کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئێران .. دیکتاتۆر بەرە کۆتایی! ... نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

Pin It

چاوخشانێک بەسەر مەترسییەکان و تایبەتمەندییەکانی راپەڕین و وریایی!

 

هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونەکانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی دەسەڵاتدار، حکوومەتی ئێران لە بازنەشێوازی دیکتاتۆرەکان و لایەنگرانی، دەیەوێت رێڕەوی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینی خەڵک بە لاڕێدا بەرێت و ڕێگری بکات لەوەی گەل بە ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی بگات.

پێناسەی ڕاستەقینەی ڕاپەڕین لە ئامانج و دروشمی سەرەکی ڕاپەڕیندایە. هەروەها (کلیل)ی سەرکەوتنی ڕاپەڕینیش لە بەدیهێنانی دروشم و خواستی سەرەکیدایە. لە ئێران خەڵک دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە بە تەواوی بڕوخێنن. ئەم داواکارییە هەڵقوڵاو و بەرهەمی هەلومەرجی پڕ لە ئازاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەزهەبیە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا و بە "هەڵکەوت" پێنەگەیشتووە بۆ ئەم دروشم و داخوازییە سەرەکییە.

بۆردی ڕاپەڕین!

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ڕاپەڕینی خەڵک و ئاسۆی رووداوەکان و هەروەها بۆ نیشاندانی تەواوەتی تابلۆی ڕاپەڕین، پرسیار لێرەوە دەست پێدەکات کە دوای ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە چی ڕوودەدات؟ بە واتایەکی تر کێ دەڕوات و کێ دێت؟ وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەم دوو پرسیارە، تۆشە و دینەمۆی سەرخستنی ڕاپەڕینی گەلە بەرەو شۆڕش و دوورکەوتنەوە لە باریکەڕێ و بە لاڕێداچوونی.

دیکتاتۆری ئایینیی دەسەڵاتدار لە ئێران، سامناکترین و ترسناکترین جۆری ڕژێمە دیکتاتۆرەکانە لە مێژووی ئێراندا. هەربۆیە زیانی ماڵی و مرۆیی ئەم حکومەتە لە کۆی هەموو حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ئەم سەرزەمینە زیاترە و تا ڕۆژی ڕووخاندنیشی، دەست لە تاوان و تاڵانکاری هەڵناگرێت.

ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە دیکتاتۆری دەسەڵاتدار پێی ناوەتە دواقۆناغی خۆی و دەنگی تێکشکانی ئێسک و پروسکی دیکتاتۆر لە هەموو شوێنێکی ئێران بەر گوێ کەوتووە. دەبێ چ بکرێت و مەترسییەکان چین و ئاسۆی چییە؟

هەنگاوەکانی دژ بە راپەڕینی گەل!

بە درێژایی مێژوو، کۆنەپەرەستی و ئیستعمار (کۆلۆنیالیزم ) هەمیشە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران بووە. ئەگەر بتوانن، بە میتۆدی سەربازی و مەیدانی ڕاپەڕین سەرکوت و بێدەنگ دەکەن. ئەگەر نەتوانن، پەنا دەبەن بۆ لادان لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ڕاپەڕین و دابەزاندن و کاڵکردنەوەی دروشم و داواکارییەکانی خەڵک. ئەوان توقاون لەوەی "راپەڕین" بگاتە ئاستی"شۆڕش" و "دیکتاتۆر ڕووخان". هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ​​هەوڵ دەدەن بە شێوازی جیاواز ئاڕاستەی ڕاپەڕینی جەماوەر بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر بگۆڕن بەرەو "ئیسڵاحات و چاکسازی و مانەوە"ی ئەم ڕژێمە.

ئەگەرچی راپەڕینی خەڵکی ئیران لە ساڵی ١٣٥٧ (1979) زۆر جیاوازە لە راپەڕینی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران، بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەوەیە کە ناحەزانی خەڵکی ئێران، توانیان لە پیلانێکی گەورەدا "خومەینی" وەک "سەرۆکی شۆڕش" بناسێنن و ئەم لایەنە خوێنڕێژ و کۆنەپەرستە بخەنە سەرە کورسیی دەسەڵات و مەسێری ڕاپەڕینی دژە پاشایەتیی خەڵکی ئێران بە تەواوی بە لاڕێدا بەرن و دیکتاتۆرییەتێکی زۆر خراپتر لە دیکتاتۆری پێشوو لە ئێران بسەپێنن بەسەر خەڵکی ئێراندا. لە هەلومەرجی ئەوسادا، خەڵک بە دروستی هەڵیانبژاردبوو کە دەسەڵاتی پاشایەتییان ناوێت! بەڵام سەرکردە راستەقینەکانی خەڵکی ئێران یان لە لایەن رێژیمی شاوە لە سێدارە درابوون، یان لە ناو زیندان لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون. ئەوەش وایکرد کە رەوتی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم بە قۆستنەوە هەلەکە، "بۆشایی سەرکردایەتی" بە "خومەینی" پڕ بکەنەوە. ئەنجام، ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات، رووی دا!

پێویستیی درێژەدان بە ڕاپەڕین!

شوبهاندنی ئەم راپەڕینەی ئێستای خەڵكی ئێران بە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٣٥٧ (1979) هەڵەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. چونکە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێستاکە، جیاوازە لە دیکتاتۆرییەتی وابەستەی پاشایەتی لەو سەردەمەدا. خەڵکی ئێرانیش خەڵکی ئەو سەردەمە نین. بە وتەی بەڕێز مەسعوود رەجەوی، تەنیا خودای ئەم دوو هەل و مەرجە دەکرێت "یەک" بێت. بەو دەرهاویشتەیە کە کۆتایی هه‌موو دیکتاتۆریه‌تییه‌ک، کەوتنی حه‌تمییه‌ له‌ سەر ده‌ستی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕینکار له‌ ئێراندا.

هەموومان دەزانین کە ڕاپەڕینی ئێستای خەڵکی ئێڕان، ڕاپەڕینێکی خۆڕسک و بێ رێبەڕی نییە کە بێ ئەزموون و بێ ڕێکخستن و بێ ئامانج بێت. بە لای خەڵکی ئێرانەوە ئەوە بە ئەزموون کراوە کە ئەم دەسەڵاتە، هەڵقوڵاوی ناو خەڵک و لە بەرژەندیی خەڵکدا نیە. هەر بۆیە دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێت. ڕەنگە جیاوازی بەرچاوی نێوان ڕاپەڕینی ئێستاکە و ڕاپەڕینی خەڵک لە ساڵی ١٣٥٧ (1979)، بەم شێوەیە فۆرمولە بکرێت کە: "ئێستا خەڵکی ئێران دەزانن بۆچی شۆڕشیان کردووە و دەیانەوێت بە چی جێگەی پڕ بکەنەوە". خەڵکی ئێران زۆر بە جیدی بەدوای حکومەتێکی کۆماری و دیموکراتی و جەماوەری و نیشتمانیدا دەگەڕێن و تێگەیشتنیکی ڕێژەیییان هەیە بەرامبەر بەوەی "چی دەبێ بڕوات" و "چی دەبێ بێت". چونكه‌ ئه‌م راپه‌ڕینه‌ خاوەن رەگ و ریشه‌یەکی دێرینە لە به‌رخودان و خۆڕاگری به‌رامبه‌ر بە دیكتاتۆری ئایینی لە ماوەی (43) ساڵی رابردوودا و به‌ هەڵکەوت و خۆڕسک رووی نه‌داوه‌، کە شه‌هیدبوونی كچێكی كورد بە ناوەی مەهسا ئەمینی (ژینا) راپه‌ڕینه‌كانی پێشووی گه‌یانده‌ لوتكه‌ و رژێمی دیکتاتۆریی ئێرانی وەلەرزە خستووە!

بۆیە یەکەم وانەی ڕاپەڕینی ئێستا لەوەدایە کە دەبێ بەوپەڕی چڕی ڕاپەڕین درێژەی پێبدرێت بۆ بەدیهێنانی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە و بە هیچ شتێکی کەمتر ڕازی نەبین!

وریابوونێکی پێویست!

 ڕۆژانی لوتکەی ڕاپەڕینی جەماوەری تایبەتمەندی خۆی هەیە. بەرەوپێشچوونی راست و دروستی ڕاپەڕین و پاراستنی، پێویستی بە وریایی و جووڵەی رێک و پێک هەیە بە پێوەرێکی دیار و روون. ئاساییە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و لایەنگرانی بێدەنگ دانانیشن و لە پێناو مانەوەی ڕژێمەکەیان پەنا بۆ هەر تاوانێک دەبەن. ئەوان هەوڵ دەدەن بە چالاککردنی ناکۆکییە لاوەکییەکان یان دروشمی دابەشکەر و دووبەرەکینانەوە(!)، ڕاپەڕینی گەل لە ئامانج و دروشمی سەرەکی لابدەن و بەم شێوەیەش ڕاپەڕینی جەماوەری نەزۆک بکەن. هەربۆیە لەو ڕۆژانەدا زۆر شت دەبینرێن و دەبیسترێن کە پێشتر نەبینراون و نەبیستراون. کەاویە نابێ ڕێگە بدرێت داواکارییەکانی پێشووی خەڵک، جێگەی دروشمی سەرەکی ڕاپەڕین، واتا(ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە) بگرنەوە!

بەڕێز مەسعود ڕەجەوی لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ (1979)دا وتی "ئێمە نەهاتوین بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە ڕاپەڕینەکەدا پشتڕاست بکەینەوە". ئەمە ئەزموونێکی پراکتیکی نایابە بۆ پێداگری لەسەر پرەنسیپەکان و بە دروستی پێشخستنی ڕاپەڕینی جەماوەری بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە شۆڕش و ڕووخاندنی دەسەڵات. هەروەک چۆن موجاهێدینی خەلق نەک هەرگیز دەستوور و پلان و سیاسەتی خومەینی و ڕژێمەکەیان پەسەند نەکرد، بەڵکو لە بەرانبەریدا وەستان و باجێکی گەورەیان دا. موجاهیدین هەر لەو ڕۆژەوە کە خومەینی توندوتیژی و توڕەیی بەرانبەر بە خەڵک نیشان دا، لەدژی خومەینی و سیاسەت و بەرنامە و ڕژێمەکەی وەستان و بەرەنگاری بوونەوە و بوونە ئاڵاهەڵگری ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە!

دروشمی سەرەکیی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران!

پاراستنی ڕاپەڕینی جەماوەری و دەستکەوتەکانی و رزگارکردنی سەرکەوتوانەی لە بۆسەگەلی گەورەی دیکتاتۆر، تەنها کاتێک مەیسەر دەبێت کە پێداگری لەسەر پرەنسیبی بنەڕەتی "ڕوخاندنی ڕژێم" و "پرەنسیبەکانی خەبات و تێکۆشان" بکرێت و وەک هێڵی سوور دابنرێن و بە کەمتر لە ڕووخاندنی دیکتاتۆر ڕازی نەبین.

ئەزموونەکان دەریانخستووە کە دروشمگەلی وەک "حیجابی ئیجباری" و "ئازادی زیندانیانی سیاسی" و "ژن، ژیان، ئازادی" ... هتد، هەرچەندە پێشکەوتنخوازن و پێویستە پشتیوانیان لێبکرێت، بەڵام ئەوانە ئەو داواکاریانەن کە ئەگەر جێگەی دروشمی "ڕووخاندنی دەسەڵات" بگرنەوە، ئەوە یەکەم سوودمەند تیایدا، دیکتاتۆری دەسەڵاتدارە.

*******

We have 193 guests and no members online