کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئێران..سەد ڕۆژ ڕاپەڕین دژ بە دیکتاتۆر!... عەبدولڕەحمان گەورکی

Pin It

ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و ئاسۆی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران!

بەشی دووەم

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

وریابوونی خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ئەم دواییەیاندا بە "گرنگ" و "شیاوی رێز" هەڵسەنگێندراوە.خەڵکی لە قۆناغەکانی پێشووی راپەڕیندا، بە تایبەت لە ساڵی 2017 و ٢٠١9دا، چەندین بەربەستیان تێپەڕاندبوو.ئەوان درکیان بەوە کردبوو کە رووخاندنی حکومەت و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، تەنها لەسەر دەستی ئەوان دێتە دی و بەس.ئەڵتەرناتیڤی بێ بنەما لە ناو دەسەڵات یان دەرەوەی دەسەڵات و وابەستەی بەم و بەو(!) تەڵەیەکە بۆ سەپاندنی دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر بەسەر ئێران و ئێرانییەکاندا!

سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی!

"سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی" دەرهاویشتەی مانەوەی "دیکتاتۆرییەت"ە لەسەر خاکێک.خەڵکی ئێران ئەم راستییەیان بە نرخێکی زۆر بە ئەزموون کردووە و تێگەیشتوون کە تا دیکتاتۆرییەت لەسەر  حوکم بێت، سیاسەتی سازان بەردەوام دەبێت.هەربۆیە بە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، رەگ و ریشەی ئەم سیاسەتەش بەهەمان شێوە وشک دەبێت.خەڵکی ئێران بێ ئاگا نین لەم فرت و فێڵەی سیاسەتمەدارە سازشکارەکان کە سەرەڕای دژایەتیکردنی رواڵەتی بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، بەڵام لەگەڵ مانەوەی  دیکتاتۆرییەتن و هاوپەیمانن لەگەڵی.هەر لەبەر ئەمەشە کە بەردەوام دژی راپەڕین و ئازادییەکانی خەڵک بوون و هەمیشە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا رۆڵیان لە بەرژەوەندی دیکتاتۆردا گێڕاوە.لایەنگرانی ئەم سیاسەتە، لەسەر تەوەری "بەرژەوەندی هاوبەش"، چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی دیکتاتۆرەوە گرێ داوە.

لایەنگرانی سیاسەتی سازان، هاوتەریب لەگەڵ دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، بە دروشم و داواکاری فریودەرەوە تێکەڵ بە راپەڕین بوون بۆ پەراوێزخستنی خەڵک و داواکاری سەرەکیی خەڵک کە بریتییە لە "رووخاندنی دیکتاتۆر".رەنگە ئەم لێکدانەوەیە ناڕاست نەبێت کە "سازان لە دەرەوەی دەسەڵات لەگەڵ دیکتاتۆرییەت" و "چاکسازییەکانی ناو دەسەڵاتی دیکتاتۆریەت" دوو دیوی یەک دراون.هەربۆیە دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەمیشە بە تاکتیکی جیاواز هەوڵی داوە هەردووکیان لە پێشانگای خۆیدا بهێڵێتەوە.دانوستانە درێژخایەنەکان و لەوانە لەسەر "پڕۆژەی مەترسیداری ئەتۆم" یان قبووڵی هەبوونی رەوتی "ئیسڵاح تەڵەب" لەناو دەسەڵاتی دیکتاتۆری، هەر بەم ئاراستەیە بووە.خەڵکی ئێران بە بەرخۆدان و تێچووی سەد ساڵەی خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و قوربانیدانێکی بێسنوور لە پێناویدا، بۆیان دەرکەوتووە کە دەبێ دیکتاتۆرییەت بە تەواوی بڕوخێنن و "ئەڵتەرناتیڤە رەشەکان" لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا بخەنە لاوە!

لەمڕووەوە خەڵکی ئێران بە درێژەدان بە راپەڕینەکانیان تا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، هەم رەوتی "ڕیفۆرمخوازان" و هەم "رەوتی سازشکاران"یان بە ئەزموون کردووە و بە پتەوکردنی ریزەکانی خۆیان لە دژی دیکتاتۆرییەت، بەرانبەریان وەستاون.خەڵکی ئێران بێ ئاگا نین لەوەی کە ئەگەر موقاومەتی خەڵکی ئێران نەبوایە، دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی "سەری" لایەنانی سازشکار و چاکسازیخوازانیشی دەخوارد و ئێستا خەریکی لێسینەوەی ئێسکەکانیان بوو!

ئاسۆی راپەڕینی خەڵک و رووبەڕووبوونەوەی ستراتیژییەکان!

هەرچەند خەڵکی ئێران هەرگیز دیکتاتۆرییەتی مەزهەبییان نەویستووە، بەڵام راپەڕینە جەماوەرییەکەی ئەم دواییە بە "خاڵی وەرچەرخان" لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەسەڵاتە دادەنرێت و نیشاندەری پەرەسەندنی مەودای نێوان خەڵک و دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتدارە.سرووشت و تایبەتمەندی راپەڕینی ئێستای خەڵکی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر دیکتاتۆرییەت و تێپەڕبوونیان بە سەر دیاردەی "ترس" و "نائومێدی"، ئایندەداربوونی راپەڕینی خەڵکی ئێرانیان بە روونی نیشان دا.ئێستا ئەمە "سەر" و "جەستە"ی دەسەڵاتە کە بە تەواوی تۆقاوە.هێرشی ئازایانەی خەڵک ئەوەندە ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو هێزەکانی حکومەت دروست کردووە کە ئەگەری شەقڤبوون لە لوتکە و لێکترازانی جەستەی دیکتاتۆر لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە.هەروەک چۆن لە سەد رۆژی رابردوودا چاومان بە هەندێک حاڵەتی کەوتووە.

خەڵکی ئێران لەم راپەڕینەیاندا نیشانیان دا کە تەلیسمی دیکتاتۆر لە ئێران تا چەند ناسک و رووخاندنی دەسەڵات بەردەستە.ئەوان نیشانیان دا کە "تاکە رکابەری دیکتاتۆر" خودی خەڵکە و روخاندنیشی تەنها لە لایەن ئەوانەوە بەدی دێت.هیچ هێز و لایەنێک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ناتوانێت و بۆی نیە کە نوێنەر یان سەرکردە بۆ راپەڕینی گەل دیاری بکات.خەڵکی ئێران بە راپەڕینی ئەم دواییەیان، وەرچەرخانێکی مێژووییان تۆمار کرد و دەریانخست کە بارودۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە دواوە.ئەم راستییە داهاتووش دەگرێتەوە.

درێژەدان بە راپەڕین و ئازایەتی خەڵک لەهەمبەر پێشخستنی شۆڕش، جیهانێکی هان دا کە هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێران و هەڵگری "هێڵی سوور" بن.هەرچەند خەڵکی ئێران لە سەرەتای راپەڕیندان بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆریەتی ئایینی لە ئێران، بەڵام کارێکی ئاسان نییە کۆتایی بهێنرێت بە ٤٤ ساڵ بێدەنگی و بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان لەدژی دیکتاتۆریەتی ئێران و، موقاومەتی  خەڵکی ئێرانیش لەم ساڵانەدا، زۆرێک پیلانگێڕان و سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەی پووچەڵ کردۆتەوە و زۆرێک لە ئاستەنگەکانی سەر رێگای لاداوە، بەڵام راپەڕینی (100) رۆژەی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران دەریخست کە دروشمی "دەکرێت و دەبێ" "بنەمایەکی راستەقینە"یە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەت و ستراتیژی هەڵە لەم رووەوە.وەک چۆن لە رۆژانی یەکەمی ئەم راپەڕینەدا، بێ باوەڕی بەو راستییە کەم نەبوو، بەڵام ئێستا بە تەواوی دەرکەوتووە کە "دەکریت و دەبێ" کۆتایی بەو بێ باوەڕییە بهێنرێت!

ڕەنگدانەوەی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە نەک تەنیا لە ئێران و ناوچەکەدا، بەڵکو لە جیهاندا بەر چاو کەوتووە و دەبینرێت.ئێستا لە ئاستی جیهانیدا زۆرێک لە حکومەت و بەرپرسانی حکومەت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتان، پشتیوانییان لە راپەڕینی خەڵکی ئێران کردووە.شەپۆلی کاریگەرانەی راپەڕینی خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بێ هاوتا، زۆرێک لە سیاسەت و ستراتیژییەکانی پێشووی لایەن و دەوڵەتان و بە تایبەت دەوڵەتانی رۆژئاوای تووشی شکست کردووە و سیاسەتی سازان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیران درزی تێکەوتووە! بەجۆرێک کە ئێستا رەنگە حکومەتێک نەمابیت کە هەستی بە لەرزۆکبوونی دەسەڵاتی ئێران نەکردبێت، یان دانی بە لەرزۆکبوونی حکومەتی ئێراندا نەنابێت.

لێرەدایە کە ستراتیژیی (رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی) لە ئێران، کە هەڵقوڵاوی داخوازییەکانی خەڵکی ئیرانە، لە ئاستێکی نوێدا و لەسەرووی تەواوی ستراتیژی و سیاسەتەکاندا دەدرەوشێتەوە.ئەو ستراتیژە راست و دروستەی کە ئێستا هەلومەرجی گونجاوی بۆ رەخساوە لە کۆمەڵگادا و بەتەواوی رێکە لەگەڵ خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێراندا.

کۆتایی بەشی دووەم

 

We have 173 guests and no members online