Off Canvas sidebar is empty
کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئایا ڕاستە "مەسعوود محەمەد" کۆپی" دڵدار"ی شاعیرە. . ؟! ھەڵۆ بەرزنجەیی

Pin It

 

١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

پێش چەند رۆژێک لە شوێنی چاوم بەنووسینێک کەوت باس لەم چاوپێکەوتنەی رەوانشاد مامۆستا عەزیز گەردی دەکات و تێیدا ئاماژە بە دەربرین و سەرنجی ناوبراو دەکات لەسەر مامۆستا مەسعوود محەمەد. . .

هەر زوو ماخۆلانم تێکەوت چۆن ئەم چاوپێکەتنە دەنگییە! بەدەستی بھێنم، پەیوەندیم بە برای بەڕێز کاک (ئیسماعیل تەها)وە کرد، دەستبەجێ بۆی ناردم. - لێرەدا لە خوارەوە گوێ بیستی بن-

لەوەش زیاتر بەخۆمدا شکامەوە، چۆن لێی بێ ئاگام، ئاخر ھەرچی لەسەر مەرگی گەردی نووسرا، خوێندمەوە. . . زۆرێک لێیان بۆ مەرامێکی سیاسی قسەیان بۆ ئەو کۆستە گەورەیە کرد، نەک وەک زیان و کەلێنێکی نەتەوەیی و لەدەستدانی کەڵە نووسەر و وەرگێڕێکی بێ ھاوتا. . . ھەر گەردیش قوربانی ئەم ئەقڵێت و دیاردە ناشیرینە نییە کە لە کوردستاندا پێڕەو دەکرێ و حیزب و دەسەڵات نەیەوێ گا دەکاتە کێچ و بوودەڵە و بزربووش فوو تێ دەکات بیکاتە پاڵەوان. . . دوێنێی مەسعوود محەمەد و کەریم زەند و جەمال نەبەز و . . . ھتدمان باش لەبیر و بەرچاوە! سبەینێشمان لەبەردەمدایە!!!! بەھەرحاڵ لێرەدا وەک زانیم بەڕێزێک بەناوی ( جوتیار قارەمانی) ئەم چاوپێکەوتنەی ئەمجام داوە. . .

کوالیتێتی بەرھەمەکە خراپە! خشەخش و دەنکی موزیکی لەسەرە! ئایا چاوپێکەونتی تەواوەو مامۆستا گەردی ئاگادارە و خۆی بۆ ئامادە کردووە یاخود ھەروا لابەلا کراوە، ئەوە ڕوون نییە! دەنگەکە لەکاتێکدا دەبڕێ مامۆستا گەردی لەگەرمەی قسەکردنیدا لەسەر باسەکان!.  . . سەرەتای گفتوگۆکە قسەکردنە لەسەر گەورەیی« نالی» و لێھاتوویی لە شیعر و زمان و سەلیقە و وێنەی شیعریدا. . .

مامۆستا گەردی دەپرسێ : تۆ کتێبەکانی مەسعوود محەمەدت لەسەر نالی خوێندۆتەوە؟ قارەمانی دەڵێ: ھەردووم خوێندۆتەوە. . ئەوجا گەردی باس لە شارەزایی و توانای مەسعوود محمد و دەڵێ: مەسعوود محەمەد لە نالی وردتر بووە لە زمان دا و چەند نموونەتەک دێنێتەوە. .

لێرەدا قارەمانی پرسیارێکی سەیروسەمەرە لە گەردی دەکات:

+ مەسعوود و دڵداری شاعیر کێبەرکێیان لە نێواندا بووە؟.

+ تا دڵدار لە ژیاندا بووە مەسعوود ھیچی نەوتووە و نەنووسیووە؟ دوای مردنی دڵدار دەستی ون؟. .

+ زۆری بیرەوەرییەکانی مەسعوود محەمەد ھی دڵدارن؟. . .

دەمودەست مامۆستا گەردی بە( وەڵلاھی قەت وا نییە) وەرامی دەداتەوە. . .
بەراستی ئەم بیروڕایە حەپەساندمی! تۆ بڵێی شتی وا ھەبێت. . ؟!. . شتێ لای مەسعوود محەمەدەوە کەوا بیروڕا و بەرھەمی دڵدارمان پێ بفرۆشێتەوە؟!.  . . شتێ لەو خەیاڵ و بیرۆکە شەیتانیە بە مێشکی خوێنەری کورددا بگوزەرێ؟. . .

مەسعوود محەمەد. . دوور لە نووسینەکانی، کە دەیان کتێبی شاکاری بێ ھاوتان لە کتێبخانەی کوردیدا، لەسەر فکر و فەلسەفە و مێژوو و کۆمەڵایەتی و ئەدەب و زمان و سیاسەت و ھونەر و. . ھتد، کە ھەتا ھەتا جێی شانازی کوردن کە دەکرێ بڵێین و گریمانەی ئەوە بکەین، ئەمانە نووسینی دڵدارن و مەسعوود محەمەد بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردونەوە!!. . وەک ئەوەی لەگەڵ کتێب و نووسین و کتێبخانە و بەرھەمەکانی ( حەسەن قزڵجی) دا کراوە!!.  .

بەڵام مەسعوود محەمەد لە کۆیە و ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و بەغدا، لە دەرەوەی نووسین، بە زیندوویی و بەرھەستی و بەرچاویی و کۆنکرێتی، نیو سەدە زیاتر لەنێو کۆڕی ئەدەب و سیاسەت و ناو جڤاکی کوردیدا دابووە، لە عێراق و جیھانی عەرەبی و ئێرانیش ناسراو بووە و دیبلۆمتکارانی ساڵانی ١٩٥٠-١٩٨٠ و دواتریش باش ناسیویانە و ئاگاداری بیروڕا و نووسینەکانین. . . لەسەر ئاستی باڵا و بەرزیش کوردی و بێگانە بیروڕاکانی ھەژماردی لەسەر کراوە و پرس و ڕای پێکراوە . ھاوشانی ئەم راستینە حاشاھەڵنەگرانە:

+ مەسعوود محمەد رۆڵەی بنەماڵەیەکی دیار و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی زانست و رۆشنبیریی.
+ خوێندنی یاسای ١٩٤٥ تەواو کردووە، ٧ ساڵی رەبەق لەخەڵوەتی خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا نقوم بووە.

+ ھەر لەم ساڵانەوە تێکەڵ بەسیاسەتی کوردایەتی بووە و پلە و پایەی بەرزی پێ سپێردراوە و بۆتە نوێنەر لە بەغدا.

+ لە پەرلەمان یەکێ بووە لە وتاربێژ و چالاکوانە ھەرە دیارەکان و جێی سەرنجی دەوروبەری.

+ چەندین پۆستی جۆراوجۆر وەرگرتووە. . تێیدا سەرکەوتوو بووە. .

+ لەسەرەتای ٦٠ ەکاندا لەسەر جوداوازی بیروباوەڕ واز لە پارتی دیموکراتی کوردستان ھێناوە و بە چەند وتارێکی فکریی و فەلسەفی و سۆسیۆلۆژیی ھێڵە گشتییەکانی بنەما بیریی نەتەوەیی کوردی داڕشتووە.

+ لەدوای ١٩٧٠ ەوە دەست کردووە بەنووسین و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی. .

 وتاری لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە.

+ بەشداری گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی ھەمەجۆریی رۆژنامەوانی و تیڤی کردووە. . .

+ لە کۆڕی زانیاری کورد ئەرکی گەورەی لەسەر شان بووە و لەنێوان سەدان نووسەر و ئەدیبی کوردا بووە ناسیویانە و گوێیان لە بیروباوەڕەکانی گرتووە. . .
+ ئاڵوگۆڕی نامەی لەگەڵ کەسانێکی زۆردا ھەبووە. . .

+ سەدان شایەحاڵ ماون. .

+ بیروڕای د. کەمال مەزھەر و ھەژار و ھێمن و خەتاب زێوەر، عەزیز گەردی و ئەحمەدی قازی و فەرھاد شاکەلی و مامۆستا جەعفەر و سەدان و ھەزارانی تر لە ئەدیبان و نوسسەران لەسەر مەسعوود محەمەد تۆمار کراوە. . وە خەرمانێ نووسین و گفتوگۆ و چالاکی و بەرھەمی تری ھەمەجۆری بڵاوکراوە و نەکراوەی ھەیە. . .
باشە گەر بێت وامان دانا، نووسینەکانی لە دڵدار وەرگرتبێ و پێی فرۆشتبێتینەوە؟ ئەی بۆ قسەکردن و وتاردان و گفتوگۆ زیندووەکانی دەڵێن چی؟!.  . .


دڵدار لە ١٩٤٨ دا کۆچی دوایی کردووە. دوای ئەویش مەسعوود محەمەد وشک نەبۆوە و کۆتایی نەھات و تا پێش کۆچی دوایی ئەقڵی لەکاردا بوو؟!.  .

ئایا ئەمانە ھێندە بەڵگە نین بۆ ئەوە بیسەلمێنن، مەسعوود محەمەد کوڕی ئەقڵ و فەلسەفە و جیھانبینی و ڕۆشنبیریی خۆیەتی. . .

گەر بھاتایە دڵدار تا ئێستاش بەرحەیات بوایە، مەسعوود ھەڵکشاوتر دەبوو، چونکە لە بەھرەی ئەویش وەک ھاوشاریی و ھاوڕێ و ھاوپیشە، سوودمەند دەبوو. . .
مەسعوود محەمەد لای مەلای گەورەی باوکی فرچکی بە کوردایەتییەوە گرتووە، نەک لە دڵدارەوە فێربووبێت؟!. . دڵدار دوای ڕێکخراوی دارکەر و حیزبی ھیوا، کە نەتەوەیی بوون بووە چەپ. .

بەکورتی ھۆنینەوەی ئەو چیرۆکەی مەسعوود کۆپی دڵدارە، خزمەت بە ھیچ ئامانجێک و بە ھیچ شتێکی کوردیی ناکات و شتی دروستکراویش تەمەنی کورتە و شکستخواردووە !. .
ھیچ ئەقڵ و لۆژیکێک نییە بیسەلمێنێ! یەک تاقە ئارگومێنت نییە، ئەو پشت ڕاست بکاتەوە، کە مەسعوود محەمەد قوتابی دڵدار و میراتەکەی بۆخۆی بردبێ. .
ئەم کارە گەر بنەمای ھەبێت و ڕاست بێت، ئەوە ئاشکراکردنی دەبێتە خزمەتێکی گەورە، ھەر نەبێت بۆ کۆتایی ھێنان بەم نمایشت و شانۆگەرییە نەزۆکانەی دادەتاشرێن. دەنا وەکو تر بە ھەوڵێکی ناکامی نارۆشنبیریی و ناژیرانە دادەنرێت.
گومانێک ھەیە ئەم کارە ھەر بۆ لێدانی ناو و ناوبانگ و گەورەیی و سەربڕینی مەسعوود محەمەد و کوشتن و کەمکردنەوەی بێت. . لێ نازانن (حاجی و نالی و کەیفی جوانڕۆیی و رەمزی نافع) و دەیانی تر مەسعوود محەمەد دەستیان بە ھزر و قەڵەمە بە پێزەکەوەی گرتووە و دەپارێن. . .

من تێناگەم ئەم مەرامە خزمەت بەچی دەکات؟!. . دژایەتی مەسعوود تاکەی و بۆ ؟ ئەم دارە بەردارەی کورد تا کەی بەر لەقە و پەڵی بەردی زل دەکەوێ؟. . ئەم ڕک و قینە و خۆخۆرییە لەپای چی؟. . . کەی لەنێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا کۆتایی بەم جۆرە کارە ناشیرینانە دێت؟. . .


با دۆست و نەیاران باش بزانن: مەسعوود محەمەد ئەقڵێکی گەورەی ڕسکاوی واقعی کوردەواریی و خاوەن تێڕامانێکی فراوان بوو، ئەقڵێکی بیرکەرەوە و بەدیقەت و چالاک و شارەزا بوو، ئەقڵێکی قووڵ و ورد، بە پەرۆشەوە لەواقعی کورد دەڕوانی و لەسەرخۆ تەماشای جیھانی دەکرد و ورد و بە ئەسپایی ھەنگاوی دەنا، ئەقڵێک بوو ئاگای لە مێژوو بوو و بایەخی بۆ کۆمەڵایەتی ھەبووە و خۆشەویستی بێ سنووری بۆ مرۆڤ ھەبووە. . . (کوردایەتی)ش کڵاوڕۆژنەی جیھانبیی بووە. ئەقڵێک بوو لە پانتای جیھاندا بۆ کورد دەژیا و بیریی دەکردەوە و تێدەکۆشا، ئەقڵێک بوو لەڕێی ھێنانەدی بەختەوەرییدا بۆ کورد، ھەموو ئاواتی مرۆڤایەتیشی لەخۆیدا ھەڵگرتبوو. .
ئەگەر دەربڕینی ئازاد لێم گەڕێ، دەڵێم ( پەیامبەری مرۆڤایەتی)، چونکە ھێندە بەھا و پیرۆزیی و رێز و شکۆی مرۆڤ لە بیرکردنەوەی مەسعوود محەمەد دا ئامادەگی ھەیە و کاری بۆکردووە. پێم وایە ئەم دیاردەیە لای کەم بیریار و فەیلەسووفی تر بەو شێوەیە ڕەنگ دەداتەوە. .

https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=5177035789052610&id=100002387198004

 

 

We have 230 guests and no members online