی باشور و باكوری بۆ هێنانە گۆڕێ، نزیكەی 15 خولەك قسەی بۆكردن، كاربەدەستە ئێرانیەكان خۆیان كەیفیان پێنەدەهات خەریكبوو شێت دەبوون، یەكێكیان قسەی پێبڕی و گوتی، برادەر، ئێمە نەهاتووین دەرسمان پێبدەیت، هاتووین بزانیین ئێوە رازین شەڕ بوەستێنن یان نا، قەرەسو دیسان دەستیپێكردەوە ئەمجارەیان باسی كوردانی رۆژهەڵاتیشی خستە نێو بابەتەكە، ئەوان هێندەی دیكە هەراسان بوون، گوتیان حەیران، قوربان، ئێمە یەك وەڵاممان لێتان نەوێت" بەڵێ یان نەخێر". شاهین دەیگوت بەزەحمەت پێكەنینی خۆم قوتدەدایەوە، ئەمجارەیان قەرەسو بابەتی پەیوەندی نێوان ئێران و توركیای كردەوە و ئەوانیش توڕەبوون و هەرسێكیان هەڵسانەوە بڕۆن و دانیشتنەكە بەجێبێڵن، لە نێوخۆیاندا بۆ خولەكێك گفتوگۆیان كرد و هاتنەوە گوتیان؛ ئاغایێ قەرەسو چاوت ماچدەكەین، لای مام جەلالەوە هاتووین و كاغەزی سپی ئیمزاكردووە بۆ مەرجەكانتان، ئێوە بەس تەنیا بەیەك وشە پێمان بڵێن " ڕازین یان نا "؟ ئینجا قەرەسو بزەیەكی كرد و گوتی، بەڵێ ئێستا ڕازیین.
گوتی، ئیدی وەفدەكە ڕزگاریان بوو و گەڕانەوە، دوایی لە قەرەسوم پرسی ئەوە بۆ ئەو دەردەت دانێ، قەرەسو گوتی؛ ئەگەر لەگەڵ ئەو ڕژێمە نەرمونیان بیت، ئەوا جیا لە یەكێتی، خۆیشیان مەرجت بەسەردا دەسەپێنن، ئاواش نەبوایە چۆن بمانزانیایە مام جەلال كاغەزی سپی ئیمزاكردووە، ئێستا ئێمە خۆمان و بە مەرجەكانمان لەگەڵ یەكێتی ڕێكدەكەوین و ئێرانیش "ئاوت" دەكەین.
چەند ساڵێك تێپەڕیبوو بە پێكەنینەوە گوتم هەڤاڵێ قەرەسو مەسەلەی وەفدەكەی ئێران و چاوپێكەوتنەكەمان بۆ بگێڕەوە، بزەیەكی كرد و گوتی، ئەوە ئیشی شاهینە بۆتی گێڕاوەتەوە!، ئیدی ئەوجارەش تێر پێكەنیین.
وێنەكە/ ئاڤاشین