کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئێران.. سەد رۆژ راپەڕین دژ بە دیکتاتۆر! ... عەبدولڕەحمان گەورکی .. بەشی سێیەم و کۆتایی

Pin It

 

ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و ئاسۆی راپەڕینی خەڵکی ئێران!

، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

ڕەنگە گرنگترین دەستکەوتی راپەڕینی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران لەم رستەیەدا کورت بکرێتەوە کە "خەڵکی ئێران لەم راپەڕینەدا یەکتریان دۆزیوەتەوە". چونکە باوەڕیان وابوو پێکەوە بەهێز و جوانن. خەڵکی جیهان هێز و کاریگەری راپەڕینی گەلیان بینی و بەرزیان نرخاند.

بێگومان خەڵکی ئێران بێ ئاگا نەبوون لەو راستییە مەترسیدارەی کە هەندێک لە ئیدیعاکاران تەنیا بۆ ئەوەی سواری ئەم شەپۆلە بن و بگەنە پارووە چەورەی خۆیان، هاتبوونە سەر شانۆی پشتیوانیکردن لە راپەڕینەکە. خەڵک بە پشتبەستن بەو دەستکەوت و ئەزموونە زۆرانەی کە لە خەبات و تێکۆشانی رابردوویاندا بەدەستیان هێنابوو، دەیانزانی کە ئەم جۆرە ئیدیعاکارانە جگە لە مانەوەی دیکتاتۆریەت و کپ کردنی راپەڕین هیچ ئامانجێکی تریان نییە. لەم پێوەندییەدا کەم نەبوون  ئەو لایەنانەی کە بە مەبەست یان بێ مەبەست، پێشکەوتنی راپەڕینیان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی دیکتاتۆری "خاو" دەکردەوە. بەڵام زۆری نەخایاند لە بەرانبەر ئیرادەی بەهێزی گەل رەنگیان لەدەستدا و کاڵ بوونەوە.

هەرچەند سەرهەڵدانی ئەو جۆرە دیاردە بێ رەگ و راگوزەرانە دەتوانێ خەسڵەت و سروشتی راپەڕین بێت لە هەر جوغرافیایەکدا، بەڵام تێپەڕاندنیان، پێش هەموو شتێک پێشکەوتوویی راپەڕینی خەڵكی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش دەردەخات.

خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ١٠٠ رۆژەی ئەم دواییەدا درکیان بەوە کرد کە "رەمزی سەرکەوتن" بەسەر دیکتاتۆردا "یەکگرتوویی هێزەکان"ی ئۆپۆزیسیۆنە لە دژی دیکتاتۆر. هەر بۆیە کاتێک لە رۆژانی سەرەتای ئەم راپەڕینەدا شەپۆلێک هات و دژایەتیکردنی "حیجاب"ی کرد و بوو بە "مشتومڕی گەرمی رۆژ" و بەشێک لە ئیدیعاکاران دەیانویست بیکەن بە دروشم و داواکاری سەرەکیی خەڵک لەم راپەڕینەدا، خەڵکی ئێران بە وریاییەوە بەرەنگاری لایەنگرانی ئەم شەپۆلەی کرد و سەرنجی هەمووانی بۆ سەر "بنەمای مەسەلەکە" راکێشا کە "حیجابی ئیجباری" بوو. دواتر بە بەرزکردنەوەی دروشمی "بە حیجاب بێت یان بەبێ حیجاب، بۆ پێشەوە بەرەو شۆڕش"، رۆڵی مێژوویی خۆیان بینی و نیشانیان دا کە دابەشبوونی کۆمەڵگا لە نێوان "بێ حیجاب" و "بە حیجاب" (واته پۆشش) دیاردەیەکی لادانە لە راپەڕین و شۆڕش کە راستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ، بە سوودی دەسەڵاتی دیکتاتۆر تەواو دەبێت!، ئەوەی راستی بێت، ئاست و رادەی پێشکەوتن و سەرکەوتنی راپەڕینێکی جەماوەری لەوەدایە کە چەندە توانیویەتی بە وریاییەوە بەرامبەر بە لادانەکان بووەستێت و رێگە نەدات رێڕەوی شۆڕش بە لاڕێدا ببرێت!

هەموومان بینیمان لە راپەڕینی ئەم دواییەدا هەندێک تاک و گروپ هەروەک گیای بەهار لە ناکاو شین بوون! بەڵام لەبەر ئەوەی رەسەن نەبوون، زۆر بە زوویی سیس بوون و وشک بوون! چونکە سەردەمی هەلپەرستی بەسەر چووە و بەرگەی شەپۆلە زەبەلاح و رەسەنەکانی راپەڕین ناگرن. کەم نەبوون ئەوانەی بە پاساوی جیاوازیی ئایین، جیاوازیی نەتەوەیی، جیاوازیی رەگەزی، کێشەی حیجاب، کێشەی ئاڵا، کێشەی ناوچە و چین و توێژ  و ... هتد، لە سەر زەوەیی دەسەلاتی دیکتاتۆر  هەنگاویان دەنا و لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهدا کاریان دەکرڤ. بەڵام خەڵک بە دروشمی "گیانفیدایی بۆ ئێران" بەرامبەر بەو دیاردانە وەستانەوە و بە پێشکەشکردنی ئازیزانیان و قوربانیدانێکی زۆر، داخوازیی سەرەکیی خۆیان چەسپاند. واتا "رووخاندنی دیکتاتۆر".

کەواتە کاتێک چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک لە راپەڕینی ئەم دواییەدا یەکتریان دۆزیەوە، ئەو پوتانسیەلە  مەزنەی ناو کۆمەڵگای ئێران دەرکەوت و بوو بە هاوارێک لە دژی دیکتاتۆر کە "ئێمە هەموومان پێکەوەین، پێکەوەین و نابەزین". لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەدا بوو کە کولتوری کۆمەڵگا رەنگێکی جیاوازی بە خۆیەوە بینی و هەڕەشەکردنەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر، نەک چۆکی بە خەڵک دانەدا، بەڵکو خەڵک لە مەیدانەکەدا بە هێزتر لە هەموو کاتێکیتر مایەوە و کڕنۆشیان بۆ دیکتاتۆر نەبرد. چونکە هەمووان ئامادە بوون گیانی خۆیان بەخت بکەن بۆ یەکتر. باوک بەسەر جەستەی کوڕدا هاواری "شەرەف"ی کرد و کوڕیش پەیمانی نوێ کردەوە بۆ خوێنی باوک. منداڵ وەک نیشانەی "سەرکەوتن" پەنجەکانی لەسەر گۆڕی دایک و باوکی بەرز کردەوە و خەڵک بە دایکی شەهیدانیان وت "دایە مەگری بۆ رۆڵە، شەرت بێ بستینین توڵە".

بەڵێ، هەرچەند هەمووان چاو بە فرمێسک و دڵ پڕ لە خەم بوو، بەڵام بە یەکتریان دەگوت "سەردانەواندن قەدەغەیە!" یان "سوێند بە خوێنی هەڤاڵان، تا کۆتایی دەوەستین" و... بەمجۆر فەرهەنگێکی نوێ لە نێو خەڵکی ئێراندا دروست بووبوو. کولتوری بەرزی "هەمووان بۆ تاک، تاک بۆ هەمووان". ئیتر کەس بیری لای خواست و دروشمی یەک لایەنەی خۆی نەبوو. ئەوەی بە لای هەموانەوە گرینگ بوو "ڕووخاندنی دیکتاتۆر" بوو. فرمێسکەکان بوون بۆ هاواری تۆڵەسەندنەوە و هەمووان بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد "شەهید نامرێ". "ئەگەر یەکێک بکوژرێت هەزار کەس لە جێی دەوەستێت". هەمووان وەک خوشک و برا و هاوڕێی یەکتریان لێهاتبوو. کورد، لوڕ، بەلوچ، ئازەری، تورکمان، عەرەب، سوننە، شیعە، مەسیحی و .. هتد. ئەمە کارێکی مێژوویی و ئازایانە خەڵکی ئێران بوو بەرەو ئایندە و ئێرانی ئازادی دواڕۆژ. هەمووان یەک درووشمیان بەرز دەکردەوە: "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر".

بەمجۆرە، یەکڕیزییەکی مێژوویی لە نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ئێراندا دروست بووبوو. یەکگرتنێک کە دەسەڵات بە تەواوی لێی تۆقابوو. چونکە دیار بوو هەموو پیلان و هەوڵەکانی دەسەڵات، بۆ تێکشکانی ئەم یەکڕیزییە شکستی هێنابوو. ئەمەش هەمان بواری راستەقینە و گەنجینەی بێ بەدیل بوو کە بە هۆی قوربانیدانی خەڵک لە راپەڕیندا دروست بووبوو. واتا هەمان شت کە موقاومەتی ئێران هەر لە کۆنەوە لە پێناویدا خەبات بۆ کردبوو. بەڵام ئێستا زۆرێک لە پیلانەکانی دەسەڵات و هاوکارانی و هاوپەیمانانی و لایەنگرانی رژێم، بەم "یەکڕیزییە نەتەوەیی و مرۆییە" پوچەڵ کرایەوە. هەروەک شتێکی نایاب بوو کە بە سەر  هەموو دروشم و داواکارییەک لە ناوخۆی ئێراندا رەنگی "ڕوخاندنی دیکتاتۆر"ی بەخشی. تەنانەت ئاراستەی بە حکومەتەکان بەخشی کە سیاسەت و ستراتیژییەکانیان لەگەڵیدا هاوتەریب بکەن!

ئەم تابلۆ شکۆمەند و مێژووییە ئەو شتە بوو کە وایکرد (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی هێزی تیرۆریستی قودس و سەرووتر لە قائانی و هاوبیرانی قائانی تووشی شۆک و تووڕەیی کرد، (جا چ لە ژێر خاک بن یان لەسەر خاک) بۆ ئەوەی لە دژی هەڵاتنی خۆرەتاوی ئازادی هەڵبەز و دابەز بکەن! وەک دیمەنێکی سەیر و سەمەرە کە بەر لە هەموو شتێک، ئاماژەیەک بوو بە دوا قۆناغی کۆتایی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی. هەر بۆیە پێویستە بڵێین "بژی بانگدەر و بانگخۆازی ئازادی بۆ دواڕۆژی نیشتمان!

دوا وشە

ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە پێناو  رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی دانامرکێت و تا بەدیهێنانی سەرکەوتن بەردەوام دەبێت. وەک "بەرگریکرنێکی شەرعی و رەوا" بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت، کە جیا لە هەر هەوراز و نشێوێکی تاکتیکی و بە پێی نەریتی ئەبەدیی مێژوو و ئەزموونە بەنرخەکانی خەڵک لە هەر بەشیکی ئەم خاکەدا، سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا شتێکی دیاریکراو و بێ ئەملاو ئەولایە!

ئێستا خەڵکی ئێران لە رووی لۆژیکی و زانستییانەی راپەڕینەکەیاندا لە قۆناغی بەهێزبوون و هێرشکردندان. ئەوان گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە سەردەمی داواکردن لە دیکتاتۆریەت کۆتایی هاتووە و نابێ بە هیچ شتێکی کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆر رازی بن. ئەوان لە "خۆپاراستن لە توندوتیژی" ناترسن کە لەلایەن هەندێک لایەنی ترسنۆکەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت. ئەوان درکیان بەوە کردووە کە تاکە رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆر "ئاگر بەرامبەر ئاگر"ە. شێوازی "هێمنانە" یان "ناتوندوتیژی" بەرانبەر بە دیکتاتۆر لە تڕاویلکە بەدەر  نییە. ستراتیجی دروست ئەوەیە لە دژی هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکتاتۆری بوەستینەوە.

خەڵکی ئێران باشترین "بەرگریکردن"یان لە "هێرشکردنە سەر" دیکتاتۆرییەتدا دۆزیوەتەوە و بڕیاریانداوە تۆڵە بکەنەوە. خەڵکی ئێران باش دەزانن ئیتر بە تەنیا نین و لاواز نین. ئەوان ئەوە باش دەزانن کە شێوازەکانی تری رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت کاتێک کاریگەر دەبێت کە لە ژێر رۆشنایی ئاگربەردان لە گیانی دیکتاتۆردا بێت. خەڵکی ئێران لە "ئازاری هاوبەش"ەوە گەیشتۆتە "چارەسەری هاوبەش". ئەمەش نموونەیەکی باشە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی دیکتاتۆرییەت. ئەگەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران جگە لەم رێگایە هەڵببژێرن، بەلاڕێدا چوون. لەو چوارچێوەدایە کە هەموو شتێک بە خێرایی شوێنی راستەقینەی خۆی دەگرێتەوە! ئەگەر راستییەکاندا لەبەر چاو بگیردرێت، متمانە بە خۆ و بەهێزبوون، جێگەی نیگەرانی و لاوازییەکان دەگرێتەوە!

ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران ئێستا "رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت"ی تێپەڕاندووە و پێی وایە پێشکەوتن و سەرکەوتن و خێرایی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت بەندە بە داننان بە "ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیک"ی ئەم رێژیمەوە.

کۆتایی

 

 

We have 232 guests and no members online