سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بەندە بە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
ئاوڕدانەوەیەک لە رۆڵی مێژوویی کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە راپەڕینی خەڵکی ئێران!
نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر دەسپێکی راپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران تێدەپەڕێت و تا ئێستاش راپەڕین بەردەوامە. رەهەند و قوڵایی و پانتایی و بەردەوامبوونی راپەڕینو ئەو پرسیارەی لە مێشکی هەمووانیش درووست کردووە کە دوای رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا چ جۆرە سیستەمێک حوکمڕانی ئەم وڵاتە دەکات! پرسیارێک کە هەموو بەربەستەکانی بەزاندووە و خۆی بە ناوماڵ و مێشکی هەموواندا کردووە و وروژێنەری ئاسۆی ئەم پرسەیە لەم ناوچەیە لە جیهاندا! چونکە لەگەڵ هەموو رووداوێکی مێژوویی گرنگدا، مێژوو (شەق) دەبێت!! وەستان لە تەنیشت واقیعی مێژوودا یان وەستان لە بەرانبەریدا! مێژوو پڕە لەو دابەشبوونانە. ئەوەی دەمێنێتەوە، وەستانە لە تەنیشت واقیعی مێژوودا. زۆرێک لە مێژوودا دەمێننەوە و زۆریکیش "بەرگە" ناگرن و دەتوێنەوە!
مێژوو هەڵگری ئەو راستییەیە کە "کورت بین"،"کورت ژین"یشە. واتا تەمەن کورتە. بە پشت بەستن بەم راستییە، با جارێکیتر سەیری راپەڕینی خەڵکی ئێران بکەین بۆ ئەوەی بزانین تاک و لایەن و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدان؟ لە ناو دڵی ئەم راستیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە مێژوو راستییەکیتیشی لە هەناودایە: "گەل بەسەر دیکتاتۆردا سەردەکەوێت". قورسایی و کاریگەریی تاک و لایەنەکان لە وەڵامی ئەم دوو رێیانەدا، کورتکردنەوە یان درێژکردنەوەی "کات"ە و بەس!
خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن بە "ئازادی، سەربەخۆیی و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، جەماوەری و دێموکراتیک" رێگایەکی دوورودرێژیان بڕیوە و تێچووی زۆریان داوە و مافی خۆیانە نەهێڵن دۆخەکە بگەڕێتەوە بەرەدواوە. ئەوان لە سەد ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی دیکتاتۆریی "پەهلەوی" و "خومەینی"یان بە ئەزموون کردووە و ئێستا هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریتر قبووڵ ناکەن!
ئەم راستییە لە راپەڕینەکەی ئەم دواییەی خەڵکی ئێراندا بە روونی دەبینرێت. دیمەنی ئێستای راپەڕینی خەڵکی ئێران، لە چەند مانگی پێش رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینیدا، زۆر سەرنجڕاکێش بووە، دووریش نییە چاومان بە دیمەنی سەرنجڕاکێشتریتر بکەوێت! ئێستا دەسەڵاتی دیکتاتۆری و پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشووی ئێران بە شپرزەیی لە هەوڵی ئەوەدان رێگە نەدەن راپەڕینی خەڵکی ئێران بەرەو "شۆڕش" و "گۆڕانکاریی گەورەی کۆمەڵایەتی" هەنگاو بنێت و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێراندا سەربکەوێت و دابمەرزێت. بەڵام ئایا ئەوان دەتوانن؟
دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران و پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشوو لە وەها شۆڕشێک بە تەواوی تۆقاون و بە شێوازی جۆرواجۆر هەوڵ دەدەن خەڵکی ئێران ناچار بکەن لە نێوان دوو بژاردەی دیکتاتۆرییەتدا یەکێکێان هەڵبژێرن؟ یەکێکیان بە ئاڵای بەناو "نەتەوەیی" و ئەوی دیکەیان بە ئاڵای بەناو "ئایینی"ەوە. لە کاتێکدا هەردوو جۆری دیکتاتۆریەت بە قووڵی "دژە مرۆیی"ن. پرسیاری دواتر ئەوەیە، دەوڵەتانی جیهان بە تایبەت لە وڵاتانی دراوسێی ئێران و بە تایبەتیتریش وڵاتانی عەرەبی، لە ریزی کام بەرە دا دەوەستن؟ بەرەی دیکتاتۆرییەت یان بەرەی گەل؟!
خەڵکی ئێران بە گشتی چاوەڕوانیی زیاتریان هەیە لە دەوڵەتان بۆ بەرزکردنەوەی سەرکۆنەکردنی زارەکیی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران بەرەو هەنگاوی کردەیی لە پێناو پشتیوانیکردن راپەڕینی خەڵکی ئێران و بەرخۆداندا هەتا هەنگاوەکانیان شەفافتر و کاراتر بکەن.
خەڵکی ئێران بە ئەزموون لەوە گەیشتووە کە "ڕیفۆرمخوازی" لەناو سیستەم و "داتاشینی ئەڵتەرناتیڤ" لە دەرەوەی سیستەم "دوو دیوی دراوێکن بۆ فریودان"، لە پێناو هێشتنەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و، پڕۆژەی وەک "ڕیفۆرمخوازی لەناو سیستەمدا". " یان "هێنانە باس و بەرجستەکردنی پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا وەک ئەڵتەرناتیڤ (!) بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، هەنگاونانە لە سەر هێڵێ "هێشتنەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران"دا و زۆر هەڵەیە! ئەم هەوڵ و هێڵە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە رەت کراوەتەوە و رێگەی بەسەردا داخراوە. دروشمەکانی ئێستای خەڵکی ئێران لە سەر شەقامەکانی راپەڕین بەڵگەی ئەم راستییەن کە راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت بەردەوامە و دەرەنجام و ئاکامی هەموو ئەم پلان و پڕۆژانە، شکستهێنانە و دامەزرێنەر و بانگخوازان و لایەنگرانی ئەم پیلانانە، کە لە ریزی "تاڵ"ی مێژوودا وەستاون، زۆر بە زوویی تامی تاڵی شکست دەچێژن! چونکە جەوهەری هەر سیستەمێکی دیکتاتۆری، بریتیە لە سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵک و زەوتکردنی مافە سروشتییەکانیان.
بە چاوخشانێک بەسەر مێژووی ئێران و جیهاندا، دەبینین دیکتاتۆرەکان لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا (سەرەڕای رووخسار و دروشمەکانیان کە بەڕواڵەت جیاواز و دژبەیەکن) تەنها رووخساریان دەگۆڕن و هەوڵ دەدەن بۆ یارمەتیدانی یەکتر. هەروەک چۆن لە ساڵی 1357 (1979) "دیکتاتۆرییەتی شا" جێگەی خۆی دا بە دیکتاتۆرییەتی "ویلایەتی فەقیهی". ئێستاش لە دوایین رۆژانی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی ویلایەتی فەقیهیدا، دەبینین شەپۆلێکی پیلانگێڕییان بەڕێخستووە دژ بە راپەڕینی خەڵکی ئێران، کە ئەگەر موقاومەتێکی رەوا و جەماوەری لە گۆڕەپانەکەدا نەبوایە، راپەڕینی خەڵکی ئێران، نەک هەر لە درێژەدان و بەردەوامی دەخرا، بەڵکو بە لارێدا دەبرا و جارێکیتر سەرکردایەتیی ئەم شۆڕشە لە لایەن هەلپەرستان و لایەنانی سەر بە دیکتاتۆرییەتەوە بە تاڵان دەچوو. بە تایبەت کە کۆمەڵێک میدیای کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم بەکارهێنراون بۆ بە لاڕێدابردنی رێبازی راستەقینەی راپەڕینی گەل لە ئێراندا!
کەوایە ئێستا خەڵکی ئێران لە بەرامبەر بارودۆخی ئێستادا پێویستیان بە پشتیوانیکردن هەیە و بەردی بناغەی راپەڕینەکەیان، ئەو (بەرخۆدان)ەیە کە لە مەیدانی کرداردا دروست بووه و نەک هەر رێگای بەسەر پیلانگێڕی و هەلپەرستییەکاندا داخستووە، بەڵکوو بە تێپەڕبوون بە ناو ئاگردانی تاقیکردنەوە گەورە مێژوویەکاندا، داهاتوویەکی روونیان مسۆگەر کردووە بۆ خەڵکی ئێران.
لە کەس شاراوە نیە کە بەرژەوەندی گەل و کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەستراوەتەوە بە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و فاشیزمی مەزهەبیی لە ئێراندا. بەڵام ئەم بەرژەوەندییە کاتێک پارێزراو دەبێت و دەرهاویشتەکەی، ئارامی و سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە دەبێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراندا. گرەوکردن لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو هەڵەیە و کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەت وڵاتانی ناوچەکە، زیات لە جاران دەخاتە ژێر هێڵی مەترسییەوە! خەڵکی ئێران بڕیاری خۆی داوە لە پێناو رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیان و بە کەمتر لە رووخاندنی رازی نابن. بژاردەی پەسەندکراوی ئەوان "نا بۆ دیکتاتۆریی شا و نا بۆ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی"ە.
کەوایە ئەرکی وڵاتان و دەوڵەتان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکەیە کە لە ریزی راست و درووستی مێژوودا، واتا لە تەنیشت خەڵکی و موقاومەتی ئێراندا بوەستن و کات لەدەست نەدەن. چونکە هەر کەمتەرخەمییەک لەم بابەتەدا، لانیکەم بۆ سەردەمێک، چارەنووسی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە! ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە بێدەنگی و بێکردەیی بەرامبەر بەو شتانەی لە ئێراندا دەگوزەرێن، بە سوودی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بووە کە سەرچاوەی تیرۆر و ناسەقامگیرییە لە جیهاندا و فاکتەری سەرەکی هەناردەکردنی بناژۆخوازی و دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتاندا، و لە ئەنجامدا هۆکار سەرەکییە لە ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکەدا.
هەر لەم پێوەندییەدا، وەک خانمی مریەم رەجەوی لەم دواییانەدا رایگەیاند، چاوەڕوانی لە کۆمەڵگەی جیهانی و بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی ئەوەیە کە "سوپای پاسداران وەک تیرۆریست دەستنیشان بکرێت" و "هەر پێوەندییەکی سیاسی، سەربازی، هەواڵگری و ئابووری لەگەڵ ئەم رژێمە قەدەغە بکرێت". هەروەها "دەرکردنی رژێمی ئاخوندی لە کۆنفرانسی هاوکاری ئیسلامی" و "پچڕانی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ ئەم رێژیمەدا پێویستن". هاوتەریب لەگەڵ ئەم دوو هەنگاوە گرنگە، هەنگاوێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە "بەفەرمی ناسینی شۆڕشی خەڵكی ئێران بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی" و دانپێدانان لەسەر "رەوایەت و شەرعییەتی خەباتی لاوانی شۆڕشگێڕ دژ بە سوپای پاسداران و مافی بەرگریکردن لە خۆیان".
کۆتایی