لە چوارچێوەی كردنەوەی خول و سیمینارە بەردەوامەكان بۆ گەنجان و لاوان و خوێندکاران، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەشداریكرد لە سیمینارێكی ژمێریاری و باسی لەوەکرد، دەبێت حکومەت گوێ لە داخوازیەکانی خەڵک بگرێت نەك بێباک بێت لە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە هەرێمەکەمان دەگوزەرێ سەرەتایەکە بۆ داهاتویەکی خراپترو ناکرێت بژێوی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بکرێتە قوربانی ململانێ سیاسیەکان.
ھێمایی بۆ ئەوەشكرد، داھاتی كوردستان ناشەفافەو پێویستە حكومەت زیاتر كار لەسەر شەفافی داھاتی خاڵە سنورییەكان و نەوت و غاز بكات، بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت و هەوڵ بدرێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری بانکییەوە مانگانە موچەکانیان پێبدرێت، كە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوەی بازاڕ.
ھاوكات، لەسەر پرسی سێكتەرەكانی تەندروستی و نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکیەکان و خەرج نەكردنی شایستە داراییەكانیان وتیشی، ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی خەڵك بووەتەوە پێویستە حكومەت بە جدی هەوڵی چارەسەركردنیان بدات.
جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، کەرتی تایبەت پێویستیەكی گرنگە لە پرۆسەی گەشەپێکردنی ئابووری نیشتمانی، بۆیە پێویستە حکومەت گرنگیەکی زۆر بە کەرتی تایبەت بدات بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بەپێدانی قەرزی بچوک بە مەبەستی ڕەخساندی هەلی کاری زیاتر .